شههریار شێخلهر
نووسەر
کۆتایی هاتنی چەمکی ئێستای ئاسایشی وزە وەک ئەوەی ئێمە دەیناسین
ساڵانێکە داڕێژەرانی سیاسەتی وزەی جیهان بازاڕەکانیان دڵنیا دەکەنەوە کە بنەماکانی ئاسایشی وزەی جیهانی بەهێزتر بووە. رێگاکانی کەشتیوانی هەمەچەشن بوون. یەدەگی ستراتیژی فراوانتر کراوە. پشکی وزە نوێبووەوەکان لە دابینکردنی سەرچاوەکانی وزەی جیهان بەردەوامە لە بەرزر بوونەوە. هەروەها لە ساڵانی پاش 2019، بەرهەمهێنەرانی گەورە لە نزیکەوە هاوکاری و هەماهەنگیان کردوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە شۆکە جیۆپۆلیتیکیەکان بپارێزن. بە بۆچوونی زۆربەی شرۆڤەکاران سیستەمەکە پێگەیشتوە و تەواو گونجاوە بۆ هەموو بارودۆخە نەخوازراوەکان.
بەڵام هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەو متمانەیەی تا ناوەڕۆکی خۆی هەژاندووە.
کاتێک گرژییەکان لە دەوروبەری گەرووی هورمز پەرەیان سەند، لاوازی سیستەمی وزەی جیهانی بە روونییەکی سەرسوڕهێنەرەوە ئاشکرا بوو. ئێران لە مێژە هەڕەشەی تێکدانی هاتوچۆ دەکات لە رێگەی ئەم رێڕەو دەریاییە تەسکەوە - تەنانەت مەترسییە باوەڕپێکراوەکانی داخستنی بەس بوو بۆ ئەوەی ترس بخاتەناو بازاڕەکان لە سەرانسەری جیهاندا. گەرووەکە رێڕەوی گواستنەوەی نزیکەی چارەکێکی بازرگانی نەوتی خاوی گواستراوە لەرێگای دەریاوەیە، لەگەڵ قەبارەیەکی زۆر لە گازی سروشتی شل و بەرهەمە نەوتییەکان. هەر پچڕانێکی بەردەوام پرسێکی ناوچەیی نییە؛ کێشەیەکی سیستماتیکە بۆ هەمووی جیهان.
وەستانی کاتی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتیەکان لەهورمزەوە یادەوەرییەکانی گەمارۆی نەوتی ساڵی 1973ـی زیندوو کردەوە، کاتێک بەرهەمهێنەرانی عەرەبی دابینکردنیان بۆ ئابوورییەکانی رۆژئاوا بڕییەوە. بەڵام نەخشەی وزەی ئەمڕۆ زۆر زیاتر بەیەکەوە گرێدراوە. ئەمجارەیان، شەپۆلە شۆکەکان زۆر لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور درێژبوونەوە و گەیشتنە قووڵایی ئاسیای رۆژهەڵات - لەنێویاندا چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور - کە ئابوورییە پیشەسازییەکانیان زۆر پشت بە نەوتی هاوردەکراو لە کەنداو دەبەستێت.
بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا، نزیکەی لەسەدا 26ـی بازرگانیی جیهانی نەوتی خاو لە دەریاوە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت - نزیکەی 14 ملیۆن بەرمیل لە یۆژێکدا نەوتی خاو، لەگەڵ نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیل بەرهەمە نەوتییەکان لە رۆژێکدا. هەروەها گەرووەکە ڕێڕەوێکی گرنگە بۆ گازی سروشتی شل (LNG)، کە زیاتر لە 11 ملیار پێ سێجا لە رۆژێکدا کە دەکاتە نزیکەی 20%ـی کۆی گازی سروشتی شلی جیهان لەو گەروەوە تێدەپەڕێت. راگیرانی گواستنەوە لەو رێوەرە بە شێوازێکی درێژخایەن لە یەک کاتدا هەردوو بازاڕی نەوت و گاز دەهەژێنێت - ئەمەش پێکهاتەیەکی مەترسیدارە لە ئابوورییەکی جیهانیدا کە لە ئێستاوە تووشی کێشە بوەتەوە.
بازاڕەکان کاردانەوەی خێرایان هەبوو. راپۆرتەکانی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانی نەوت لە کەنداودا - لەنێویاندا دامەزراوەکانی نزیک لە ڕاس تەنورا لە سعودیە - نرخی نەوتیان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دوای کرانەوەی بازاڕەکان لە ڕۆژی دووشەممە (دووی ئاداری 2026) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە. هەروەها نرخی LNGیش بەرزبووەوە. تەنانەت وەستانی کاتی بەرهەمهێنانی LNGـی قەتەر، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پەرەسەندنی سەربازی لە ملمانێ ناوچەییەکان تا چەندە خێرا دەتوانێت ببێتە هۆکاری فشاری ئابووری جیهانی.
لێدوانی سیاسییەکانی هەردوولای ئەو ملمانەیە ئەوە دەردەخەن کە رەنگە قەیرانەکە کورتمەودا نەبێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر پێویست بکات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەتوانن بۆ چەند هەفتەیەک درێژببنەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئێران لەنێویاندا عەلی لاریجانی، بە ئاشکرا جەنگەکەیان وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لە چوارچێوەیەکدا داناوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لە درێژخایەندا بەرگەی بگرێت. لە کەشێکی لەو جۆرەدا، مەترسی ئەوە هەیە شۆکی کورتهێنانی دابینکردن ببێتە پێکهاتەیی و درێژخایەن نەک کاتی.
