غەریب عەلی سەلیم
نووسەر
جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر جووڵەی گەشتیاری
لە ئێستا و لە ڕابردوو، هەمیشە جەنگەکان بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشە بوونە لەسەر ئاسایشی گەشتیاریی ئەو ناوچانەی جەنگەکان تێیدا ڕوو دەدات، بەو مانایەی گرفتەکە لەوەدایە ئەو شەڕ و وێرانکارییەی لە جەنگ دەکەوێتەوە تەنیا زیانی بۆ ئەو وڵاتە نییە کە جەنگی تێدایە بەڵکوو کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێش.
بۆیە لێرەدا چەمکی ئاسایشی گەشتیاریی دێتە کایەوە کە لە هەر دوو وشەی "ئاسایش" و "گەشتیاری" پێکهاتووە ئاسایشی گەشتیاری بە مانای دابینکردنی ئاسایشە بۆ گەشتیار و جووڵە و چالاکی خۆشگوزەرانی گەشتیاری و دامەزراوە گەشتیارییەکان.
یاخود بریتییە لە پاراستنی گیان، دەروون و سایکۆلۆژی گەشتیار لە مەترسییەکان. ئەمەش کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ئەمنی و یاسایی لە خۆ دەگرێت بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت لە شوێنە گەشتیارییەکان، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و بووژانەوەی ئابووری.
واتە ئاسایشی گەشتیاریی پێشمەرجی سەرەکییە بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری ناوخۆ و نێودەوڵەتی بە پێچەوانەشەوە شەڕ و ئاژاوە و کردەوەی تیرۆر، نائارامی سیاسی و ئەمنی لە گرنگترین هۆکارەکانە کە کاریگەری لەسەر جووڵەی گەشتیاری هەیە، بەتایبەتی کە خواستی گەشتیار زۆر هەستیارە بەرامبەر هەر توندوتیژییەکی سیاسی و ئەمنی وەک شەڕ و تیرۆر و نائارامی کە ڕوو دەدات کاریگەریی لەسەر سەلامەتی و ئاسایشی گەشتیار هەیە لە شوێنە گەشتیارییەکان.
هەموو وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن ڕێوشوێنی زۆر بگرنە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی گەشتیاریی، ئەمەش بۆ ئەوەی وێنەی گەشتیاریی خۆیان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پیشانی گەشتیار بدەن.
ئەوەی من دەمەوێت لەم وتارەدا قسەی لەسەر بکەم سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە، چونکە گەشتیاری بەبێ سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بوونی نییە. بۆیە ئەگەر پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسی نێوان وڵاتان باش بێت، خواست و خستەرووی گەشتیاریی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بەمانایەکی دیکە پەیوەندی نێوان بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و خواست و خستەرووی گەشتیاریی ڕاستەوخۆیە، لەبەر ئەوەی بەردەستبوونی ئاسایش و سەلامەتی کەسی بۆ گەشتیار و ناوچە گەشتیارییەکان گرنگییەکی سەرەکی هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاسایش و سەقامگیری زاڵە جووڵەی گەشتیاریی گەشە دەکات، بەپێچەوانەوە گەشتیار خۆی لە ناوچە نائارامەکان بە دوور دەگرێت کە گرژی و ململانێی سەربازیی تێدایە. بۆ نموونە شەڕەکان، چ بە قەبارەیەکی گەورە یان بچووک ناوچەیەکی دیاریکراودا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خواستی گەشتیاری هەیە، چونکە سەرهەڵدانی شەڕەکان زیاتر کاریگەریی نەرێنی بەربڵاوتر و درێژخایەنتری لەسەر جووڵەی گەشتیاری و چالاکی و پەرەپێدانی گەشتیاری دەبێت ئەمەش ڕاستەوخۆ کار بۆ بڵاوبوونەوەی ئاسایشی بێکاری و کۆمەڵایەتی دەکات.
بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوە گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، گەشەی گەشتیاری ساڵ لە دوای ساڵ بە شێوەیەکی بەردەوام لەڕووی زیادبووندایە. بە جۆرێک لە ساڵی 2024 بە نزیکەیی1ملیار 400ملیۆن کەس بوونەتە گەشتیار لە جیهاندا، بەراورد بە ساڵی 2023 بە نزیکەی 11% زیادی کردووە، بەهۆی خواستێکی زۆر گەشتیاری دوای پەتاکە، بووژانەوەی جووڵەی بازاڕ و سەرچاوە ئابوورییە گەورەکان و بووژانەوەی بەردەوامی شوێنەکانی گەشتیارییەکان، نزیکەی 10.9ترلیۆن دۆلار داهاتی کەرتی گەشتوگوزار بووە لە جیهاندا لە ساڵی 2024، جگە لەوەی هاوکار بووە لە دابینکردنی هەلی کار بۆ 350ملیۆن کەس لە جیهاندا، واتە لە کۆی 8 ملیار مرۆڤ ساڵانە زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ دەبنە گەشتیار و زیاتر لە 10%ی داهاتی جیهان لە ڕێگای کەرتی گەشتوگوزار دابین دەکرێت.
