نەورۆزی بۆن.. دەرکەوتەی هێزی نەرمی رەوەندی کوردستانی و بەرجەستەکردنی دیدگای سەرۆک بارزانی

نەورۆزی بۆن.. دەرکەوتەی هێزی نەرمی رەوەندی کوردستانی و بەرجەستەکردنی دیدگای سەرۆک بارزانی
نەورۆزی بۆن.. دەرکەوتەی هێزی نەرمی رەوەندی کوردستانی و بەرجەستەکردنی دیدگای سەرۆک بارزانی

کەرنەڤاڵە جەماوەرییە مەزنەکەی شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، تەنیا ئاهەنگێکی وەرزی و بۆنەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو نمایشێکی گەورەی هێزی نەرمی نەتەوەیەکە بوو لە دڵی ئەوروپادا، ئەم گردبوونەوە یەکجار گەورەیە سەلماندی کە دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات، خاوەنی سەنگ و قورساییەکی جوگرافی و سیاسیی بێوێنەیە، ئەگەر بە دروستی ئاراستە بکرێت، دەتوانێت گەورەترین کاریگەری لەسەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بڕیار دروست بکات.

لەو کەرنەڤاڵەدا، کوردستانیان بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پۆشینی جلی رەسەنی کوردییەوە، تابلۆیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش و شارستانییان نەخشاند، بەتەواوی سەرنجی ئەڵمانیا و ئەوروپایان بۆ لای خۆیان راکێشا، ئەم دیمەنە پڕ لە رەنگ و ئاشتییە، وای کردووە کە ساڵانە میدیاکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بە گرنگییەوە رووماڵی ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن و پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی دیاسپۆرا بکەن، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە کولتووری دەوڵەمەندی ئێمە، باشترین پردی پەیوەندییە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و راکێشانی سۆز و پشتگیریی گەلانی جیهان.

ئەوەی بەهایەکی ستراتیژیی زیاتری بەم وێستگە مێژووییە بەخشی، ئەو نەخشەڕێگا گشتگیرە بوو کە لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بۆ ئامادەبووان و تەواوی رەوەندی کوردستانی لە جیهان خرایەڕوو، ئەو پرەنسیپە جەوهەرییانەی کە بوونەتە پێویستیی قۆناغەکە و ئێمە هەمیشە وەک ئامانجی باڵا دەڕوانینە پیادەکردنیان، وەک: پاراستنی ناسنامە و زمانی نەتەوەیی لەناو نەوەکانی داهاتوودا، خۆڕێکخستنەوەی رەوەندی کوردی لەسەر بنەمای یەکڕیزیی نەتەوەیی، نواندنی رۆڵی باڵیۆزێکی شارستانی کە رێز لە بەهاکانی وڵاتانی میوانگر بگرێت، دروستکردنی لۆبییەکی یەکگرتوو بۆ داکۆکیکردن لە ئاشتی و مافە رەواکانی گەلەکەمان، رێک ئەو بابەتە هەستیارانە بوون کە جەنابی سەرۆک وەک دیدگایەکی نەتەوەیی و سیاسیی قووڵ لە پەیامەکەیدا بۆ تاراوگەنشینان ورووژاندنی.

ئێمە سەرکەوتنی مەراسیمەکەی شاری بۆن و ئەو ئاراستە ستراتیژییانەی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتبوون، وەک بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێی خەباتی دیپلۆماسی و رێکخراوەیی خۆمان لە دەرەوەی وڵات دەبینین.

لێرەوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە تەواوی هەوڵ و تواناکانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگێڕانی دیدگا و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەر واقیعی پراکتیکی و جێبەجێکردنیان بەبێ درێغی، ئەرکی لەپێشینەمان ئەوە دەبێت کە ئەو ڕاسپاردانە بکەینە چوارچێوەیەکی کاری دامەزراوەیی، تاوەکوو رەوەندی کوردستانی ببێتە دوانە و تەواوکەری هێزی ناوخۆیی کوردستان و لەم سەردەمەی جیهانگیریدا، کاریگەرترین ڕۆڵ لە پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیاندنی دەنگی ڕەوای نەتەوەکەمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگێڕێت.

لە کۆتاییدا، دەمەوێت سوپاسێکی گەرم و بێپایانی هەموو ئەو کوردە نیشتمانپەروەرانەی دیاسپۆرا بکەم کە بەو جۆش و خرۆشەوە ئامادەی ئەم ئاهەنگە نەتەوەییە بوون و بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیامی زیندوویی نەتەوەکەمانیان بە جیهان گەیاند. 

هەروەها، جێی خۆیەتی دەستخۆشی و سوپاسێکی تایبەت ئاراستەی هەموو ئەوانە بکەم کە شەونخوونییان کرد و ئەرکی رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم کەرنەڤاڵە مەزنەیان لەئەستۆ گرت، ئامادەبوونی ئێوە و ماندووبوونی رێکخەران، سەلماندی کە شادەماری کوردایەتی لە دەرەوەی وڵات چەندە بەهێزە و هێز و ورەیەکی گەورەتر بە هەموومان دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون.

هاوکات، جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانینی تایبەتمان ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکانی کوردستان بکەین، کە بە گرنگیپێدانێکی زۆرەوە رووماڵی ئاهەنگەکەی نەورۆزی شاری بۆنی ئەڵمانیایان کرد و پەیام و دەنگ و رەنگی ئەم هێزە گەورەیەی رەوەندی کوردستانیان بە ناوخۆی نیشتمان و تەواوی جیهان گەیاند.