ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی و راگەیاندنی ئایینی!

ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی و راگەیاندنی ئایینی!
ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی و راگەیاندنی ئایینی!

ئەگەرچی لەم رۆژگارەدا راگەیاندن و کاری رۆژنامەگەری بە تەنیا خۆی لە رۆژنامەی کاغەزی و خوێندراو نابینێتەوە، بەڵکو بە شێوەی دیجیتاڵ و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش پێشوەچوونێکی گەورەی بەخۆوە بینیوە، ئەم فۆڕمە لە بواری راگەیاندن هەرچەندە لەرووی خێرایی دەسکەوتنی زانیاری و پەیوەندی راستەوخۆ بە خوێنەرو کەمی خەرجی و فراوانی تۆڕی بەشداربووان و گواستنەوەی دەنگ و رەنگ پێشکەوتنێکی بەهێزی هەیە، بەڵام رەنگە وەک پێشتر لە رووی هەستی بەرپرسیارێتی و ئەتەکێتی پیشەیی و رەچاوکردنی بەهاو قیەمی کەلتووری وەک پێویست گوزارشت نەکات و لە ئاست پێشکەوتنەکانی رۆژگار؛ ستراتیژێکی ئەوتۆی لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەو سێکتەرە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان نەبێت!

راگەیاندنی ئایینی - ئیسلامی- دەتوانێت رۆڵێکی باش ببینێت لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی باشتر، ئەگەر لەسەر بنەماکانی ڕاستگۆیی، دادپەروەری و بەرپرسیاریی بەکاربهێنرێت و لە چوارچێوەی ئامانجی بڵاوکردنەوەی پەیامە جوان و رەسەنەکانی ئیسلام و گەشەپێدانی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و رێنمایی گەنجان و کۆمەڵگاو پەرەپێدانی یەکگرتوویی و ئاشتی خۆی ببینیێتەوە.

ئەوەی زۆر جار جێی گلەییە لەم نێوەدا، نەبوونی تۆڕێکی میدیایی گەورەو جیهانیە، کە گوزارشت لە دۆخی دینداری گەلی کورد بکات و مێژووی پڕ سەروەری و خزمەت و سەروەرییەکان بگوازێتەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، تا بۆ هەموو لایەک روون بێت کورد چەندە گەلێکی دیندارو ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆست و خاوەن فەرهەنگێکی رەسەنە، ئەو گەلەی لە زۆربەی میللەتانی دونیا ئایینی ئیسلامی جوانتر وەرگرتووەو پەیڕەو کردووە، خزمەتی ئایینی کردووە بەڵام ئایینی نەکردۆتە پەیژە بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئەجێنداو ئامانجە تایبەتی و سیاسیەکان.

کەواتە قسە لەسەر کاریگەری و لێکەوتەو ئەرک و ئامانجەکانی راگەیاندنە لەناو خۆی کۆمەڵگە بە تایبەت لە رووە ئایینیەکەی، کە دەتوانین بڵێین زانایانی ئایینی کاراکتەرێکی گرنگ و کاریگەری ئەو مەیدانەن و لە رێیی نووسین و پەیام و ئامۆژگاری و مینبەرو ناوەندە ئایینیەکانەوە خزمەتێکی گەورەییان پێشکەش بە کۆمەڵگە کردووە، لەگەڵ فراوانی شەپۆلە جۆراوجۆرەکانی کرانەوەو بەربەست و ئاڵنگارییەکانی رۆژگارو نەبوونی سانسۆری پێویست لەدونیای دیجیتاڵی و پێشکەوتنە خێرایەکان، توانیویانە دۆخی کورد لەسەر رێ و رێبازی دینداری و پابەندی بە بەها ئایینی و کەلتوورییەکان بهێڵننەوەو زۆرێک لەو دیاردانەی مەترسین بۆ سەر کیان و کۆمەڵگە لابدەن و ببنە هەوێنی چاکەکاری و ئارامی کۆمەڵایەنی و نیشتمانی.

