د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز
نووسەر
یاسای بودجەى 2027 ئامرازیک بۆ کۆکبوون یان لێکترازان
لەساڵى 2014ز ەوە کە بەشێوازێکى ناگونجاو بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە لایەن حکوومەتى فیدڕاڵى عێراقەوە بڕدرا، ئیتر بابەتى بودجە بووە وێردى سەر زمانى یار و نەیار لە هەرێمى کوردستان و عێراقدا بەهۆى ئەو کاریگەیە یاساییەى هەیەتى لەسەر بارى ئابورى هاوڵاتیانى هەرێم بەگشتى، ئەم بابەتە قۆناغى دوور و درێژى بڕى، ئێستاش کە بەرەو سەرەتاکانى ساڵى ٢٠٢٧ز دەرۆین، هەموو خەڵکى کوردستان چاوى لەسەر ناوەرۆک پاشان دەرئەنجامەکانى یاساى بودجەى ساڵى 2027ز ى فیدراڵیە کە چ پشکێکى رەوا و دەستوورى بۆ هەرێم لەخۆدەگرێت.
وێراى ئەوەى لە لێدوان و بڵاوکراوەکانى لێژنەکانى دانوستاندنى حکوومەتى هەرێم و ئەندامە کوردستانیەکان لە پەرلەمانى عێراق ئەوە هەڵدەهێنجرێت کە دیسانەوە وەزارەتەکانى دارایى و پلاندانان و دەزگا جۆراجۆرەکانى تر و ... هتد لەحکوومەتى فیدرڵى لە مسۆدەى یاساکەدا بە تایبەتیش لە ماددەى (10) کە پەیوەندارە بە پشکى هەرێمى کوردستان، ژمارەیەک لە بڕگە و ماددە و پێداویستى هەرێمان لاداوە و گوێیان بە داواکاریە رەواکان نەداوە، هەر لە دانەنانى ڕێژەى 14.14% و سووربوون لەسەر رێژە کۆنەکەى دانیشتوانى هەرێم بە 12.67% و تاکوو مافى پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى کوردستان کە 12 ساڵە وەستاوە، هەروەها مافى مووچەى خانەنشینان هەر لە راوەڕاودایە کە ئەوان هەموو تەمەنى گەنجیان لە خزمەتى حکوومەتدا بردەسەر (بەڵام لەناکاو و ماوەیەکى کورتدا 3 موالید بەر لافاوى خانەنشینى چاوەڕوان نەکراو خران بەهۆى بە زۆر سەپاندنى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى حکوومەتى فیدڕاڵى عێراق بەسەر فەرمانبەرانى هەرێم)، جگە لەوانەش بەشى بودجە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانى رێگاوبان و ئاوى خواردنەوە و قوتابخانە و تەندروستى .....هتد بۆ خەڵکى قوربانیدەرى کوردستان هیچ دانەنراوە، ئەو پرۆژانەش زۆر پێویستن تاکوو گوڵى گەشاوەى هەرێم نەژاکێت.
گەرچى ئێستا هەولێکى زۆر هەیە لە لایەن سەرکردایەتى سیاسى کوردستانەوە بە حکوومەت و لایەنى سیاسى و پەرلەمانتارانى کوردستانى لە پەرلەمانى عێراق، تاکوو ئەنجومەنى وەزیرانى فیدڕال چاوێک بەو داواکاریە رەوایانەدا بخشێنێتەوە هەر هیچ نەبێت بەشێکى چارەسەر بکات. ئەوەش دەگووترێت کە بەڕێز زەیدى دیدێکى کراوەى بۆ داواکاریەکان پشان داوە کە مایەى خۆشحاڵیە، لانى کەم بابەتى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کە سادەترین مافى دەستوریانە لە ململانێ دووربخرێتەوە لە بڕگەى خەرجکردنى راستەقینە (الانفاق الفعلى) دەربهێنریت بۆ بڕگەى (الحاکمة) تاکوو بە دووربێت کە جاڵجاڵۆکەى مەرجە قورس و ئاڵۆزەکانى وەزارەتى دارایی حکوومەتى فیدڕاڵى عێراق.
ئەوەى ئێستا گرنگە بگووترێت ئەوەیە کە وەک خەڵکى کوردستان رووى دەممان بکەینە بڕیاردەرانى بەرێزى سیاسەتى عێراق بە چوارچێوەى هەماهەنگى و ئەوانى تریش کە پێویستە تێڕوانینیان بۆ هەرێمى کوردستان لە سۆنگەى ئەوە بێت کە ئەمە مەسەلەى کوردستانیە و تەنها کۆمەلێک خەڵک نین ناچار بکرێن بە ناوەندێتى سیاسى، لە کاتێکدا لەناوچەکە و دونیاش ئەو ناوەندێتیە قوڵە کاتى نەماوە و بەسەر چووە، گرنگە ئەوە بزانن کە مەسەلەى کورستان لەناو عێراق لە قۆناخێکى پێشکەوتووى سیاسیدایە گوناحە بگەرێتەوە دواوەوە کە بەزیان دەشکێتەوە بۆ هەرێم و بۆ عێراق بەگشتى، دەبێت هەردەم ئەوە لەبیربێت، کە کوردستان ڕێیەکى دوورى پڕ لە شۆرش و خەباتى بڕیوە و بە بەخشینى سەدان هەزار شەهید گەیشتۆتە ئەم قۆناغە و هەرگیز سەر دانانەوێنێت، بۆیە باشترە ئەم سیستەمى برایەتى و دیموکراتیە بپارێزین و گەشەى پێ بدەین، ئێستاش نزیکترین دەرفەت کە لەبەردەستە یاسایى بودجەى ساڵى 2027ز ە کە دەکرێت ئامرازێک بێت بۆ لێک تێگەیشتن و کۆک و تەبایى نەک لێکترازان و دڵڕەنجان و دورکەوتنەوە لە نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عێراق.