ئاراس سەعید
نووسەر
میدیا کوردی و رووماڵی جەنگ
میدیای کوردی لە رووماڵی «جەنگ»دا تووشی جۆرێک لە شێواوی بووە لە خوو و خەسڵەتە پیشەییەکانیدا. رۆژنامەوانی ئێمە، بەهۆی هەژاریی لە «سەرمایەی کولتووری و مەعریفی» لە بوارەکەیدا، ناتوانێت لەوە تێبگات کە رەهەندی سیمبولیی وێنە تەنیا رەنگدانەوەی واقیع نییە، بەڵکوو لە چرکە ساتێکدا دەبێتە کۆدێکی هەواڵگری بۆ ئەویتر «دوژمن».
بەداخەوە پاشخانی هزریی زۆرینەی رەهای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە ئاستێکی «پێش-مەعریفیدا» گیریخواردووە؛ هەر بۆیە ئەوان تەنیا وەک «تەکنیککار» مامەڵە لەگەڵ جەنگ دەکەن. ئەم نەزانییە وایکردووە رۆژنامەگەریی ئێمە بکەوێتە ناو داوی «پیشاندانی هەموو شتێک».
بڕوانە، لەکاتی هەر رووداوێکدا، پێش ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە و هێزە ئەمنییەکان، زوومی میدیا لەوێیە؛ بێئاگا لەوەی کامێراکەی، چاوی دوژمنە.
لە شەڕی داعشدا، میدیای کوردی بە بڵاوکردنەوەی جۆری چەکەکان، شوێنی پێشمەرگە و لایڤی سەنگەرەکان، دیارییەکی هەواڵگریی بێبەرانبەری پێشکەشی تیرۆریستان کرد. ئەمڕۆش هەمان تراژیدیا بەردەوامە؛ نەیارانی کوردستان و میلیشیا عێراقییەکان سوود لەم هەژارییە مەعریفییە وەردەگرن. کاتێک میدیاکارێک لە پێناو بینەر و لایک، ئەنجامی هێرشێکی موشەکی یان درۆنی بە راستەوخۆ دەگوازێتەوە، ئەو لە راستیدا خەریکی «راستکردنەوەی ئاراستەی چەکەکانی دژمنە» تا لە هێرشی دووەمدا وردتر ئامانجەکە بپێکێت. ئەمە لە زۆرێک لە وڵاتان وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی تەماشا دەکرێت و سزای یاسایی قورسی لەسەرە، چونکە لێرەدا مافی زانیاری دەبێتە هەڕەشە لەسەر مافی ژیان.
بە دیدی «پییەر بۆردیۆ»، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی فەرەنسی، یەکێک لە تەکنیکە بنەڕەتییەکانی میدیا، «شاردنەوەیە». میدیا دەتوانێت لە رێگەی رووناکییەوە، تاریکی بەرهەم بهێنێت، کەچی میدیای کوردی بەهۆی نەزانی و نابەرپرسیارییەوە، تەواوی نیشتمانی بۆ دوژمنان رووناک کردووەتەوە.
وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێک کە پێنج ساڵە لە کایەی میدیای تیۆریدا دەخوێنمەوە و دەنووسم، گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە ئازادیی بێ بەرپرسیارێتی، فەوزایەکی ئانارکیی کوشندەیە.
لە جیهانی پیشەییدا، سانسۆری ئەمنی لە کاتی تەنگژەکاندا نەک هەر نیشانەی سەرکوتکردن نییە، بەڵکوو نیشانەی هۆشیاریی نەتەوەیییە. کاتێک دەزگایەکی میدیایی زانیارییەک دەشارێتەوە تا سەربازێک یا هاووڵاتییەک یا شوێنێکی هەستیار نەبێتە ئامانج، ئەو لە لووتکەی بەرپرسیارێتی ئیتیکی دایە، بەڵام لای ئێمە، لایڤی شوێنی رووداو بووەتە پێشبڕکێ، بێ ئەوەی کەس بپرسێت: ئایا ئەم وێنەیە کێ دەکوژێت و چەند زیان بە ئاسایشی گشتی دەگەیەنێت؟
ئێستا میدیاکارێکی نەزان و بێباک لە مووشەکی دوژمن مەترسیدارترە. مرۆڤ گەر نەزانێت کەی بێدەنگ بێت، کەواتە نازانێت کەی و چۆنیش قسە بکات. لێرەوە پێشنیارێکی جددی ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ داڕشتنی «پڕۆتۆکۆڵی ئاسایشی میدیایی» لەکاتی رووداوە ئەمنییەکاندا.
ئەم پڕۆتۆکۆڵە نابێت وەک ئامرازێک بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد بەکاربهێنرێت، بەڵکوو دەبێت وەک رێسایەکی پیشەیی و ئەخلاقی، سنوورێک بۆ ئەو «بێباکییە تەکنیکییە» دابنێت کە زیان بە ژیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی نیشتمانەکەمان دەگەیەنێت.
پێویستە یاسایەک هەبێت کە بڵاوکردنەوەی زانیاریی تەناهی و نیشاندانی شوێنی کەوتنی درۆن و مووشەکەکان بە شێوەی لایڤ، وەک «بەزاندنی ئاسایشی نەتەوەیی» بناسێنێت.
ئەرکی حکوومەتە لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، دەزگاکانی راگەیاندن ناچار بکات کە بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێش گەمەی ململانێی میدیایی و خولیای بڵاوکردنەوەی خێرا.