مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
بەئامانجگرتنی هەرێم و شێواندنی ئاسایشی کوردستان ناحەقییەکی گەورەیە
ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیار تێپەڕ دەبێت و لە بەرفراوانی و چڕی گۆڕانکارییەکان نازاندرێت ئاراستەکە بەرەو کوێ دەڕوات، لەم چوارچێوەیەدا جۆرێک لە ناسەقامگیری باڵی بەسەر ناوچەکە کێشاوە و دۆخەکە ئاڵۆز بووە، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا زۆر گرنگە کورد بێلایەنی خۆی رابگرێت و کوردستان لەو شەڕ و جەمسەر بەندی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتی بپارێزێت و شتی ئیستیفزازی ئەنجام نەدات.
رووداوەکان یەک لەدوای یەک دێن، زۆر جار قەیرانەکان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆمان دەدەن، لە کاتێکدا ئەو هەرێمە خۆشەویستەشمان هەرێمی کوردستان، کە تێیدا لە نیعمەتی ئارامی و ئاسایشدا دەژین و لەئاست ئەو رووداوە گەورانە لە دۆخێکی باشین، هەرچەند لە رابردوویەکی نزیکدا بە قەیرانی سەخت و جەنگی وێرانکەردا تێپەڕیووین؛ لە جەنگی کەنداو و لێکەوتەکانییەوە، تا دەگاتە ئەو نەهامەتییانە بەدەستی رژێمە یەک لەدوای یەکەکان و تاوەکوو ململانێ هەرێمییەکان کە خاکی ئێمەیان کردە مەیدانی گرژییەکان و ستەمی زۆر بەرانبەر گەلەکەمان ئەنجام درا، ئێستاش شوێنەوارەکانی ئەو جەنگە دەبینین، کە زۆر جار خۆمان لە بەرداشی ئاگری ململانێکاندا بینیوەتەوە، بەڵام هەمیشە کورد خۆی پاراستووە و ئامانجی ئەوە بووە بە کەمترین زەرەر رزگاری بێت.
کورد گەلێکی ئاشتیخوازە نەک شەڕخواز، هەمیشە ئاشتی و دیالۆگی بەلاوە گرنگە، چونکە بە پێی ئەزموون و هۆشیاری سەرکردایەتی کورد ئەو راستییە بەرچاو خراوە، کە شەڕ چارەسەر نییە و پێویستە هەمووان لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستیی و پڕ لێبوردەییە زادەی تێگەیشتن و پابەندی میللەتی کوردە بە پرەنسیپەکانی دینداری و مرۆڤدۆستی، کە لەجیاتی هێرش و هەڕەشە دەبێت هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەکردن بێت، چونکە هیچ کات رۆحیەتی تۆڵەکردنەوە بەتایبەت لەبری هەڵسوکەوتی رژێمێک لە هاووڵاتییانی سڤیل و بەئامانجگرتنی هەرێمێکی بێلایەن، نەک خزمەت بە سەقامگیری و ناکات، بگرە گورز و پەڵەیەکی رەش دەبێت بەنێو چاوانی بکەرانییەوە.
سەرۆک بارزانی هەر زوو هەڵوێستی کوردستانی لەبەرانبەر ئەو جەنگە رایگەیاند و گوتی: "گەلی کوردستان هیچ کات لەگەڵ شەڕدا نەبووە و هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە، ئەگەر شەڕیشی بەسەردا سەپێندرا بێت، ئەوە بەرگریی لە خۆی و مافەکانی کردووە، ئەوە بنەمایەکی نەگۆڕە و لە بڕوایەکی پتەو و فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، خەڵکی خۆشەویستی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بە هەموو توانایەک بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی دوور بێت و ئارامی و ئاسایش و ژیانی خەڵک پارێزراو بێت".
