ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
حوكمڕانی لەنێوان كارە ئاسانەكە و رێگا سەختەكەدا
كاتێك دەڕوانینە مێژووی حوكمڕانی ؛ دەبینین جیاوازییەکی روون و ئاشكرا هەیە لە نێوان ئەو سەرکردانەی تەنیا بۆ مانەوەی کاتیی کار دەکەن و ، ئەو سەركردانەی کە داهاتووی نەوەکانی وڵاتەكەیان دەخەنە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی کاتییەوە. وڵاتە سەركەوتووەكان لە نێوان "کارە ئاسانەکان" و "کارە سەختەکان"دا، بەردەوام دووەمیانی هەڵبژاردووە. ئەم هەڵبژاردنە تەنیا بژاردەیەکی ئیداری نییە، بەڵکو گوزارشت لە فەلسەفەیەکی قووڵی حوکمڕانی دەکات و لە داهاتوودا دەستكەوت و بەرهەمەكەی بۆ چەندین نەوەی ئەو وڵاتە دەبێت. هەرێمی كوردستانیش بەحوكمی جیۆبۆلۆتیك و ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و كێشمەكێشی حزبە سیاسییەكان بەردەوام كەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرش و بڕینی بودجەو مووچە و كەوتنەوەی گرفت و قەیرانی سەختی داراییەوە .
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەكی بەرچاوی ئەم قەیران و گرفتانەیە و لەچەندین ساڵی رابردوودا شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی گوندەكان و تەرحیل و تەعریب و هەموو كۆمەڵكوژییەكان وێڕای شوێنەوارە خراپە مرۆییەكان و شەهید و قوربانییەكانی ژێرخانێكی وێرانیشی دروست كردووە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس و بونیاتنانی عێراقی نوێ كێشەكانی تیرۆر و قەیرانە داراییە خنكێنەرەكان و دابەزینی بەهای نەوت و گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە و مووچە و راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لێكەوتەوە ، رەنگە ئەمە چارەنووسێكی رەشی ئەم میللەتە بێت بەوەی دراوسێكان و هاوبەشەكانی لە عێراقدا نەیانەوێت هەرێمێكی بەهێز بوونیات بنرێت و چاویان بەم سەركەوتن و گۆڕانكارییانە هەڵنەیەت ، هەربۆیە پەنا بردنە بەر سزای هەرێم و مووچەخۆران و خەڵكەكەی زیانی گەورەی بە داهات و ئابووری و بژێوی ژیانی مووچەخۆران و كاسبكاران گەیاندووە ، روئیای بنیاتنانی "کوردستانێکی بەهێزتر" و دەستبردن بۆ دۆسیە قورسەکانی وەكو پاراستنی کوردستان لە تیرۆر، چاکسازی راستەقین، دژایەتی گەندەڵی و رێکخستنەوەی ژێرخانی ئابووری و كۆرۆنا و دۆسیەی نەوت و پاراستنی ژینگەو كۆتاییهاتن بە كێشەكانی كەم ئاوی و كارەبا هەمووی تاقیكردنەوەی سەخت بوون و تا رادەیەكی باش تێیدا سەركەوتوو بووین، بەڵام لەبەرانبەردا تێكدانی یەكگرتنی نێوماڵی كورد و بڕینی بودجە و رێگرتن لەهەناردەكردنی نەوتی هەرێم و لەم دواییانەشدا هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر خەڵكی مەدەنی و ژێرخانی كێڵگەكانی نەوت و گاز مەترسی و هەڕەشەی جیددین بۆ سەر پێگەی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووری و یاساییەكەی ، بەتایبەتی رێگرتن لە پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان..
