زمانی پەراوێزخستن!

زمانی پەراوێزخستن!
زمانی پەراوێزخستن!

بێگومان زمان بێلایەن نییە؛ ئەو وشانەی هەڵیان دەبژێرین، رێک وەک ئەو وشانەن، کە خۆیان لێ دوور دەگرین، ئەو وشانە هەڵگری دید و هەڵوێستمانن بۆ روانین لە جیهان. سەنگ و کێشی زمان ئەوکاتە چەند قات دەبێتەوە، کە دەگاتە سەر ناونانی شوێن و قەوارە سیاسییەکان؛ لێرەدا تاکە وشەیەک دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ و دەیان ساڵ لە خەبات و ئیرادەی گشتیی تێدا کورت دەبێتەوە. بەم چەشنە، ناونان دەبێتە کردەیەکی سیاسی، نەک هەر تەنیا گوزارشتێکی سادەی زمانەوانی.

لەم سۆنگەیەوە، کاتێک راگەیاندنکارێک، راوێژکارێک، یان شرۆڤەکارێکی سیاسی وەسفێکی دیاریکراو بۆ کوردستان بەکاردەهێنێت، ئەوە رەنگدانەوەی هەڵوێستی ئەو کەسەیە بەرانبەر بە هەموو دۆزەکە. لێرەدا ناونان تەنیا مەسەلەیەکی زمان و  زاراوەیی نییە، بەڵکو ئاوێنەی دیدگایەکی سیاسیی روونە. بەکارهێنانی وەسفی "باکووری عێراق" لەبری "هەرێمی کوردستان" ناکرێت وەک هەڵەیەکی زمانەوانی، یان بەسیتکردنەوەی گۆڕەپانی جوگرافی -وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت- سەیر بکرێت، بەڵکو گوزارشتێکی روون و راشکاو لە هەڵوێستێکی توند و ناجۆر کە ئیرادەی گەلی کورد پشتگوێ دەخات و نکۆڵی لە مافە دەستوورییەکانی دەکات. چونکە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی فیدراڵیی فەرمیی دانپێدانراوە، خاوەنی حکوومەت و پەرلەمان و هێزی پارێزەرە، بەرجەستەکەری مێژووی دوورودرێژی خەباتی سیاسی و سەربازییە.

دەستووری عێراق ئەم پرسەی بە روونی یەکلاکردووەتەوە، چونکە ماددەی (117) بە راشکاوی جەختی لە دانپێدانان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا کردووەتەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی؛ ئەمەش یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستەمی فیدراڵیی عێراق و چاسپاندنی ناسنامە و مافەکانی گەلێک بە تێکڕایی. هەروەها لە ماددەی (116) هاتووە بۆ ئەوەی دووپاتی بکاتەوە کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق لە پایتەخت و هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانە پێکدێت کە ناچنە چوارچێوەی هیچ هەرێمێکەوە، ئەمەش ڕێک ئەو چوارچێوەیەیە کە پرۆسەی سیاسیی دوای ساڵی 2003ی لەسەر بونیاد نراوە.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمانێکی پڕ لە ئازارە، ئەوەیە کە ئەو لایەنانەی سەردەمانێک دروشمی  تووندی دژایەتیکردنی مەرکەزییەتیان بەرز دەکردەوە، ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە بۆ بەکارهێنانەوە و کۆپیکردنەوەی هەمان زمان و ئامرازەکانی مەرکەزییەت؛ ئەمەش دژایەتییەکی ئاشکرای نێوان گوتاری دیموکراسیی راگەیەندراو و کرداری راستەقینەیە. ئەم ناڕۆشنییەش، پرسیاری جیدی دەربارەی ئاستی رێزگرتن لە مافی رەوای پێکهاتەکانی دیکە دەورووژێنێت. چونکە جەوهەری دیموکراسیی راستەقینە تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی قووڵ بە فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی، قبووڵکردنی "ئەویتر"ی جیاواز وەک بەهایەکی مرۆیی چەسپاو، بونیاد دەنرێت، نەک وەک رێککەوتنێکی کاتی و بەرژەوەندیخوازانە. کاتێکیش مافی گەلێک لەو ناونانەی، کە خۆی بۆ خۆی هەڵیبژاردووە رەت دەکرێتەوە، یان دان بەو قەوارەیەدا نانرێت کە دەستوور چەسپاندوویەتی، ئیتر دیموکراسی دەبێتە تەنیا کۆمەڵێک رێوڕەسمی رواڵەتی و خاڵی لە هەموو مانایەک.

