راگەیاندنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ چوارشەممە دواخرا

عەباس عامری ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی گوت "راگەیاندنی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ چوارشەممە دواخرا".

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکانی کابینیە نوێی حکوومەتی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوو رۆژی داهاتوودا لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەبێت و چوارشەممە، کاندیدی فەرمیان بۆ پستی سەرۆکوەزیران رادەگەیەنن.  

عەباس عامری دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتیشی: کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، لەیەک تێکگەیشتنی باش هەبوو، هەموو بیروبۆچوونەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بەڵام گفتوگۆکان پێویستی بەکاتی زیاتر هەبوو، بۆیە هەموو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریاندا تاوەکوو چوارشەممە کۆبوونەوەکە دوا بخرێت، لەگەڵ ئەمەشدا سبەی سێشەممەش، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.

هەروەها گەشتبینی خۆی راگەیاند، کە چوارشەممە، پرسی کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی داهاتووی عێراق را دەگەیەنن.

دوای مشتومڕێکی زۆر، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەغدا بە دەنگی زۆرینە کاندیدی جێگرەوەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری کرد، باسم بەدری کە کاندیدێکی نزیک لە نووری مالیکییە، توانی متمانەی زۆرینەی هێزە شیعەکان بەدەستبهێنێت و ئێستا وەک بەهێزترین کاندید بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەردەکەوێت، بەڵام قەیس خەزعەلی دژی کاندیدکردنی بەدرییە بۆ ئەو پۆستە

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای ڤیتۆی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی و ئەنجامدانی 12 کۆبوونەوەی چڕوپڕ، دواجار پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق گەیشتە قۆناغی یەکلاکەرەوە.

هەروەها نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رازی بووە لە کاندیدبوون بکشێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی کە خۆی ناوی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەستنیشان بکات. هاوکات مالیکی مەرجی ئەوەشی داناوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک محەممەد شیاع سوودانی بۆ ئەو پۆستە رابسپێردرێتەوە.

بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەی فراوانی ئەمشەو لە ماڵی هادی عامری، زۆربەی لایەنە شیعەکان لە ماڵی موحسین مەندەلاوی کۆبوونەتەوە و "شەرەفنامەیەکی نیشتمانی"یان ئیمزا کردووە. ئامانجی ئەم هەنگاوە رێگریکردنە لە هەر جۆرە پەرتەوازەییەک و دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە پرسی سەرۆکوەزیران بەبێ کێشە و لە چوارچێوەی "ماڵی شیعە"دا ئەمشەو یەکلا بکرێتەوە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەڕای نزیکبوونەوە لە رێککەوتن لەسەر ناوی سەرۆکوەزیران، هێشتا لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستە وزارییەکانی دیکە ناکۆکن. ئەگەر ئەمشەو ئەم گرێکوێرەیە نەکرێتەوە، راگەیاندنی کاندیدەکە بۆ رۆژانی داهاتوو دوادەخرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنها 6 رۆژ مۆڵەتی یاسایی لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی کابینەکە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە، دیلان بارزان پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوە هەماهەنگی گەیشتوونەتە ماڵی عەممار حەکیم و باسم بەدری کاندیدی نووری مالکیش گەیشتووە.

هەروەها موشریق فرێجی، سەکردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە کوردستان24ـی راگەیاند: سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێکەوتوون بۆ نووسینگەی عەمار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزە نیشتمانییەکان، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یەکلاکردنەوەی پرسی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

باسم حازم حەمید بەدری، لەدایکبووی ساڵی 1964ـی شاری بەغدایە، لە ساڵی 1986 لە ساڵی 2013ـی بڕوانامەی دکتۆرای بە پلەی نایاب لە پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵیدا وەرگرتووە.

دکتۆر باسم بۆ ماوەی 15 ساڵ (1988-2003) وەک توێژەر لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق کاری کردووە. زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت

باسم بەدری کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی حزبی دەعوەی ئیسلامی، مێژوویەکی نزیکی لەگەڵ مالیکیدا هەیە و لە ساڵی 2013 لەلایەن ناوبراوەوە وەک سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری ڕاسپێردرابوو.