فەلسەفە بۆ هەمووان

فەلسەفە بۆ هەمووان
فەلسەفە بۆ هەمووان

تا ئەمڕۆ هۆنینەوە و نووسینی فەلسەفی، چەند دەستەبژێرێک قۆرخیان کردووە و لە زمانی رۆژانە و ژیانی راستەقینەی خەڵکییان دابڕیوە. بە زمانێکی تێکەڵ و پێکەڵی بیانی و ئاڵۆز و تەموومژاوی دەیهۆننەوە و دەنووسن، کە خوێنەواریش لێیان تێناگات. 

زۆرێک لەمانە خۆیان بە رۆشنبیر و زۆرێکیشیان خاوەن (دال)ن و خۆیان بە شایستەی دانایی دەزانن، بەڵام ئێستا کاتی ئەوە هاتووە فەلسەفە لەم زمانە دەستکردە رزگار بکرێت و بگەڕێتەوە نێو خەڵقی، چونکە فەلسەفە تەنێ تێڕامانی چڕ و چەمکسازی نییە، بگرە گەورەترین ئەرکی فەلسەفە «هونەری ژیان»کردنە.

هونەری ژیان؛ واتە باشترین رێگا بۆ ژیانێکی دروست و ئەرێنی و تێڕامان لەم دنیایە. زۆرێک لە فەیلەسوفەکان پێشنیاری ڕێگای تەندروستی و دەروونی و جەستەییان بۆ ژیانی مرۆ کردووە، تاوەکوو دوور بێت لەو توندڕەوییەی دەبێتە هۆی سەرگەردانیی و تێکچوونی دەروون و جەستە. چەندین فەیلەسووف هەوڵیان داوە شێوازێک لە رەفتار بچەسپێنن کە بایەخ بە «بەکاربردن» دەدات و لە جەستەی مرۆ و لایەنە تەندروستییەکەی دەکۆڵێتەوە. هەربۆیە (نیتچە) ئێژێت: «بۆ چارەنووسی گەلێک و چارەنووسی مرۆڤایەتی، زۆر گرنگە کە پەروەردەی کولتووری لە شوێنی راستەوە دەست پێ بکات؛ شوێنی راستیش جەستەیە.»

پێویستی فەلسەفە

پێویستی فەلسەفە لەم رۆژگارەدا تەنێ پرسی شێوازی بیرکردنەوە یان بایەخدان بە ئاوەز نییە، هێندەش گرنگە فەلسەفە لە پرسی جەستە و لایەنە تەندروستییەکەی بکۆڵێتەوە تاوەکوو مرۆ بگاتە ئەوەی (نیتچە) ناوی لێناوە «مرۆڤی باڵا»؛ ئەو بنیادەمەی هەم لە رووی بیرکردنەوەوە، و هەم لە رووی جەستەییشەوە تەواو و بێ‌کەموکوڕییە.

هەروەها فەلسەفە پێویستە بۆ بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار و کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە رێگەی مشتومڕ و گفتوگۆی بنیاتنەرەوە. فەلسەفە تاییبەت نییە بە دەستەبژێرێک، بەڵکوو پێویستییەکی مرۆیی هەنووکەییە، تاوەکو بنیادەم لە ناو جەرگەی ژیاندا بتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد چارەسەر بدۆزێتەوە و لەتەک خۆی و ئەوانی تردا ئاشت بێتەوە و تێڕوانینی پێشوەختە وەلا بنێت.

ئەمڕۆ، هاوشانی چارەسەرە پزیشکییەکان، باس لە «چارەسەر بە فەلسەفە» دەکرێت. فەلسەفە بە دوای وەڵامەکاندا دەگەڕێت لە دەرەوەی کلینیک و دەروونناسی. ئەم هەوڵانە لە (ئەپیقۆر)ـەوە دەستیپێکرد، دواتر (شۆپنهاوەر)  بنەماکانی داڕشتەوە و تا مرۆ لە رێگەی «فەلسەفاندن»ـەوە لە «بەدبەختی» دوور بکەوێتەوە. بگرە هەندێک فەیلەسوف وای دەبینن کە فەلسەفە باشترین جێگرەوەیە بۆ چاککردنەوەی مرۆ بێ بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی.

فەلسەفە لە سەرەتادا لە دەرەوەی دیوارە ئەکادیمییەکان دەستیپێکرد و هیچ کات خۆی لە «خەڵقی ئاسایی» مەحروم نەکردووە؛ (سۆکرات) لە ناو کوچە و کۆڵانەکاندا دەگەڕا و لەتەک هەموواندا دەکەوتە گفتوگۆ. (دیۆجین) لە ناو بەرمیلێکدا دەژیا و لە ناو خەڵقی دادەنیشت تا باس لە بیر و راکانی بکات بێ ئەوەی پێویستی بە نووسینەوە بێت.