لەناو هەموو ئەم تەنگژەو قەیرانە قووڵانە و هێرش و پیلان و مەرامە دوژمنكارییانە ئەركەكانی سەرشانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قورستر بوون ، بەتایبەتی پارێزگاریكردن لە پرۆژەی رووناكی و رێگرتن لەهەڵكشانی نرخ و دابینكردنی داواكارییە قورس و نایاسایی و نادەستوورییە بەردەوامەكانی حكوومەتی ناوەندی و حزبە دەسەڵاتدارەكانی بەغدا ، لەم روانگەیەوە ئەركی مەسرور بارزانی و كابینەكەی و هەموو دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی ئەم میللەتە زۆر لەوە قورسترە كە زۆرجار لەدەزگاكانی راگەیاندنەوە ئاماژەی پێدەكرێت ، چونكە رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و تێكدانی بەرژەوەندیی تەسکی حزبی و چاكسازیی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستان و تێكشكاندنی پیلان و مەرامە دوژمنكارییەكانی دارایی و بڕینی بودجە و دانانی بازگەی نایاسایی زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابووری و داهات و بژێوی ژیانی خەڵك دەگەیەنێت لە سەردەمێكدا كە لە ناوچەكە و جیهانیش ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبێت و قەیرانە دارایی و هەڵكشانەكانی نرخ روو لەپەرەسەندنە ، لێرەدا تاڕادەیەكی باش لەم كابینەیەدا توانراوە كاری باش ئەنجام بدرێت بەڵام پێویستی نەك تەنیا بەپاراستن هەیە بەڵكو بەچاوخشاندنەوەش هەیە بۆئەوەی لەگەڵ بارودۆخی دارایی و واقیعی ئابووری و بژێوی ژیانی خەڵكدا بگونجێت و بارگرانییەكە كەمتر بكرێتەوە . پەیڕەوكردنی ستراتیژی تەنیا لەسەر کاخەز نییە ، بەڵکو پێویستە لەسەر زەوی رەنگ بداتەوە. هەموومان ئەو راستییە دەبینین كە چارەسەری بنەڕەتی كێشەكان تەنیا بەڕێگا سەختەكان دەكرێت بۆ نموونە لە کەرتی وزەدا، ئامانجی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری و زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ حەوت هەزار میگاوات، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ سەربەخۆیی ئابووری. لە لایەکی دیکەوە گرنگیدان بە ئاسایشی ئاو و خۆراک لە رێگەی دروستکردنی دەیان بەنداو و پۆند، و پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی جووتیاران، نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ تەحەدییەکانی داهاتوو. لە بواری رێگەوباندا، پڕۆژە ستراتیژییەکانی قیرتاوکردن و بەستنەوەی شارەکان بە یەکتر، نەک تەنیا ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ، بەڵکو بوونە هۆکاری بوژانەوەی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی. ئەم پڕۆژانە لە سەختترین سەردەمی دارایی و لە ژێر گەمارۆکانی بەغدادا جێبەجێ کران.
یەکێک لەو بوارانەی کە رەنگە کەمتر قسەی لەسەر کرابێت بەڵام کاریگەرییەکی درێژخایەنی هەیە، سیاسەتی ژینگەیی کابینەی نۆیەمە. بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەرێمدا، پرسی پاشماوە و زبڵ و خاشاک وەک سەرچاوەیەکی وزە و ئابووری سەیر کرا. لە هەولێر و سلێمانی، حکوومەت پلانی زانستی بۆ ریسایکلکردن و کۆنترۆڵکردنی پاشماوەکان داڕشتووە کە هاوشێوەی مۆدێلە سەرکەوتووەکانی جیهانە.ئەم نموونە و بەڵگانە بۆ فەلسەفەو سیاسەتی حوكمڕانی رێگا سەختەكەیە بەڵام بێ باجیش نابێت، بۆیە دوژمن و نەیاری زۆری لە نێوخۆ و عێراق و دەرەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و قەوارەی هەرێم دروست بووە و رێگاكەمان بەگوڵ و گوڵزار رانەخراوە، مادام رێگە سەختەكەمان هەڵبژاردووە .