حکوومەتی پێشکەوتنخواز لە هەرێمی کوردستان

حکوومەتی پێشکەوتنخواز لە هەرێمی کوردستان
حکوومەتی پێشکەوتنخواز لە هەرێمی کوردستان

حکوومەتی پێشکەوتنخواز (یان گەشەپێدەر) جۆرێکە لە حوکمڕانی کە ئامانجی سەرەکی گەشەسەندنی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و مۆدێرنیزاسیۆنی خێرایە لە ئاستی نیشتمان. 

 

چەمکی حکوومەتی پێشکەوتنخواز (Developmental Government): 

چەمکی "حکوومەتی پێشکەوتنخواز" یان "حکومەتی گەشەپێدەر" لەلایان چالمێرز جۆنسۆن (Chalmers Johnson)، زانایەکی سیاسی ئەمریکی، پەرەی پێدراوە و ئەو یەکێک بووە لەو کەسانەی حەولی زۆریداوە بۆ پێناسەکردن و گەشەپێدان بەو چەمکە. چالمێرز لە کتێبە کاریگەرەکەیدا بەناوی میتی و موعجیزە ژاپۆنییەکە (MITI and the Japanese Miracle کە ساڵی 1982 بڵاوی کردەوە) ئەو چەمکەی بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی چۆنێتی بە پیشەسازیکردنی ژاپۆن بە سەرکردایەتی حکوومەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم. 

ئەو جۆرە لە حوکمڕانی تەنیا لە ژاپۆن نەبووە، بەڵکوو لە کۆریای باشوور، سینگاپور، چین، ئیماراتی عەڕەبی یەکگرتوو و هەروەها چەند وڵاتی دیکە وەکوو ڕواندا و ئێتیۆپی لە ئەفریقاش سوودی لێوەرگیراوە و بۆتە هۆی گەشە سەندنی نیشتمانی لە ماوەیەکی کورت. 

 

تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی حکوومەتی پێشکەوتنخواز: 

بەشێک لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی ئەو جۆرە حکوومەتە بریتیە لە:

1.گەشەپێدان بە سەرکردایەتی حکوومەت جێبەجێ دەکرێت، واتا حکومەت ستراتیژی ئابووری دەباتە پێشەوە. 

2.بیرۆکراسی و دامەزراوەکان بەهێزە و حکوومەت لە بەهێزترکردنی بیرۆکراسی کاریگەر و دانانی سیستەمی دژە گەندەڵی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە. 

3.حکوومەت پشتگیری کارا و ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی پیشەسازی لە کەرتە ستراتیژییەکان. 

4.حکوومەت پلانی نیشتمانی بۆ گەشەکردن لە داهاتوو، وەک نموونە بۆ ماوەی 5-20 ساڵە، دادەڕێژێت و جێبەجێ دەکات. 

5.حکوومەت بۆ وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆیی، گرنگیەکی زۆر بە پەروەردە، تەندروستی و لێهاتوویی دەدات و حەول دەدات بە بەهێزترکردنی سەرمایەی مرۆیی، پلانەکانی گەشەی داڕشتراو خێراتر و بەهێزتر جێبەجێ بکات. 

6.لەژێر سەرپەرشتی حکوومەت، هاوکاری نزیک و کارا لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت سازدەکرێت و پاڵپشتی بۆ پیشەسازییە ناوخۆییەکان و وەبەرهێنەرانی بیانی دابین دەکرێت. 

 

هەنگاوەکانی دامەزراندنی حکوومەتی پێشکەوتنخواز:

گرینگترین هەنگاوە پراکتیکیەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی پێشکەوتنخواز دەتوانن بریتی بن لە: 

١. دروستکردن و بەهێزترکردنی دامەزراوەکانی حوکمڕانی بەهێز. لەو هەنگاوە نەتەنیا کەرتی گشتی و سێکتەرەکانی سەر بە حکوومەت کاراتر دەکرێن، بەڵکوو بە چەسپاندنی سەروەری یاسا و کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی، ڕۆڵ و توانای حکوومەت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی پەرەی پێدەدرێت. 

٢. دانانی دیدگا و پلانی گەشەپێدانی نیشتمانی. لەو هەنگاوە حکوومەت ئامانجە ئابوورییە درێژخایەنەکانی بە ڕوونی دیاری دەکات و هەنگاو بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دەنێت.  (پلانی 5-20 ساڵە). هەروەها ئەولەویەت بە کەرتە گرینگەکان (وەکوو وزە، تەکنەلۆژیا، بەرهەمهێنان...) دەدرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکان.