راگه‌یاندن لە تەرازوی ئیسلامدا ئەرک و ئەمانەت و بەرپرسیارێتییە، قورئانی پیرۆز زۆر بنەمای گرنگی بۆ کاری گەیاندن و بواری راگەیاندن داڕشتووە، لەوانە: (وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَٰئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا) الإسراء:36، (كُنْتُمْ خَيْرَ أُمَّةٍ أُخْرِجَتْ لِلنَّاسِ تَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَتَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ) يل عمران:110، (وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا) البقرە:83، (وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا) الأحزاب:70، هتد. 

بەو پێیەی بێت راگەیاندن وێڕای ئەوەی خۆی له‌ ئاراسته‌یه‌كی خێرویستانه‌‌و راست‌ و راشكاوانه‌ به‌ ره‌چاوكردنی بنه‌ما‌و رێنماییه‌ گشتیه‌كانی ئیسلام ده‌بینێته‌وه، لەهەمان کات هەستیاری و بەرپرسیارێتی زۆریشی هەیە، کە ناکرێ ئەو گوتارە هیچ کات خاڵی بێت لە راستگۆیی و نیەتپاکی‌، لێرەوە‌ جیاوازی راگه‌یاندنی ئایینی لەگەڵ راگەیاندنی گشتی دەرەکەوێت، كه‌ خاوه‌ن سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و گشتگیره‌ و له‌ هه‌ر كوێی وڵات بایه‌خی پێ‌ بدرێت، به‌ قازانجی ئه‌وه‌ی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و هێزی پاڵپشتی و پێشکەوتن بە گەل و نیشتمان دەدات، به‌ڵام هه‌ر كات ئه‌و په‌یام و راگەیاندنە بە ئاراسته‌یه‌كی پێچه‌وانه‌وه‌، یان له‌ چوارچێوه‌یه‌كی بیری ته‌سك، یان بۆ ئامانجی تایبه‌تی، یان له‌ پێناو ئایدیۆلۆژیایه‌ك كورت كرایه‌وه‌، ئه‌و كات كاریگه‌رییه‌كانیشی ناچنه‌ خانه‌ی ئومێدو ئەنجامی ئەوتۆ لەسەر ئەرزی واقع دروست ناکات. 

ئه‌مڕۆ راگه‌یاندن بۆته‌ به‌شێكی كاریگه‌رو گرنگی ژیانی خه‌ڵك، به‌ شێوه‌یه‌ك زیاتر حه‌ده‌سه‌كان له‌ ئاوێنه‌ی راگه‌یاندن‌و میدیا ده‌زاندرێن‌و وه‌رده‌گیرێن، بۆیه‌ ئه‌ركه‌كه‌ش قوڕستره‌‌و بگره‌ پێویستیشی به‌ فۆڕم‌و میكانیزمی تازه‌ هه‌یه‌، تا وێنه‌یه‌كی كاریگه‌ر بخاته‌ مەیدانەوە، راگه‌یاندنی ئیسلامی هیچ كات بێ‌ كاریگه‌ر نه‌بووه‌، به‌ڵكو خوڵقێنه‌ری هێزی كاریگه‌ریه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، چونكه‌ راگه‌یاندنێكه‌ په‌یامداره‌‌و هه‌میشه‌ش به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات، بۆ پێگه‌یاندنی ئه‌و ئامانجانه‌ی له‌ پێناویدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

ئه‌ركی راگه‌یاندنی ئایینی خۆی له‌ بایه‌خدان به‌ بیرو باوه‌ڕو هۆشیاری موسڵمانان‌و زانیاری دروست‌ و ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ر به‌ پێی بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌مر به‌ چاكه‌‌و نه‌هی له‌ خراپه‌ به‌دی ده‌كرێ‌، له‌هه‌مان كاتدا رووبه‌ڕووی هه‌ر بۆچوون‌ و ته‌وژمێك ده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌ زیانی كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمان‌ و خاك‌ و نیشتمان ئاراسته‌ بكرێ‌، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كان چه‌مكه‌كانی (خێر‌و ئاشته‌وایی‌و ئومێد) ون ناكا‌و میسداقیه‌تی خۆشی ده‌پارێزێ‌، ئا به‌و شێوه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌‌و له‌ ناوه‌رۆكێكی پاك‌و پڕ ئیخلاص به‌ره‌و ئامانجه‌كانی رێگه‌ ده‌گرێ‌.

