شەماڵ عەبدوڵا
رۆژنامەنووس
نەهێڵن بۆ خەزعەلی بێت
لەسەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، رێخکراوی عەسائیبی ئەهلی حەق، کە قەیس خەزعەلی رابەڕایەتی دەکات و کوتەلەیەکی بەناوی سادقوون بە 27 کورسییەوە لە پەرلەمانی عێراقی هەیە، کاردەکات بۆ وەدەستخستنی پۆستی وەزارەتی پەروەردەی عێراق. ئەوان لە دەرگای دۆست و دوژمنیان دەدەن، بۆ گەرەنتیکردنی ئەو پۆستە. چاوی خەزعەلی لە هیچەوە نەچووەتە سەر ئەو پۆستە، بەڵکو ستراتیژییەتییەکی قووڵ لە پشتی ئەو داوکارییە هەیە. مەترسییەکانی کۆنتڕۆڵکردنی وەزارەتی پەروەردە لەلایەن خەزعەلی گەلێکن، دەبێ درکیان پێبکرێت و رێگیری لێبکرێت.
عەسائیب ئەهلی حەق، یەکێکە لەو رێکخراوە عێراقییانەی خۆی تەقلیدی وەلی فەقیهی تاران کردووە، بە تەواوەتی ستراتیژییەتی ئەوان جێەجێ دەکات، لە ساڵی 2014 بە کورسییەک خۆی خزاندە پەرلەمان، هێدی هێدی پەلی خستە ناو جومگەکانی دەوڵەتی عێراق. مرۆڤ کە لە کارەکانیان رادەمێنێت تێدەگات، ئەوان ستراتیژیەتییەکی کارکردنی دوورمەودایان هەیە، رۆژ بەرۆژ هەژموونیان زیاد دەکەن، ژمارەی پشتیوانانیان بە سوود وەرگرتن لەو سەرچاوە داهاتە زۆروزەوەندانەی، بەئاشکرا و نهێنی لە دەوڵەتی عێراقی وەدەستەخەن، دەیخەنە خزمەت فراوانکردنی سەرچاوەکانی داهات، زیادکردنی پرۆژە و فراوانکردنی هەژموونیان.
سادقون، باڵی سیاسی عەسائیب ئەهلی حەق، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، توانی 15 کورسی مسۆگەر بکات، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ژمارەی کورسییەکانی کەمبووەوە بۆ 5 کورسی، بەڵام بەهۆی کشانەوەی موقتەدا سەدر و رەوتەکەی لە پرۆسەی سیاسی، دووبارە ژمارەی کورسییەکانیان بەرزبووەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵایان وەرگرت. لە ساڵانی رابردوودا، ئەسپی خۆیان بۆ جێەجێکردنی ستراییژییەکەیان لە وەزارەتەکە تاودا، زۆرینەی سەرۆک زانکۆ و راگرتی کۆلێژەکانی هەموو عێراقیان گۆڕین، بە کەسانی سەر بە رێکخراوەکەیان، یان هەر نەبێت بە کەسانی شیعە مەزهەب. ئەوان لە هەڵبژاردن لە زۆرینەی زانکۆکان کەمپەینی هەڵبژاردنیان بەڕێوەدەبرد و قوتابی و مامۆستایانیان ناچار دەکرد دەنگیان پێبدەن و لە بانگەشەیاندا بەشدار بن، هەربۆیەش ژمارەی کورسییەکانیان بەرزبووەوە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ناوەندنی چاتەم هاوسی بەریتانی و پەیمانگای واشنتنی ئەمریکی، عەسائیب بە فەرمی لیواکانی 40، 41 و 42ی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دەستە، ئەو لیوایانەیان زۆر جار پابەندی رێنماییەکان و دیسپلینی کارکردن، نابن، بە پابەندنەبوونیان بە سەۆکایەتی هێزە چەکدارەکان. میلیشای نوجەبا، کە ئەکرەم کەعبی سەرکردایەتی دەکات، لە هەناوی عەسائیب دروستبووە و ئێستاش پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان هەیە. هەروەها پەیوەندییەکی بەتین و پاشکۆبوونی لەگەڵ فەرماندەیی سوپای پاسداران هەیە. میلیشاکانی ئەسحابول کەهف بەشێکی دیکەی میلیشیاکانی عەسائیبە و لەژێر فەرمان و رێبەرایەتیانە. پەیوەندییەکی ئۆرگانی و رێخستنی بەهێزیان لەگەڵ میلیشیاکانی فەقار، کەتائیب زولفەقار و لیوای کەریم دەرعەم هەیە.
ئامانجی سادقوون لە دەستخستنی وەزارەتی پەروەردە دوو ئامانجی سەرەکییە، کە هەردووکیان کاریگەریی زۆر گەورە لە پرۆسەی سیاسیی و داهاتووی عێراق دەکەن، یەکەمیان، هاوشێوەی خوێندنی باڵا، دەیانەوێت ئەندام و لایەنگرانیان لەو کەرتە زیاد بکەن و دەستکاری سیستەمی پەروەردەیی عێراق بکەن، بە ئامانجی چەسپاندنی زیاتری شیعەگەرایی لەنێو سیستەمی پەروەردە و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو بەو بیرە.
دووەمین ئامانجیان لە وەرگرتنی ئەو پۆستە، گۆڕینی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانە بۆ کەسانی نزیک لە خۆیان، بەهۆی ئەوەی قوتابخانەکان لە هەڵبژاردنەکان دەبنە بنکەی دەنگدان، دەیانەوێیت لەو رێگایەوە گزیکاری بکەن و رێژەی دەنگ و کورسییان لە داهاتوودا زیاد بکەن.
عەسائیب زۆر بە فراوانی کار دەکات، بۆ چەسپاندنی زیاتری هەژموونی لەهەموو عێراق، ئەوەی سەرێک لە شارەکانی عێراق بدات، زۆر بە ئاسانی هەست بە زیادبوونی هەژموونەکەی دەکات، ئەویش لە رێگەی کۆنتڕۆڵکردنی جوومگە ئابووری و بازاڕییەکانی عێراق، لە دوای وەرگرتنی وەزارەتی پەروەردە و کارکردنیان لەو بوارە، بێگومان هەژموونیان چەند بەرامبەر دەبێتەوە، ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن کۆنە چایەچییەکەی موقتەدا سەدر، دەبێتە دروستکەری پاشاکانی داهاتووی عێراق.