٣. وەبەرهێنان لە پەروەردە و لێهاتوویی هێزی کار دەکرێت. حکوومەت بە پاڵپشتی جیددی و کارا بۆ دامەزراندن و بەهێزترکردنی زانکۆ تەکنیکیەکان و دامەزراوەکان بۆ پێشکەشکردنی ڕاهێنانی پیشەیی بۆ پاڵپشتی کەرتە گرینگەکان، ڕێگا بۆ دامەزراندنی گەنجان و هەروەها هاوکاری پیشەسازیە گرینگەکان دەکات. 

٤. بنیاتنانی ژێرخانە سەرەکیەکان. لەو هەنگاوە حکوومەت بە دانان و پەرەپێدان بە ژێرخانەکانی گەشەی ئابووری وەکوو ڕێگاوبان، بەندەر، ژێرخانی دیجیتاڵی، سیستەمی وزە … حەول دەدات نەتەنیا ئامادەکاری و پاڵپشتی بۆ پیشەسازی و بازرگانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بکات،  بەڵکوو پێداویستیەکان بۆ بەرزترکردنەوەی ئاستی خوشگوزەرانی خەڵک دابین بکات. 

٥. دابینکردنی پاڵپشتی جیددی و کارا بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی. حکوومەت لەو هەنگاوە بە دامەزراندنی ژێرخانەکانی دارایی و بەهێزترکردنیان، سوود لە هاندانە داراییەکان (قەرز، یارمەتیدانی باج) بۆ پاڵپشتی گەشەپێدانی پیشەسازی وەردەگرێت و هەروەها بە دانانی چوارچێوەیەک بۆ هاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی تایبەت، دڵنیایی لە پاراستنی سامانی وەبەرهێنەران دەدات. 

٦. بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. حکوومەت بە دانانی ناوچە ئابوورییە تایبەتەکان و پێداچوونەوە و کاراکردنی ڕێساکانی بازرگانی، حەول دەدات هاوکات کە سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی ڕادەکێشێت، پاڵپشتی و ئاسانکاری بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی هەناردەکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە دەکات. 

٧. چاودێری و هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنی سیاسەتەکان. لەو هەنگاوە دامودەزگاکانی سەر بەحکوومەت هەڵسەنگاندنی بەردەوامی پلانەکان و هەنگاوەکانی سەرەوە دەکەن و بەردەوام حەول دەدەن پشت بە دەیتا و ئەنجامەکان، بە بۆ نوێکردنەوەی ستراتیژی و پێداچوونەوەی تاکتیکەکان سەرکەوتوویی هەنگاوەکان لە پێکانی ئامانجەکان مسۆگەر بکەن .

 

حکوومەتی پێشکەوتنخواز لە هەرێمی کوردستان:

دەتوانین کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان، سەرەرای ڕۆڵی وەک درێژەپێدەری کابینەکانی پێشوو، بە یەکەم حکوومەتی پێشکەوتنخواز لە هەرێمی کوردستان بناسێنین کە نەتەنیا زۆربەی تایبەتمەندیەکانی ئەو جۆرە حکوومەتەی هەیە، بەڵکوو حەول و کۆششی ئەو کابینەیە زۆر لەگەڵ هەنگاوەکان و پێداویستیەکانی ئەو جۆرە حکوومەتە دەگونجێت. هەرچەند دەستکەوتەکانی کابینەکانی پێشوو زۆر گرینگ و بنەڕەتی بوون بۆ ئەوەی کابینەکانی دواتر بتوانن پلانەکانیان ڕێکبخەن و جێبەجێی بکەن، بەڵام بەهۆی جەنگی دژی تێرۆر، جێبەجێکردنی بەشێک لە پلانەکانی گەشەکردن دواخرا کە لە کابینەی نۆیەم زۆر سەرکەوتوانە وەدیهاتن. 

بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە هۆکاری ناساندنی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان وەک حکوومەتی پێشکەوتنخواز دەتوانین هەڵسەنگاندنێک بۆ کار و دەسکەوتەکانی بەپێی هەنگاوەکانی حکوومەتی پێشکەوتنخواز بکەین کە لێرەدا ئاماژە بە گرینگترینیان دەدەین: 

1.نوێکردنەوەی هەیکەلی ئیداری: 