ئەوانەی نکۆڵی لە ناوی "هەرێمی کوردستان" دەکەن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ نکۆڵی لە ناسنامەی گەلی کورد و مافە رەواکانی دەکەن؛ لە کاتێکدا ئەوانەی وەک خۆی بەکاری دەهێنن، دان بە راستییەکی سیاسی، یاسایی و دیمۆگرافیی هەبوودا دەنێن. هەر بۆیە، مشتومڕی سەر ناونانەکە تەنیا وتوێژێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو مەعرەکەیەکی رەمزییە کە ململانێیەکی قووڵتر دەربارەی سروشتی دەوڵەتی عێراق ئاشکرا دەکات: ئایا ئەمە دەوڵەتێکە کە مەرکەزییەتی رابردوو بەرهەم دەهێنێتەوە، یان دەوڵەتێکی فیدراڵییە کە دان بە فرەییدا دەنێت و بنەماکانی هاوبەشییەکی راستەقینە دادەڕێژێت؟

لێرەدا پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: چۆن دەکرێت کەسانێک بە ناوی دیموکراسییەوە بدوێن و کەچی نکۆڵی لە یەکێک لە رەهەندە بنەڕەتییەکانی بکەن، کە ئەویش دانپێدانانە بە فرەیی و مافە نەتەوەییەکان؟ چۆن دەبێت ئەوانەی دوای 2003 دروشمی گۆڕانکارییان بەرز کردەوە، هەمان زمانی پەراوێزخستن بەرهەم بهێننەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنیا هەڵوێست بەرانبەر بە کوردستان دیاری ناکات، بەڵکو سیمای داهاتووی تەواوی عێراق دەکێشێت، چونکە عێراقێک، کە دان بە مافی پێکهاتەکانیدا نەنێت، لە بونیادنانی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی دەستەوەستان دەبێت؛ ئەو دیموکراسییەی نکۆڵی لە فرەیی بکات بە ناتەواوی دەمێنێتەوە؛ ئەو نیشتمانەیشی جێگەی هەمووانی تێدا نەبێتەوە، بۆ هەمووان بەرتەسک دەبێتەوە.

زمان زۆر لەوە گەورەترە تەنیا کۆمەڵە هێمایەک بێت کە بنووسرێت و بگوترێت؛ زمان ئەو جیهانانەیە کە بە وشە دایاندەڕێژین و سەرلەنوێ شێوەیان دەدەینەوە. کاتێک شتەکان بە ناوە راستەقینەکانی خۆیان ناودەبەین، دان بە راستییەکەیاندا دەنێین و رێز لە ئیرادەی ئەو کەسانە دەگرین کە سەر بەو ناونانەن، بەڵام کاتێک ناونانەکە رەت دەکەینەوە، ئێمە رێگەی نکۆڵیکردن و پەراوێزخستن هەڵدەبژێرین، ئەو عەقڵییەتە بەرهەم دەهێنینەوە کە بە درێژایی چەندین دەیەی رابردوو باجێکی قورسی بەسەر ناوچەکەدا سەپاند. لێرەوە، ناونان دەبێتە ئەزموونێک بۆ هۆشیاری، هەروەها ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە کە قووڵایی دیموکراسی و داهاتووی عێراقی پێ پێوانە دەکرێت.