بەڵام لە دەرەوەی ئەو ناجێگیرییە دەستبەجێییە، ڕاستییەکی قووڵتر هەیە: چوارچێوەی ئاسایشی وزەی جیهانی لە یەک خاڵی خنکاندنی جوگرافیدا زۆر چڕ بووەتەوە.
تەنانەت ئەگەر ململانێکان کەم بێتەوە - جا لە ڕێگەی گۆڕینی رژێم لە تاران بێت یان سەقامگیری دیپلۆماسی - لاوازی پێکهاتەیی لە سیستەمی داڕشتراوی ئێستا بۆ دابینبکردنی ئاسایشی وزەی جیهان هەر دەمێنێتەوە. جیهان هێشتا زۆر پشت بە کۆریدۆرە تەسکەکانی ترانزێت و ژێرخانی بەردەم هەڕەشەی سیاسی دەبەستێت. هەرچەند پێشکەوتن لە هەمەچەشنکردنی دابینکەران کراوە، بەڵام هەمەچەشنکردنی ڕێگاکانی ترانزێت و ئاسایشی فیزیکی بەدواکەوتوویی ماوەتەوە.
نەزمێکی نوێی وزەی جیهان پێویستی بە چاکسازی و گۆڕانکاری گشتگیر هەیە نەک تەنیا چاکسازی لە بەڕێوەبردنی قەیرانە کورتخایەنەکان. بەشێک لە پێویستیە سەرەکیەکانی ئەو چاکسازیە بریتین لە:
- فراوانکردنی رێڕەوی ترانزێت لە کەنداوەوە بۆ ئەوروپا لە رێگەی تۆڕەکانی بۆرییەوە لە رێگەی عێراق، تورکیە، ئوردن، سووریا، میسر و سوودوەرگرتن لە بەندەرەکانی دەریای ناوەڕاستەوە.
- سوودوەرگرتنی زیاتر لە رێگاکانی هەناردەکردنی جێگرەوە بۆ ئاسیا، لەوانەش بۆری ژێر دەریایی یان پەیوەندی وشکانی لە رێگەی پاکستان و هیندستانەوە.
- خێراکردنی یەکخستنی وزەی نوێبووەوە و تۆڕەکانی ناوچەیی، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە رێڕەوە دەریاییە تەسکەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی بەردینی.
- بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژێرخانی وزە، مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی نەوت و گاز وەک سەرمایەی بێلایەن کە لە پەرەسەندنی سەربازیەکان دابڕاو و پارێزراوە.
ئەم جۆرە گۆڕانکاریانە سادە نین و پێویستیان بە هەماهەنگی نێوان بلۆکە رکابەرەکان و وەبەرهێنانی بەردەوام و سەقامگیری سیاسی ناوچەیی دەبێت.
لە کۆتاییدا، ئاسایشی وزەی بەردەوام تەنیا لە رێگەی رێگری سەربازییەوە ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت. لەسەر کەمکردنەوەی هاندان و تواناکان بۆ پەککەوتن وەستاوە. ئەمەش بە واتای بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سنووردارکردنی هەڕەشە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان و دابەزاندنی گرژییە تائیفی و نەتەوەییەکان کە دەیان ساڵە ناسەقامگیرییان پەرەپێداوە.
لە کۆتاییدا، سەقامگیری ئاسایشی وزە تەنیا لە ڕێگەی ڕێگری سەربازییەوە ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت. لەسەر کەمکردنەوەی هاندان و توانای یاریزانەکان بۆ پەکخستنی بەردەوامی دابینکردن وەستاوە. ئەمەش بە واتای بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سنووردارکردنی هەڕەشە چەکدارییە نادەوڵەتییەکان و دابەزاندنی گرژییە تائیفی و نەتەوەییەکانە کە دەیان ساڵە پەرەیان بە ناسەقامگیرییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە.
وڵاتانی وەک عێراق، بەتایبەت هەرێمی کوردستان، سووریا، ئوردن و تورکیە - لەگەڵ ئێرانێکی نوێی دوای ئەو ململانێیە - دەتوانن ڕۆڵی سەقامگیرکەری سەرەکی بگێڕن ئەگەر لە چوارچێوەیەکی هاوبەشی فراوانتردا بۆ دابینکردن و گواستنەوەی وزە یەکبخرێن کە لەلایەن هەردوو زلهێزی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتەوە پشتیوانی بکرێت.
وەک وانەیەک لەو قەیرانە توند و تیژە، ئەوەمان پێدەڵێت کە فەلسەفەی جیهانگیری وایکرد بازاڕەکانی وزە بەیەکەوە ببەستنەوە، بەڵام خۆڕاگری نەکرد. جیهان سیستەمێکی دروستکرد کە بۆ کارایی و سەقامگیری نرخەکان داڕشتراوە، نەک بۆ لێکترازانە جیۆپۆلەتیکیەکان.
ئێستا لە رووبەرووبوونەوەی ململانێی نوێ لە کەنداو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی هەڵبژاردنێک دەبێتەوە کە دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت و بەردەوام بێت لە چاکسازی لە خالە لاوازەکانی سیستەمی ئێستا — یان دەتوانێت ئەرکی زۆر قورستر لە ئەستۆ بگرێت کە بریتییە لە دیزاینکردنەوەی ئاسایشی وزەی جیهانی بۆ سەردەمێک کە بە رکابەری، پارچەپارچەبوون و گواستنەوەی کەشوهەوا پێناسە کراوە.
واتا ئیتر یاسا کۆنەکان بەس نین.