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم دروشم و حەول بۆ نوێکردنەوەی هەیکەلی ئیداری و چاکسازی لەو بوارە درا. لەو هەنگاوە نەتەنیا بەشێکی زۆر لە بینا و بارەگاکانی دامودەزگا حکوومیەکان نوێکراونەتەوە، بەڵکوو هەیکەلی ئیداری حوکمرانی لە کوردستان بە ڕێکخستنەوەی ڕێنمایی و یاسا ئیداریەکان، بەهێزترکراون. وەک بەشێک لەو هەنگاوە، بەپشتبەستن بە یاسای چاکسازی کە بەحەول و کۆششی ئەو کابینەیە دەرچوە، چاکسازی له کەرتی وەزیفەی گشتیدا کراوە و هەروەها هەنگاوی جیددی بۆ نەهێشتن و کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێراکردنی ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری هاووڵاتییان و ڕێزگرتن لێیان نراوە. سەرەرای تێبینی لەسەر قەبارەی حکوومەت، دەتوانین بڵێین حکوومەت لە کۆتایی کاری ئەو کابینەیە زۆر خێراتر و چالاکتر بووە. 

2.جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی و ئیداری: 

حکوومەتی هەرێم پاڵپشت بە یاسای چاکسازی، حەولیداوە چاکسازیەکی فراوان و گشتگیر لە هەموو بوارەکانی ئیداری و ئابووریدا جێبەجێ بکات. قەدەغەکردنی بەکارهێنانی پێگەی کارگێڕی بەرپرسانی باڵا لە بازرگانی نموونەیەکە لە چاکسازیە کاریگەرەکانی حکوومەت لەو بوارەدا. هەروەها حەولدراوە ڕێگە لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و زێدەڕەوی لەسەر موڵک و مومتەلەکانی هەرێم بگیرێت. چاکسازی لە بوارەکانی تەندروستی، یەکخستنی نرخی دەرمان، دانانی سیستەمی یونیک بۆ هاوردەکردنی دەرمان، و دامەزراندنی دەستەی خۆراک و دەرمان بەشێک لە چاکسازیەکان بووە. هەروەها ڕێکخستنەوەی سیستەمی باج و دەرکردنی چەند بڕیاری لێخۆشبوون بەپێی هەڵسەنگاندن لەو بوارە توانیویانە تاڕادەیەکی زۆر لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پێویست و بەرزبوونەوەی ئاستی بڕوا بە سیستەمی ئیداری و دارایی حکوومەت ڕۆڵیان هەبێت. 

3.ڕێکخستنەوەی کەرتی پەروەردە: 

حکوومەتی هەرێم بێجگە لە هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستنەوە، نۆژەنکردن و سازکردنی قوتابخانە و بەهێزکردنی سیستەمی پەروەردە لە ڕووی بینا و ژێرخانی فیزیکی، بە چاکسازی لە ژێرخانەکانی ئیداری و سیستەمی پەروەردە، وەک بە ئەلێکتڕۆنیکردنی سیستەمی کارگێڕی پەروەردە، پێداچوونەوە بە بەشێک لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و دەرکردنی یاسای نوێ، حەولیداوە ڕێچکە بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی پەروەردە و گەشەکردنی سامانی مرۆیی کوردستان بشکێنێت. هەرچەند چاکسازیەکان لەو بوارە پێویستە بەردەوام بێت و درێژمەودان، بەڵام بەهۆی ژێرخانی داڕشتراو، دەتوانێت باشتر و ئاسانتر لە کابینەکانی داهاتوو بەردەوام بێت.

4.بنیاتنانی ژێرخانەکانی ئابووری و خۆشگوزەرانی: 

دەتوانین بڵێین گرینگترین بەشی کار و دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێم لەو بوارەدابووە، هە لە ڕووی ژومارەی پڕۆژەکان، قەبارەی دارایی و بوودجەی خەرجکراو و هەم مەودای کارەکان. کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم لە کۆی بوارەکانی ئابوری و خۆشگوزەرانی پڕۆژەی جێبەجێکردوە. لە بواری ئاو، بەسازکردنی ٩ بەنداو، توانای گلدانەوەی ئاوی بە قەبارەی زیاتر لە ٢٦٥.٧ میڵیارد میتری سێجا بەرزکردۆتەوە، هەروەها ٢٣ پۆندی سازکردوە و کارکردن لە ٥٨ پۆند بەردەوامە کە دەتوانن یارمەتیەکی کاریگەر بۆ کەرتی کشت و کاڵ و تەنانەت پیشەسازی و گەشتیاریش دابین بکەن. 

هەروەها ٣ پڕۆژەی گەورەی گەیاندنی ئاو بۆ دهۆک و هەولێر و قوشتەپە تەواوکراوە کە زیاتر لە ٦٢٤،٠٠٠ میتری سێجا ئاو بۆ بەکارهێنان لەو شارانە دەگوازێتەوە و ٥ پڕۆژەی هاوشێوەش بە توانای گەیاندنی ٢٢٨،٠٠٠ میتری سێجا بۆ چەند شار و گوندی دیکە لە جێبەجێکردندان. هەروەها چەندین پڕۆژە لە ئاستی شارەوانیەکان بۆ دابینکردنی بنەماکانی خۆشگوزەرانی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکراون. 

