ڕێباز حهملان
نووسەر
سەرۆک بارزانی لە هەموو قۆناغەکاندا سەلماندوویەتی کە مەرجەع و رابەری گەلی کوردە
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە هەموو قۆناغ و سەردەمەکاندا بە هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانی سەلماندویەتی کە رابەر و مەرجەعی گەلی کوردە، بە پرنسیپی: «حزب وەسیلەیە بۆ خزمەتکردنی نەتەوەو نیشتمان، نەک ئامانج»، کاری کردووە.
تەنیا چوار لە هەڵوێستەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی لە چوار قۆناغی جیاوازدا باس دەکەم:
• ساڵی 2009 لە دوکان، لەسەر داواکاری و لەبەر حورمەتی رەحمەتی جەنابی مام جەلال، بۆ یارمەتیدانی یەکێتی پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان درا بە بەرێز دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح و کابینەی شەشەم پێکهات، لە کاتێکدا ئەو پۆستە بەرکەوتەی پارتی بوو.
• ساڵی 2010 لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەمریکییەکان و هەندێک وڵاتانی دیکە نەیاندەویست رەحمەتی جەنابی مام جەلال ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار بۆ خولی دووەم، وە دەیانویست پۆستی سەرۆککۆمار بدرێتە سوونەکان، سەرۆک بارزانی بە هەڵوێست وەرگرتن و بەوپەری ئیرادەوە پێداگیری کرد کە دەبێت ئەو پۆستە هەر بۆ کورد بێت وە لەناو کوردیش تاکە پاڵێوراو رەوانشاد جەنابی مام جەلال بێت.
• ساڵی 2014، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا 9 کورسی بە دەست هێنا، لەسەر داواکاری و حورمەتی رەحمەتی کاک نەوشیروان مستەفا، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق درا بە بەرێز ئارام شێخ محەمەد، کە ئەو پۆستەش بەرکەوتەی پارتی بوو.
• لە 2026/5/7، جەنابی سەرۆک بارزانی پێشنیازی کردووە پۆستێکی وەزیری کورد لە بەغدا بدرێتە نووسەر و سیاسەتڤان کاک سەردار عەبدولڵا، کە لە ئێستادا کەسایەتییەکی سەربەخۆیە و چەندان هەڵوێستی نەتەوەیی، سیاسی و کوردانەی نیشانداوە، بەهەمان شێوە لە ئەگەری وەرگرتنی ئەو پۆستە هەر لەسەر پشکی ئەو وەزارەتانە دەبێت کە بەرکەوتەی پارتیین.
لە هەفتەی داهاتوودا بە ئەگەری زۆرەوە پێدەچێت کابینەکەی بەڕێز عەلی زەیدی لە پەرلەمان سوێند بخۆن، زۆر گرنگە لە هەرێمیش کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت و ئامادەسازی بکرێت بۆ رێکەوتنێکی نوێ لە نێوان هەردوو حکوومەت لەسەر بنەمای دەستورو بودجەی نوێ، بە پێچەوانەوە ئاڵنگاری گەورە دێتە پێش هەرێمی کوردستان و ئەو لایەنە بەرپرسیار دەبێت کە بووەتە لەمپەر لە پێکنەهاتنی کابینەی نوێ.
پێویستە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی، ڕێز لە پرنسیپی دیموکراسی بگرن و دەنگی میللەت ببێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی کابینەکە، پارتی ئیسپاتی کردووە پرنسیپ و ئیرادەی گەلەکەمان گرنگە نەک پۆست.
جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی، لە پێناو گەلی کوردستان هەمیشە ئامادەییان نواندووە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام هەرلایەک هەوڵ بدات لە پشتەوە و بە پشتیوانی نەیاران بیەوێ خۆی بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێنێت، سەری دەیدا لە چیای سەفین.