جەنگێک، هیچکەس نایەوێت و هەمووان بەپیرییەوە دەچن!

جەنگێک، هیچکەس نایەوێت و هەمووان بەپیرییەوە دەچن!
جەنگێک، هیچکەس نایەوێت و هەمووان بەپیرییەوە دەچن!

لەناو هەموو ململانێ و ناکۆکییە دیار و نادیارەکانی ئەمڕۆی سیاسەتی جیهانیدا، کەمترین رووداو هەیە کە وەک جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل - ئێران، توانیبێتی و بتوانێت ئەوەندە خێرا، لە قۆناغی جەنگێکی فراوان نزیک ببێتەوە. هەنووکە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە ئایا ئەم جەنگە بۆ رووی دا، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە تا چەندە ئەگەری راوەستانی هەیە و کێ دەتوانێت رێگایەکی دەرچوون بدۆزێتەوە؟

لە ڕووی فاکت و زانیارییە باوەڕپێکراوەکانەوە، نیشانەکان ئاماژە بە دوو ئاراستەی جیاواز دەکەن. لە لایەکەوە، هەردوولا بەڕوونی و زۆر باش دەزانن، جەنگێکی فراوان دەتوانێت بگاتە قۆناغێک کە کۆنترۆڵی لەدەست دەردەچێت. لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەیان ناچار بە پاشەکشە بکەن، هەردوولا بە شێوەیەکی بەردەوام هێز و هێرشەکانیان بۆسەر یەکتر زیاتر دەکەن.

ئەم دۆخەش بەواتا کلاسیکییەکەی هاوکێشەکە، پێی دەگوترێت (ڕاگرتنی هەڵبژاردەکان). بەو واتایەی، سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو بەرەکە لەناو نیگەرانی و ترسی فراوانبوونی جەنگەکەدا دەژین، کەچی هیچ لایەکیشیان دەست ناکێشێتەوە و ئامادەیی پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

ڕاستییەکەی، کەم و زۆر، نزیک و دوور، ئەگەری راوەستانی جەنگەکە هەیە، بەڵام ئەم ئەگەرە پەیوەندیی بە نواندنی نەرمیی سیاسی یان دەربڕینی ئامادەیی لایەنەکانەوە نییە بۆ ئاشتی، بەڵکوو زیاتر بەهۆی ترس و نیگەرانییەکانیانە لە زیانەکانی کەوتنە ناو جەنگێکی درێژخایەن. بۆیە ئەگەری وەستانی جەنگەکە، لە گریمانەی درێژەکێشان و فراوانترکردنی، نزیک و زیاترە، چۆن و لەبەر چی؟

بۆیە لەم سەروبەندەدا و لەناو گەرمەی هێرشکردنە سەر یەکتری، چەند ڕۆژێکە باسی دانوستان و گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماسی و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی زانیاری بێت، گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆن و زیاتر لە رێگای کەناڵە دیپلۆماسییە نهێنییەکان یان لە ڕێگای ناوبژیوانانی سێیەمەوەن، لە نموونەی وڵاتانی وەک عومان و پاکستان. دیارە ئەم جۆرە گفتوگۆیانەش زیاتر بۆ راگرتنی ئاستی هەڵکشان و بەرگرتن بر پەرەسەندنی جەنگەکە و گەیاندنی پەیامەکانن، نەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تەواو و بەرقەرارکردنی ئاشتییەکی جێگیر.

بەگوێرەی پێدراو و پێشهاتەکان بێت، داهاتووی ئەم جەنگە لەبەردەم سێ سناریۆی سەرەکیدایە: 

یەکەم: راگرتنی جەنگەکە بەشێوەیەکی کاتی و لە ڕێگای فشارە دیپلۆماسییەکانەوە.

دووەم: بەردەوامبوونی جەنگەکە بەشێوەیەکی سنووردار، کە تێیدا هێرش و بەرپەرچدانەوەکان سنووردار و کۆنترۆڵکراو دەبن.

سێیەم: کە مەترسیدارترین سیناریۆیە، تەشەنەسەندن و فراوانبوونی جەنگەکەیە بۆ جەنگێکی ناوچەیی سەرتاپاگیر.

خۆشبەختانە، تا ئێستا، زۆرینەی نیشانە، ئاماژە و بەڵگەکان، سناریۆی دووەم پشتڕاست دەکەنەوە، بەوپێیەی کە هەموو لایەنەکانی جەنگەکە هەوڵ دەدەن، بەبێ شکاندنی تەواوی سنوورەکان و سەرکێشان بۆ جەنگێکی فراوان و درێژخایەن، تەنیا فشار لەسەر یەکتر دروست بکەن.

دواجار، وەک زۆر جەنگی تری ناوچەکە، بوون و بەردەوامیی ڕاگرتنی هاوسەنگییەکی ناسک لە نێوان ترس و بەرژەوەندیدا، ئەنجامی ئەم جەنگە دیاری دەکات، نەک هێز و هەڕەشەی سەربازی یان وتووێژی سیاسی و دیپلۆماسی. بۆیە هەر کاتێک ئەم هاوسەنگییە تێک بچێت، ناوچەکە دەچێتە ناو قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزی. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو هاوسەنگییە بەردەوام بێت، ئەوا جەنگەکە دەبێتە دۆخێکی درێژخایەن، کە نە ئاشتییە و نە جەنگێکی تەواو، بەڵکوو شتێکە لەو نێوانەدا.