کورد لایەنگری شەڕ نییە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کورد ستەمی قبووڵە، بە مانایەکی دیکە گەلی کورد دەریایەک خوێنی بەخشیوە تا بە ئەمڕۆی خۆی گەیشتووە، ئێستا هەرچییەکی لەدەست بێت بۆ پاراستنی دەستکەوت و سەروەری نیشتمان دەیکات، رێگە نادات کەسانێک ئەجێندا و ئامانجی خۆیان لە دووڕیانی جەنگدا لە مەیدانی کوردستان تاقی بکەنەوە و شەڕ بە کوردستان بفرۆشن، کە بەداخەوە لە پەراوێزی ئەم جەنگەوە بە درۆن هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت ئاسایشی کوردستان و سەقامگیری کۆمەڵگەی کوردی بکەنە ئامانج و هەرێم بخەنە بازنەی ململانێ و شەڕەوە، ئەمە ناحەقییەکی گەورەیە و بەرانبەر گەلی کورد دەکرێت، بەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو دەکەنەوە سەقامگیری و ئارامی کوردستان بە ئامانج دەگرن، کورد خوازیاری ئەو دۆخە نییە و نایەوێت پڕوشکی ئاگری بەرکەوێت.
هاوکات ئێمە لە مانگێکداین مانگی پیرۆزی رەمەزان کە بۆ گەلانی ناوچەکە و هێز و پارتە عێراقییەکان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئیدی چۆن دەکرێت لەم مانگە هەڕەشە و هێرش بکرێتە سەر هەرێمێکی وا کە لە کەشێکی ئیمانی و دینداری و ئاوەدانی مزگەوتەکان دایە و خەریکی خوداپەرستی و عیبادەت و بەرز راگرتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزە، ئەو هەموو درۆنە بۆ سەر کوردستان ئاماژەیە بەوەی ئەو جۆرە کەسانە و پشتیوانانیان چاویان بە کوردستان هەڵنایەت و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئاگرەکە هەرێمیش بگرێتەوە،ئەگەرنا لە کوێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگە دراوە هاووڵاتی و خەڵکی سڤیل بکرێنە ئامانج و خوێنیان بڕژێت!؟
ئەم جۆرە هەوڵ و هێرشانە پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، کە رێگە نادات بێ هۆکار و بە بیانووی ناجۆر هەڕەشە لە ئەمن و ئارامی هیچ کەس بکرێت، بەتایبەت لەم مانگە پیرۆزە ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانە تاوانەکەی قورسترە و بە هەموو پێوەرێک پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز دەبینین، کە کەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی کەسانی دیکە هەڵناگرێت، خودای گەورە دەفەرموێت: (وڵا تَزڕُ ۆازڕَةٌ وِزْرَ أُخْرێ) الإسراء:15. واتە: کەس گوناهی کەس هەڵناگرێت، کەس بەرپرسیار نییە لە هەڵەی کەسانی دیکە. هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودەش هەیە باس لەو بەها گرنگ و گەورەیە دەکات، ئیدی ناکرێت شەڕ لە بادینا و تۆز لەبەردەم دەرگای ئێمە بێت!
هاوشانی مانگی رەمەزان ئێمە لە مانگی ئادار داین، کە بۆ ئێمەی کورد بۆنەی خۆش و ناخۆشی زۆری تێدایە لەسەروو هەموویانەوە یادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان، ئەو یادە مەزنەی بەرجەستەکردنێکی راستەقینەی ئارامگری گەلی کوردستان و خۆڕاگری بوو لەبەردەم نەهامەتییەکاندا، مەبەستمە ئەوە بڵێم گەلی کورد سەرباری هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەری هاتووە، بەڵام خۆڕاگر بووە و قەت بێئومێدی رووی لێ نەکردووە، بگرە هەمیشە تێڕوانین و ئاسۆی ئایندەی بەستووەتەوە بە گەیشتن بە مافەرەواکانی خۆی.
بۆیە گرنگترین شت کە لەو دۆخە دەستمان دەکەوێت ئەوەیە کورد یەکڕیزی و تەبایی و یەکهەڵوێستی خۆی بپارێزێت، چونکە کلیلی رزگاری و سەرکەوتنن، ئەزموون فێری کردین کە نەتەوە ئەگەر لەسەر یەکهەڵوێستی کۆببێتەوە، دەتوانێت بەسەر سەختترین ناڕەحەتییەکاندا زاڵ بێت. خودای گەورە کوردستانی خۆشەویستمان بپارێزێت..