لەو کابینەیەی حکوومەتی هەرێم، گرینگی تایبەت بە کەرتی ڕێگاوبان و ئاوەدانی دراوە. بۆ سەلامەتکردنی ڕێگاکانی نێوان شارەکان چەندین پڕۆژە جێبەجێکراون، وەک هێلکاری جادە، دانانی پەرژیی ئاسنین و هێماکانی هاتووچۆ. هەروەها بۆ باشتر و ئاسانتر بەستنەوەی شار و گوندەکان، و ئاسانکاری بۆ ئاڵ و گۆڕی بازرگانی و تەنانەت ترانزیتی کالا لەڕێگای دەروازە سنووریەکان، زیاتر لە ٥،٠٠٠ کیلۆمیتر جادەی ئۆتووبان و ستاندارد دیاریکراون کە زیاتر لە نیوەی ئەو پڕۆژانە تەواوکراوە و لە خزمەت ئابووری و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان دایە. هەروەها زیاتر لە ٢،١٥٠ پڕۆژەی شەقام و پردی ناو شارەکان جێبەجێکراون یان دیاریکراون کە دەتوانن ئاسانکاری بەرچاوبکەن بۆ چالاکی خەڵک و گواستنەوەی کالا و کەل و پەلی بازرگانی لە ناو شارەکان. 

لە کەرتی نەوت و گاز کە دەتوانین بڵێین هەتاکوو ئێستاش ڕۆڵی بزوێنەری ئابووری هەرێمی کوردستانی گێڕاوە، سەرەڕای دابەزینی قەبارەی بەرهەم هێنانی نەوت لە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانی جارێکی دیکە متمانە بۆ ئەو پیشەسازیە بگەڕێنێتەوە و بە ڕێکسختنەوەی ئەو کەرتە، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نزیکەی ٥٠٠،٠٠٠ بەرمیل لە ٢٠٢٣ بەرزکردەوە. هەروەها سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکانی حکوومەتی فێدڕاڵ و بەشێک لە هاوبەشەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ناوخۆیی، قەبارەی بەرهەم هێنانی گازی سروشتی بۆ زیاتر لە دوو هێندەی سەرەتای ئەو کابینەیە بەرزکراوەتەوە و تەنانەت توانرا وەبەرهێنانی بیانی بۆ هاوبەشی لەو کەرتە ڕابکێشرێت. بەوانەش ئێستا توانای بەرهەمهێنانی گازی سروشتی گەیشتۆتە نزیکەی ٢٥میلیۆن میتری سێجا لە ڕۆژ. 

بەڵام دەتوانین بڵێین گرینگترین بەشی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کارەبا و پڕۆژەی ڕووناکی بووە کە توانیویەتی بەسەرکەوتوویی کەم و کورتیەکی بەجێماوە لە دەیان ساڵی ڕابردوو بسڕێتەوە و پێویستیی بە موەلیدەی کارەبای لە زۆربەی گەڕەک و شارەکانی کوردستان نەهێشتووە و ئێستا کاریگەریەکانی لە ژیانی هاونیشتمانیان و هەروەها ئاسانکاری بۆ پیشەسازیەکان  و خاوێنی ژینگەی ناوشار و گوندەکان دەرکەوتوون. بەتەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە و بە ٢٤ سەعاتەکردنی کارەبا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کورتی داهاتوو، دەتوانین بڵێین ژێرخانێکی گرینگ بۆ پیشەسازی، گەشەی ئابووری و خوشگوزەرانی هاووڵاتیان مسۆگەر دەکرێت. 

5.چاکسازی لە کەرتی بانکی و پڕۆژەی هەژماری من: 