راگەیاندن و کاری رۆژنامەگەری بەرپرسیارێتی و ئەمانەت و ئەخلاقە، ناکرێ بە شێوەیەکی ناتەندروست و بە مەرام و میزاجی تایبەتی و کەسی مامەڵەی پێوە بکرێت، بەڵکو پێویستە لە چوارچێوەی ئادابی گشتی و یاساو رەچاوکردنی بەهاكانەوە بێت، ئەرکی رۆژنامەنووسان ئەوەیە بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ پرس و پێشهاتەکان بكەن و، هۆشیاری و زانیاريی دروست و هاوسەنگی و سه‌قامگيری و پاراستنی ئاشتەوايی كۆمەڵایەتی و بنەمای پێکەوەژیان و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵات لەبەرچاو بگرن.

ناکرێ ئاراستەی راگەیاندن لەرێی بابەت و بەرنامەی نەشیاو و گوماناوی و بریندارکەری شعووری خەڵک بەرەو ئاقاری خراپ و تێکدان و ترازان بچێت و لەجیاتی پێدانی هۆشیاری ئاریشەو گرفت بۆ کۆمەڵگە زیاد بکات، چونکە زۆر جار هەندێ کەناڵ و بەرنامەو رۆژنامەوان بێ رەچاوکردنی بەهای پیشەیی و مۆڕاڵی رۆژنامەگەری، سوکایەتی بە ئیسلام و پیرۆزییەکان و هەستی موسڵمانان دەکەن و هەموو سنوورێک دەبەزێنن، ئەمەش زیان و مەترسی و کاردانەوەی خراپ بەدوای خۆیدا دێنێت و خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیان ناکات.

له‌و قۆناغه‌شدا ئه‌ركی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ زیاتر خۆی له‌ ئه‌ستۆی زانایانی ئایینی ده‌بینێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان كاراكته‌ری ئه‌و بوارن‌و ده‌بێ‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما گشتیانه‌ی سه‌ره‌نجام یه‌ك هه‌ڵوێست بن له‌ ئه‌دای ئامانجی به‌رده‌میان، كه‌ گرنگی دانی هه‌ستی ئاینپه‌روه‌ری‌و نیشتماندۆستیه‌، وێڕای به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌و بیناكردنی رۆڵه‌كانی میلله‌ت له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌یه‌كی چاك‌ و خێرویست ‌و كه‌سایه‌تیه‌كی دامه‌زراوه‌وه‌.

