رەنجدەر رزگار
نووسەر
شەڕ لە ئاسمان، بەرپرسیارێتی لە زەوی: ئەرکی میدیای کوردی لە قەیرانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا
لە کاتێکدا ئاگری ململانێی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە، هەرێمی کوردستان تەنها تەماشاکەر نییە، بەڵکو ئەم ناوچەیە بەهۆی شوێنی جوگرافی و هاوسنووربوونەوە، لە ناو بازنەی کاریگەرییەکاندا خۆی دەبینێتەوە.
هەر هەڕەشە و هەر هێرشێک لە ناوچەکەدا، بە شێوەیەک کاریگەرییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەسەر هەرێم و عێراق دەبێت، لەم بارودۆخەدا، میدیای کوردی تەنها گواستنەوەی هەواڵ ناکات، بەڵکو بۆتە بەشێک لە گۆڕەپانی قەیرانەکە.
پرسیار ئەوەیە: میدیای کوردی دەبێت چی بکات؟
یەکەم: بەرپرسیارێتی سەرەکی میدیا لە کاتی شەڕدا پاراستنی راستییە، لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەواڵ بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام زۆرجار بێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرشی دڕۆن، موشەک یان هەڕەشەی نوێ، ئەگەر بێ دووجار و سێجار پشتڕاستکردنەوە بڵاو بکرێتەوە، ئەوە ترس و شڵەژان لە ناو کۆمەڵگە دروست دەکات و لە هەرێمدا، هاووڵاتیان زۆرجار بە بیستنی هەواڵی هێرش یان هەڕەشە بەدەستی درۆنەکان نیگەران دەبن، میدیا نابێت ببێتە هۆی زیادکردنی ئەو نیگەرانییە.
دووەم: میدیای کوردی پێویستە سنووری نێوان زانیاری دروست و بەشداریکردن لە پڕوپاگەندا جیا بکاتەوە و بڵاوکردنەوەی لێدوانە سەربازی و سیاسییەکان بێ شیکردنەوە و بێ دووپاتکردنەوەە، رەنگە میدیا بخاتە ناو بازنەی شەڕی گوتاری، لەم دۆخەدا، میدیا نەک تەنها گواستنەوەی زانیاری دەکات، بەڵکو دەبێتە ئامرازێک بە دەست ئەکتەرەکان بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان.
سێیەم: گرنگە میدیای کوردی بە شوێنی رووداو بچێت بە هۆشیاری، هەرچەندە ئامادەبوون لە شوێنی رووداو متمانە دروست دەکات، بەڵام هەموو راستەوخۆییەک رەوا نییە لە کاتی هێرش یان رووداوە سەربازییەکان، نیشاندانی شوێنی ورد و بارودۆخی هێزەکان دەتوانێت مەترسی دروست بکات، ئینجا بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و پاراستنی سەلامەتیی گشتی دەبێت لە سەرەوەی هەموو شتێک بێت.
چوارەم: پێویستە میدیا جیاوازی نێوان شیکاری و پسپۆری بپارێزێت، ئەوەی هەندێک میدیاکار خۆیان سات بە سات شیکاری جەنگ دەکەن، بێ پشتبەستن بە پسپۆرانی ستراتیژی یان سەربازی، دەکرێت زانیارییەکی ناتەواو یان هەڵە بڵاو بکاتەوە، لە کاتی شەڕدا، هەر وشەیەک دەکرێت رەنگە کاریگەری هەبێت، باشترە میدیاکاری کورد رۆڵی رێکخەر و گواستنەوەی شیکارییە باوەرپێکراوەکان بگرێت، نەک ئەوەی ببێتە شیکەرەوەی سەرەکی جەنگەکە.
پێنجەم: میدیا دەبێت گرنگی بە رەهەندی مرۆیی بدات، لە کاتی شەڕی ئێران و ئیسرائیل و کاردانەوەی ئەمریکا، زۆر باس لە ستراتیژی و هێرش و وەڵام دەکرێت، بەڵام کەمتر باس لە کاریگەرییەکانی سەر ژیانی خەڵکی هەرێم و عێراق دەکرێت، لە گرانبوونی بازرگانی و سووتەمەنییەکانەوە تا ترسی کۆمەڵایەتی، میدیا دەتوانێت ئەم دەنگە نەبیستراوانە بخاتە ناو گۆڕەپانەکە.
لە کۆتاییدا، میدیای کوردی لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئەگەر بتوانێت نێوان ئازادی راگەیاندن و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی هاوسەنگی دروست بکات، ئەوا دەتوانێت ببێتە هێزێکی ئارامکەرەوە لە ناو قەیرانەکەدا، بەڵام ئەگەر بکەوێتە داوی خێرایی، بەپەلە و لایەنگری، ئەوا دەکرێت ببێتە بەشێک لە ئاگری ئەو شەڕەی کە هەمووان دەسوتێنێت.