ئەوەی تایبەتە بە هاتنی گەشتیاری نێودەوڵەتی لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی4%4 زیادی کردووە بە بەراورد بە 2024 کە ڕەنگدانەوەی خواستێکی بەهێزی گەشتکردنە لە سەرانسەری جیهان بەپێی ئامارەکان 1 ملیار و 52 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهان تۆمارکراون، پێشبینی دەکرێت ئەم ژمارەیە تا ساڵی 2030 بگاتە دوو ملیار گەشتیار. بەڵام کێشەکە کاتێک سەر هەڵدەدات کە ئەم زیادبوونە پێچەوانە دەبێتەوە، بەهۆی زیادبوونی ڕووداوە جێۆپۆلەتیک ئەمنییەکان، دەبێتە هۆی دابەزین یان خاوبوونەوە جوڵەی گەشتیاریی بە شێواز و قەبارەی جیاواز کاریگەری لەسەر گەشتیاران هەیە. لە کاتێکدا گەشتیاران دەتوانن لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتی سروشتی لە شوێنێکی دیاریکراودا ئاگادار بکرێنەوە، وەک بوومەلەرزە، تەقینەوەی گڕکان، سونامی، بارانێکی بەخوڕ، زریان، ئەمانە سەرجەمیان دروستکراوی مرۆڤ نین و ڕوودانیان پێشبینی دەکرێت، گەشتیار خۆی لە گەشتکردن ئەم جۆرە ڕووداوانە بە دوور دەگرێت. بەڵام پێشێلکارییە سیاسی و ئەمنییەکان دروستکراوی مرۆڤن وەک، ناسەقامگیری سیاسی، تیرۆر، چالاکیی تاوانکاری، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیار و ڕێوشوێنی ئەمنی نائارام هەموویان گەشتیار لە سەردانیکردنی ئەو جۆرە شوێنانە ڕادەگرێت.
نموونەیەکی ناسراو کاریگەری کردەوە تیرۆریستییەکان لەسەر گەشتیاری، هێرشەکانی سەر ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرک لە 11ی سێپتەمبەر ساڵی2001، داواکاری جیهان بۆ گەشتیاریی لە ئەمریکا بە ڕێژەی %7.4دابەزی و لە ئەنجامدا زیاتر لە 10 ملیۆن کرێکاری گەشتیاری لە سەرانسەری جیهاندا بێکاری بوون، ڕێژەی تۆمارکردنی هۆتێلەکانی ئەمریکا بە ڕێژەی زیاتر لە %50 دابەزی سەرەڕای کەمبوونەوەی نرخەکان بە ڕێژەی ,%40 هەروەها لە توونس، کەرتی گەشتیاری ڕۆڵێکی گرنگی لە ئابووری و کەرتەکانی تری وڵاتەکەدا هەیە، بەشداری دەکات بە ڕێژەی لە %18.6بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام ئەم کەرتە لە ساڵی 2011تووشی توندترین کاریگەریی نەرێنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بووە ، هاتنی گەشتیاری نێودەوڵەتی بۆ 5.1 ملیۆن دابەزی، بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو. بۆیە کێشە ئەمنیی و توندوتیژی سیاسی، شەڕ، کوودەتا، تیرۆر، نائارامی و هەڕەشەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر چالاکی گەشتیاریی هەیە. گەشتیاری پیشەسازییەکی هەستیارە بەرامبەر بە قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی وەک شەڕ و توندوتیژی و تیرۆر، بۆ نموونە شەڕو ململانێ و نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ناکۆکییەکانی نێوان و چین و تایوان و سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014و داگیرکردنی بەشێکی فراوان لە عێراق و بەتایبەتی پارێزگاکانی مووسڵ، سەڵاحەدین، دیالە و بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی کەرکووک و دواتریش هێرشکردنە سەر پارێزگاکانی هەرێم کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار و بارودۆخی ئابووری هەبوو. هەروەها لە ساڵی 2017ژمارەی گەشتیاران لە هەرێم کەمیکرد بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و هێرشکردنی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچە جێناکۆکەکان.
هەرێمی کوردستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ئاسایشی گەشتیاریی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردووەوە کە هەرێم پێیدا تێپەڕیوە، وەکوو بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە بەشێکی زۆری لە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی ژینگەی ناوچەکە. ئێستاش هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە بەرەو بۆنەکانی بەهار و نەورۆز و جەژنی ڕەمەزان وەرزی گەشتیاری دەچێت، بەڵام بەداخەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران بە شێوەیەکی فراوان دەستی پێکردووە، ئێران هێرشەکانی بۆسەر وڵاتانی عەرەبی درێژ کردووەتەوە لە وانە ئیمارات، کوێت، قەتەر، ئوردن، عومان، عێراق چەند وڵاتێکی تر، لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم هێرشانە بەتایبەت هەولێری پایتەخت، کە ڕۆژانە لە زوومی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەبینین هێرش دەکرێتە سەری، ئەمەش زیانێکی زۆر بەناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە جووڵەی گەشتیاری تەنیا لە ژینگەیەکی سەقامگیر و ئاسایشدا دەتوانێت گەشە بکات، بەو پێیەی ئاسایش خوێنی جووڵەی گەشتیارییە، هەموو توخمەکانی گەشتیاری وەک پیشەسازی گەشتیاری، وەبەرهێنانی گەشتیاری بەیەکەوە گرێدراون و هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی توخمێک کاریگەری لەسەر توخمەکانی دیکە دەبێت.
لەژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە سیاسی و سەربازییەی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا وڵاتانی دراوسێ هاتووەتە ئاراوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک پسپۆڕانی بواری جێوستراتیژی و جێۆسیاسی و ئەمنی، شارەزایانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، پێشبینی دەکەن ئەگەر جەنگەکە درێژە بخایەنێت لێکەوتەی گەورەی لەسەر جووڵەی ئابووریی و گەشتیاریی و بەرزبوونەوەی دیاردەی هەڵئاوسان هەبێت، بەهۆی جەنگەکەوە، ماوەی چەند ڕۆژە زۆرینەی دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران داخراون، ئەمە جگە لە داخستی فڕۆکەخانەکان لەئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر جووڵەی گەشتیاری دەبێت، چونکە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان گەشتیاریی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دراوسێن، لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر بە ئارامی و ئابووری و ئایندەی گەشتوگوزار و کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.