گرنگه‌ راگەیاندنی ئایینی سەڕچاوەیەکی جێی متمانە بێت، كار بۆ سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ناكۆكییه‌كان بكات و خۆی لە زمانی هەڕەشەو زبرو نامۆو نزم بپارێزێت، هه‌وڵبدات زه‌مینه‌سازییه‌ك بكات بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی په‌یوه‌ندییه‌كان، كه‌ زامنی مانه‌وه‌ی ڕۆحییه‌تی یه‌كتر قه‌بوڵكردن بێت له‌ سه‌ر بنچینه‌ی ڕێزگرتن له‌ یه‌كتر و هه‌ڵبژاردنی دیالۆگ بۆ له تێگەیشتنی بەردەوام له‌ كاتی کێشە و ئاڵۆزییەکاندا، چونکە ئه‌ركی راگه‌یاندنی ئیسلامی گه‌یاندنی شته‌كانه‌ وه‌ك خۆی، هه‌ڵسه‌نگه‌اندنی بابه‌ته‌كان به‌ ئینصافه‌وه‌، لێكدانه‌وه‌ی حه‌ده‌سه‌كانه‌ به‌ره‌چاوكردنی بنه‌ماكانی ئه‌خلاقی‌و پیرۆزیه‌كان، به‌ر له‌وه‌ی ئیدانه‌كردنی تێدا بێت گه‌یاندنه‌، به‌ر له‌وه‌ی توڕه‌یی هه‌بێ‌ نه‌رمی‌و ئارامیه‌، له‌سه‌رووی هه‌مووشیه‌وه‌ راگه‌یاندێكی ئامانجداره‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌ركی راگه‌یاندنی ئایینی تا دوێنێ‌ ئه‌ركێك بووبێ‌، ئه‌وه‌ به‌ ته‌ئكید ئێستا ئه‌ركه‌كه‌ چه‌ند باره‌ بۆته‌وه‌‌و بگره‌ هه‌نگاوه‌كانیشی جیاوازترن، ئه‌گه‌رچی ته‌كنه‌لۆجیا وه‌ك ئاله‌تێكی مه‌عنی هاوكاره‌ له‌و گه‌یاندنه‌، به‌ڵام كێشه‌ گه‌یاندن نیه‌، هێنده‌ كێشه‌ له‌ودایه‌، كه‌ چی‌و چۆن‌و له‌به‌رچی ئه‌و شته‌ ده‌گه‌یه‌ندرێ‌، ئێمه‌ هه‌موو ده‌زانین ئه‌و سه‌رچاوه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی له‌ پشت راگه‌یاندنی ئایینیەوەیە، هیچ كه‌م‌و كورتی تێدا نیه‌‌و بۆ هه‌موو زه‌مه‌نه‌كانیش ده‌گونجێ‌، هه‌روه‌ك بۆ هه‌موو پرسیاره‌كانیش وڵامی پێیه‌، به‌ مانایاكی تر له‌ ناو بازنه‌ی ئایین‌و سه‌رچاوه‌كانی شتێكمان نیه‌ به‌ناوی كێشه‌، به‌ڵكو كێشه‌ له‌و شێوازو ئوسلوبه‌یه‌ كه‌ ئایین عه‌رز ده‌كات، ئه‌مه‌یه‌ وای كردووه‌ زۆرجار راگه‌یاندنی ئایینی تووشی جۆرێک لە دوورکەوتنەوە لە مەبەستە باڵاکانی شەریعەت و قه‌یران‌و پێكدادان‌و ده‌رچوون له‌ ئه‌سڵه‌ په‌یامه‌كه‌ بێت‌.

راگەیاندن وەک چەمک و واتا، بەلای کەمی پتر لە هەزار جار له‌ قوڕئانی پیرۆزو فەرموودەکانی پێغه‌مبه‌ری (سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت) هاتووەو لە چوارچێوەی ماددەی (قول) خۆی دەبینێتەوە، ئامانجی سەرەکی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆی کۆمەڵگە لە دوێنێ باشترو به‌یانیشی لە ئەمرۆ چاکتر بکات، ده‌یه‌وێ‌ دین‌و دونیا، مرۆڤ‌و كۆمه‌ڵگه‌، ژیارو ژینگه‌، به‌جوانترین شێوه‌ ئاراسته‌ بكات.

کەواتە بۆ ئەوەی راگەیاندن تەنیا لە گەیاندنی هەواڵ کورت نەکرێتەوە، وە بۆ ئەوەی لە ئاست قۆناغەکەو ئامانجی باڵای پەیامی مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و هۆشیاری نەتەوەیی و خزمەتی کیان و نیشتمان بێت، ئەرکە هەمووان بە ئەمانەت و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ راگەیاندنی نوێ و بەتایبەت دیجیتاڵی بکەن، هەم بۆ ئەوەی ئاراستەی کارو هەنگاوەکان بەرەو پێشکەوتنی پتر ببەین، هەمیش خۆمان لەدەست راگەیاندنی بازاڕی سۆشیالمیدیا قوتار بکەین، کە هەر رۆژەو ئاراستە کۆمەلگەو کۆمەڵایەتیمان بەرەو دۆخێکی نالەبارو نەخوازراو دەبات و، لە بەهاو کەلتووری رەسەن، ئینتیما بۆ خاک و نیشتمان دوورمان دەخاتەوە.