هەنگاوێکی دیکەی دەستپێکراو لەو کابینەیە، چاکسازی لە کەرتی بانکی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت پڕۆژەی هەژماری من بووە. بەو هەنگاوانە نەتەنیا پەیوەندی ڕۆژانە لە نێوان هاوڵاتیان و سیستەمی بانکی هەرێمی کوردستان سازکرا، بەڵکوو بنەماکانی سیستەمی بانکی پێشکەوتوو داڕشترا و شەفافیەت لە مووچەی فەرمانبەران زیاتر بوو. سیستەمی بانکی هاوچەرخ لە کوردستان دەتوانێت ببێتە هۆکار و هاندەر بۆ پتەوترکردن و سیستەماتیککردنی پەیوەندی دارایی بانکە ناوخۆیی و بیانیەکانی ناو هەرێمی کوردستان لەگەڵ سیستەمی بانکی جیهانی و وڵاتانی دیکە و ئاسانکاری بۆ گەشەکردنی قەبارەی پەیوەندی ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ جیهان بکات. هەروەها ئەو سیستەمە بانکیەی کوردستان لە داهاتوو دەتوانێت وام بۆ پیشەسازیەکان و وەبەرهێنەران لە کەرتە ستراتیژەکانی کوردستان بکات و ببێتەهۆی پاڵپشتی و هاوکاری دارایی و سیستەمی زیاتر بۆ ئەو کەرتانە. 

6.هەوڵ بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەرەوە و وەبەرهێنانی بیانی لە کوردستان: 

پاڵپشتی کارا و کارئاسانی کابینەی نۆیەم بۆ بەرزکردنەوەی هەناردەکردنی بەرهەمەناوخۆییەکان بۆ دەرەوەی کوردستان و تەنانەت عێڕاق لە  بەرهەمە کشت و کاڵیەکانی کوردستان وەکوو هەنگوین و پەتاتە دەستی پێکرد و بەردەوامە بەڵام ئەو دەسکەوتانە لەناوخۆی عێڕاق زیاتر بووە، ئەویش بەهۆی هاوئاهەنگی بەردەوام لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵی و گوشارەکان بۆ سەر وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی فێدڕاڵی بۆ کارئاسانی و لابردن یان کەمکردنەوەی ڕۆتیناکات و گوشارەکان بۆ هەناردەکردنی کالاکانی بەرهەم هاتوو لە کوردستان بۆ بەشەکانی دیکەی عێڕاق بووە.

هەروەها بەهۆی پشتگیری و ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە کوردستان و چەندین سمینار و کۆبوونەوە بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، لە ماوەی کابینەی نۆیەم زیاتر لە ٢٤ میڵیارد دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی کوردستان کراوە. ئەوەش وایکردوە، نەتەنیا متمانەی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی بە بازاڕی کوردستان زیاتر بکات، بەڵکوو بەهۆی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێڕاق و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ، هەرێمی کوردستان وەک پردێک بۆ گەیشتنی وەبەرهێنەران بە بازاڕەکانی جیهان سەیر بکرێت. 

کۆتایی، پێویستی بەردەوامی لە پێشکەوتنخوازی بۆ کابینەی داهاتوو: 

بەپێی سروشتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەو کابینەوە وەک یەکەم کابینەی پێشکەوتنخواز یان گەشەپێدەر لە هەرێمی کوردستان ناوبەرین. حەولی سیستەماتیک و بەردەوامی ئەو کابینەیە سەرەڕای چەندەها قەیران و گوشاری دەرەکی، ناوخۆیی و تەنانەت ناکۆکی لەگەڵ هاوبەشەکانی ناو حکوومەت توانی دەسکەوتی سەرنجڕاکێش و گرینگ بۆ ئەو کابینەیە لە بوارەکانی ئیداری، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دەستەبەر بکات. 

کابینەی نۆیەم ڕێچکەیەکی لەو بوارەدا بڕیوە کە ئەگەر لە کابینەی داهاتوو بەردەوام بێت، دەتوانێت وەک دەسکەوتی ئەو جۆرە حکوومەتە لە وڵاتانی دیکە، پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کرانەوەی سیاسی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات و هەرێمی کوردستان زیاتر لە جاران بەرامبەر بە بەشەکانی دیکەی عێڕاق و ناوچە لە ڕووی ئاستی خۆشگوزەرانی دانیشتوان، پێشکەوتنی ئابووری و پیشەسازی و هەروەها کۆمەڵایەتی جیاوازبکات. 

بۆ گەیشتن بەو دەسکەوت و داهاتووە، پێویستە گرینگیەکی زیاتر بە تایبەتمەندیەکانی ئەو جۆرە حکوومەتە بدرێت، پلانی درێژخایەنی گەشەی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت و بە هەڵسەنگاندنی دەسکەوتەکانی پێشوو، پێداچوونەوەی بە ستراتێجی و سیاسەتەکانی تایبەت بە هەر کەرت و بەشێک بکرێت. 

بەردەوامی لە سیاسەتی گەشەی مرۆیی و سوودوەرگرتن لە کەسانی بەهرەمەند لە کەرتە جیاوازەکان دەتوانێت زیاتر لە جاران دەسکەوتەکانی حکوومەتی پێشکەوتنخوازی داهاتوو مسۆگەر بکات.