د.حەمدی شنگالی
نووسەر
سزادانی عەجاج ئەشکەنجەی زیندانی خۆم و دایک و باوک و براکانمی بیرهێناوە
ئەمڕۆ، دەنگی دادپەروەری لە بەغداوە بەرزبووەوە و سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانبار (عەجاج تکریتی)، جەلادە خوێنڕێژەکەی نوگرە سەلمان دەرچوو. ئەم بڕیارە تەنها سزادانی بکوژێک نییە، بەڵکو سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی کورد و هەموو ئەو مەزڵوومانەیە کە ساڵانێکی درێژ لە ژێر قامچیی ئەو ستەمکارەدا بوون.
بیستنی ئەم هەواڵە بۆ من، گەڕانەوەیە بۆ ناو پڕئازارترین یادەوەرییەکانی ژیانم لە زیندانی قەڵای نزارکێ. لەگەڵ دەرچوونی ئەم سزایە، هەموو ئەو ساتە سەختانەم بیرکەوتەوە کە خۆم، دایکی بەوەفا و پڕسۆزم، باوکی تێکۆشەرم و براکانم لە زیندانەکانی رژێمی پێشوودا بەسەرمان برد. ئەو ساڵە درێژانەی کە بە سزای قورس و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی تێپەڕین، ئەمڕۆ لەبەردەم چاوی دادپەروەریدا وەک شایەتحاڵێکی زیندوو وەستانەوە.
ئەم بڕیارە، برینە کۆنەکانی ساڵانی زیندانی کولاندەوە؛ ئەو رۆژانەی کە لەگەڵ هەردوو هەواڵ و هاوڕێی تێکۆشەرم، (کاک ئاری و کاک مستەفا)، بەیەکەوە رووبەڕووی مەرگ و ئازار دەبووینەوە. ئەمڕۆ رۆحی هەموو ئەو تێکۆشەرانە و قوربانییانی ئەنفال ئاسوودە دەبێت، چونکە جارێکی دیکە سەلمێنرا کە تاوانی جینۆساید و دژە مرۆڤایەتی هەرگیز کۆن نابن و دەستی دادپەروەریی هەر دەگاتە جەلادەکان.
من وێڕای پێشوازیکردن لەم بڕیارە مێژووییە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو دادوەر، پارێزەر و شایەتحاڵە بوێرانە دەکەم کە نەیانهێشت خوێنی قوربانییان بەفیڕۆ بچێت. لە هەمان کاتدا، جەخت دەکەمەوە کە سزادانی جەلادەکان بەتەنیا بەس نییە؛ پێویستە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆی بەرانبەر بە کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و زیندانییانی سیاسیی جێبەجێ بکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
ئەمڕۆ رۆژی سەرکەوتنی مافە بەسەر ستەمدا. یادی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی رێگەی رزگاریی کوردستان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.