پێگەی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیهاندا

پێگەی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیهاندا
پێگەی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیهاندا

جیهان و بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدایە، ئەو وەرچەرخانەی هەمیشە لەدوای شەڕ و جەنگە گەورەكان لەدایك دەبێت، ئەوەتا لە کاتێکدا نەزمە کۆنەکان خەریکی داڕمانن و نەخشە سیاسییەکان بەرەو گۆڕانکاریی ریشەیی دەچن و نەخشەیەكی نوێ دادەڕێژرێتەوە، هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی کاریگەر و "دیفاکتۆیەکی" سەرکەوتوو لە جوگرافیای سیاسیی ناوچەکەدا دووبارە دەردەکەوێتەوە. ئەم پێگەیەش بەرهەمی تێکەڵبوونی سێ فاکتەری سەرەکییە: یەکەمیان حیكمەت و دیپلۆماسییەتە نێودەوڵەتییەکەی سەرۆک بارزانی، دووەمیان گرنگیی جیوپۆلەتیکی و سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانە، سێیەمین بوونی هەرێمێك بۆ پێكەوەژیان.

سەرۆک بارزانی، وەک مەرجەعێکی نەتەوەیی و نیشتمانی كورد و كوردستانی، توانیوێتی پرسی کورد لە چوارچێوەی "خەباتی چەکداریی ناوخۆیی"ەوە بگوازێتەوە بۆ نێو کایە دیپلۆماسییە جیهانییەکان. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ لەم ساتە وەختە هەستیارەدا، تەنیا پەیوەندییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی روونی هێزە زلهێزەکانە بە رۆڵی سەرۆک بارزانی وەک سەقامگیرکەرێکی ناوچەیی. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لە داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی جیهاندا، هیچ هاوكێشەیەك بەبێ رەچاوکردنی پێگەی هەرێم و راوێژ بە سەرۆك بارزانی لە گۆڕانكارییە نوێیەكان سەرناگرێت. لە رووی ئابووری و وزەشەوە ، هەرێمی کوردستان لە چەقی بایەخی وڵاتانی رۆژئاوادایە. لە جیهانێکدا کە شەڕی سەرچاوەکانی وزە و ئاسایشی سووتەمەنی تێیدا لە لوتکەدایە، بوونی یەدەگێکی گەورەی نەوت و بەتایبەت "گاز" لە هەرێمدا، کوردستان دەکاتە هاوبەشێکی ستراتیژیی ئەوروپا و ئەمریکا. ئەم سامانە سروشتییانە تەنیا کەرەستەی ئابووری نین، بەڵکو کارتێکی فشاری سیاسین کە پێگەی هەرێمیان لە نەخشەی نوێی وزەی جیهانیدا چەسپاندووە. لایەنێکی دیکەی گرنگیی هەرێمی کوردستان، "سەقامگیریی ئەمنی" و رۆڵی پێشمەرگەیە لە پاراستنی ئاشتیی جیهانی. لەناو دەریایەک لە ئاڵۆزی و هەڕەشەی میلیشیا و توندڕەوەکاندا، هەرێمی کوردستان توانیوێتی مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی پێشکەش بکات. ئەم کلتووری لێبوردەیی و پاراستنی پێکهاتانەی کە بارزانی رابەرایەتی دەکات، وایکردووە هەرێم ببێتە چەقی بڕیار و ناوەندێکی متمانەپێکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەرێمییەکان، وەک ئەوەی لە نێوەندگیرییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و دەوڵەتانی دراوسێدا بینراوە.

ئەگەر سەدەیەک لەمەوبەر رێککەوتنی "سایکس-پیکۆ" بەبێ ئامادەیی کورد و لەسەر حیسابی گەلی ئێمە نەخشەی ناوچەکەی کێشابێت، ئەوا لەم قۆناخەدا بارودۆخەکە تەواو جیاوازە. ئەمڕۆ کورد خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی و  مەرجەعێکی سیاسیی وەک بارزانییە کە جیهان بە رێزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. بۆ ئەوەی کورد لەم نەخشە نوێیەی جیهاندا نەک هەر وەک قوربانی، بەڵکو وەک براوە دەربکەوێت، پێویستی بە یەکڕیزیی ناوخۆیی و کۆبوونەوە هەیە لەدەوری مەرجەعیەتی بارزانی. ئەم حیكمەتە سیاسییە تەنیا زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانی رابردوو نییە، بەڵکو رێگایەکە بۆ گەیشتن بە مافە رەوا و مێژووییەکان و پاراستنی گەلی کورد لە هەر ئەگەرێکی کۆمەڵکوژی و جینۆساید کە لە رابردوودا بەسەریدا هاتبوو. هەرێمی کوردستان ئێستا نەک هەر پارچەیەک لە نەخشەکە، بەڵکو یەکێکە لە ئەندازیارە کاراکانی داڕشتنەوەی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كورد بەهاوشێوەی ساڵی 2003 ئەو قۆناخەی سەرۆك بارزانی فیدراڵییەتی بۆ جەسپاند لە ئێستاشدا لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژوویی دیكەدایە كە تواناكانی هەرێم و مەرجەعییەتی بارزانی بووەتە ئەو چەترەی كە كوردو كوردستانییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستانی كۆكردۆتەوە و رۆڵ و پێگەی لە پاراستنی كوردەكانی رۆژئاوا لەقەتڵوعامكردن و لەناوبردن دیار بوو لە پرۆسەی ئاشتی باكوریشدا ئەوەی بەجەنگ بەدەست نەهاتووە بەئاشتی بەرهەم دێت لەم وەرچەرخانەی رۆژهەڵاتیشدا رۆڵی بارزانی و هەرێم لە پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی و مافەكانی براكانمان بەدەردەكەوێت. بۆیە لۆژیكی بارزانی ئاشتی و پێكەوە ژیانە هەرگیز شەڕی نەویستووە و مافەكانی گەلی كوردیی لەسەر حسابی مافەكانی نەتەوەكانی دیكەی زاڵ نەكردووەو ، خۆشی و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان ویستووە ئەمەش دیدگاو عەقیدەی بارزانە كە سەرۆك بارزانی درێژە پێدەرێتی.