وتاری فەلسەفی لە سەرەتادا ملکەچی هیچ سیستەمێکی ئەکادیمی و زانکۆیی نەبوو، بەڵکوو «هونەری ژیان» و شێوازێکی تاییبەتی ژیان بوو. دواتر (سپینۆزا) رزگاریی خۆی لە فەلسەفەدا دۆزییەوە و (نیتچە) کردی بە هێزێک بۆ گەیشتن بە «مرۆڤی باڵا» لە رێگەی بەهێزکردنی جەستە و شادی، چونکە ئێمە جەستەیەکی بیرکەرەوەین و تەنێ بە جەستەی تەندروستەوە بیر دەکەینەوە.

لە سەردەمی هاوچەرخیشدا، دەنگی زۆر بەرز بوونەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ «فەلسەفەی شەعبی» وەک ئەوەی (دیدرۆ) دەیویست کاتێ دەیگووت: «با پەلە بکەین بۆ ئەوەی فەلسەفە بکەینە پرسێکی گشتی.» ئەو دەیویست فەلسەفە لە ژێردەستی نوخبەوە بێنێتەوە بۆ ناو خەڵقی تا کۆتایی بە نەزانی گشتی بهێنێت.

بیرکردنەوە و بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیار

لەم بارەیەوە، ئەزموونی فەیلەسوفی فەڕەنسی (بێرنارد ستیگلەر) نموونەیکی بێ‌وینەیە. ئەو زوو خوێندنی جێهێشت و دواتر بەهۆی تاوانێکەوە کەوتە زیندان، بەڵام ساڵانی زیندانی بۆ خوێندنی زمانەوانی و فەلسەفە بەکار هێنا. لە ژێر کاریگەریی (ژاک دێریدا) بووە یەکێک لە گرنگترین فەیلەسوفە هاوچەرخەکان.

ستیگلەر لە بری ئەوەی لۆمەی کۆمەڵگە بکات، لە فەلسەفەدا بە دوای چارەسەردا گەڕا بۆ ئەو دۆخەی تێی کەوتبوو. ئەو لە قووڵایی ناخی خۆیدا گەڕا و ڕزگاریی خۆی لە فەلسەفەدا دۆزییەوە.  سەرنجی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ئێستا و ئەو تەکنەلۆژیا نوێیەی کە ژیانی مرۆی گۆڕیوە.

بێرنارد ستیگلەر، نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەوەی فەلسەفە چ گۆڕانکارییەک لە خودی بنیادەمدا دەکات وەک چارەسەرێک بۆ ژیان بە هونەر. ئێمە ئەمڕۆ لەم بارودۆخە نادیارەدا، پێویستیمان بە بونیادنانی نەوەیەکی هۆشیارە کە بتوانێت پرسیار لەم گۆڕانکارییانە بکات، بەتاییبەت لە ناو قوتابخانە سەرەتاییەکاندا. لای ئێمەدا هێشتا فەلسەفە و پرسیارەکانی لەم تەمەنەدا بوونی نییە، لە کاتێکدا بنیادەم لەم تەمەنەدا کەسایەتیی خۆی دەناسێت و سەربەخۆیی بیرکردنەوە پەیدا دەکات. دروستکردنی گومان و سەرسامی لە دڵی منداڵدا و پێدانی مافی پرسیارکردن، مافێکی بنەڕەتییە کە بێ ئەو، مەرجی بنیادەمبوونمان تەواو نابێت.

کۆتایی قسە

کۆتایی قسە؛ فەلسەفە هیی هەمووانە، چونکە مافی ژیان بۆ هەمی وەکوو یەکە. ئەگەر دانایی نەتوانێت ئازارێک لە بنیادەمی سەرگەردان کەم بکاتەوە، ئەوا جگە لە کایەیەکی وشکی زمانەوانی هیچیتر نییە. رزگارکردنی ئەم زانستە لە زمانی دەستکردی نوخبە و هێنانە خوارەوەی لە دیوارە بەرزەکانی ئەکادیمیا بۆ خەڵقی، گەڕانەوەیە بۆ رەسەنایەتیی مرۆ. ناکرێ فەلسەفە تەنێ لە ناو کتێبە تۆزاوییەکاندا بژی و بنیادەم لە ناو جەنجاڵی و گیرۆدەیی و ئازاری ڕۆژانەدا بێ‌دەسەڵات بمێنێتەوە. کاتێک فەلسەفە لە ژوورە داخراوەکان دێتە دەرێ، ئینجا دەبێتە هێزێک بۆ گۆڕینی ژیان. ئێمە تەنێ کاتێک دەتوانین بێژین فەلسەفەمان هەیە، کە بتوانێت لە لووتکەی ترس و نائومێدی و قووڵایی قەیراندا ڕێچارەمان پیشان بدات.