ڕێبازی بارزان و ڕەوتی گەشەکردنی ناسنامەی کوردستانی

ڕێبازی بارزان و ڕەوتی گەشەکردنی ناسنامەی کوردستانی
ڕێبازی بارزان و ڕەوتی گەشەکردنی ناسنامەی کوردستانی

خوێندنەوەی سۆسیۆ-سیاسیی هاوچەرخ بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەری دەخات کە ئەم ڕەوتە تەنها یاخیبوونێکی خۆڕسکانە یان کاردانەوەیەکی میکانیکیی سادە نەبووە دژ بە سەرکوتکاریی ناوەندە شۆڤێنییەکان، بەڵکو لە کڕۆکی خۆیدا، وەک تاقیگەیەکی هزری بۆ بەرهەمهێنانی هۆشیاریی سیاسی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامەی نیشتمانی لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی و دامەزراوەیی کاری کردووە. 

لە فەزای جیۆپۆلیتیکی کوردستاندا، ناسنامە چەمکێکی جێنالۆژیی ڕەق و چەقبەستوو یان تەنها دەستنیشانکردنێکی جوگرافیی ستاتیک نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامێکی زیندووی سەرلەنوێبوونەوەیەکی مێژوویی و کەڵەکەبوونی مەعریفی بووە، کە لەلایەن مەرجەعیەتی ڕۆحی و سیاسییەوە ڕێبەرایەتی کراوە.

ئەم مەرجەعیەتە بێگومان لە شوناسی "دۆکتۆرینی بارزان"دا خۆی دەبینێتەوە. لە ڕوانگەی پێکهاتەیی و زانستی سیمیۆتیکییەوە (نیشانەناسی) ، دەکرێت شیکاری بۆ ئەم دۆکتۆرینە بکرێت، ئەوەش لە ڕێگەی بەدواداچوون بۆ هێڵە گشتییەکانی ڕێنوێنی (ئیرشاد) و چوارچێوەی پەرەسەندنی، کە لە سەرکردەکانی ڕێباز و تەریقەتی ئەخلاقیی نەقشبەندییەوە دەست پێ دەکات و تا قۆناغی بەدامەزراوەییبوونی سیاسیی مۆدێرن درێژ دەبێتەوە، وەکوو مۆدێلێکی نموونەیی بۆ فرەیی و حوکمڕانیی بەردەوام.

داڕشتنی فەلسەفیی سەرەتایی بۆ ڕێبازی بارزان، ڕەگێکی قووڵی لەو پێشەنگایەتییە ڕۆشنگەرییەی شەهید شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا هەیە. ئەو وەرچەرخانێکی جۆریی لە هۆشیاریی سیاسیی ناوچەکەدا خوڵقاند، ئەمەش لە ڕێگەی داڕشتنی "پەیمانێکی کۆمەڵایەتی" و دیدگایەکی چاکسازیی گشتگیر کە لە زۆر ڕەهەندەوە پێش ئەدەبیاتی مۆدێرنیتەی سیاسیی ڕۆژئاوا کەوت. شێخ عەبدولسەلام یەکەمین بەردی بناغەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی پاراستنی موڵکی گشتی، حورمەتی تاک و چەسپاندنی شکۆمەندیی مرۆڤ و ژینگە وەکوو ئەرکێکی ئەخلاقی دانا. هاوکات چەمکی برایەتیی ئایینی و مرۆیی کردە واقیع، کە بە کرداری لە هاوپەیمانێتییە مێژوویی و ستراتیژییەکەیدا لەگەڵ "مار شەمعون"ی پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری ڕەنگی دایەوە. بەمەش پێش زیاتر لە سەدەیەک و لە ناو جەرگەی ژینگەیەکی پڕ لە ململانێدا، بنەماکانی قبووڵکردنی "ئەوی دی"ی جیاواز لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە چەسپاند.

چاندنی ئەم تۆیە فەلسەفییە لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی بارزان (خودان) —کە بە پێشەنگی ئاشتی و پارێزەری ژینگە دادەنرێت— گەشەسەندنێکی پێکهاتەیی و ئایدۆلۆژیی قووڵتری بەخۆیەوە بینی. لەم قۆناغەدا، ڕێبازی بارزان لە فاکتەرە چاکسازییە لۆکاڵییەکانەوە گواستراوە بۆ ئاستی ئایینی-کۆمەڵایەتیی مرۆیی گشتگیر. شێخ ئەحمەد ڕێسای پێوانەیی دانا کە ڕێگر بوو لە جیاکاریی ڕەگەزی، ئایینی و چینایەتی، و کاری بۆ ڕەگداکوتانی بەهاکانی لێبوردەیی ڕەها کرد تا ببێتە پێکهێنەرێکی جێگیر لە ویژدانی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستاندا. بەمەش پارێزگاری لە فرەیی نەتەوەیی و ڕۆحی کرا و بە توندی دژی بیرۆکە توندڕەو و داخراوەکان وەستایەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ژینگەی هەرێمیی دەوروبەر بە خێرایی بەرەو ڕادیکاڵیزمی نەتەوەیی فاشیستی و سڕینەوەی ناسنامە جیاوازەکان هەنگاوی دەنا.

لەگەڵ گواستنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بۆ قۆناغی دامەزراوەیی نەتەوەیی گشتگیر لەسەر دەستی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، ئەم دۆکتۆرینە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییە لە چوارچێوەیەکی ناوچەیییەوە گۆڕا بۆ ستراتیژێکی سیاسی-سەربازی و عەقیدەیەکی تێکۆشەرانە، کە ڕێبەرایەتی مەزنتریین شۆڕشی نەتەوەیی (شۆڕشی ئەیلوول)ی پێ کرا. مستەفا بارزانی لە ڕێگەی وەسیەتە مێژووییەکانییەوە بۆ پێشمەرگە، باڵاترین پێوەری ئەخلاقیی بۆ شۆڕش چەسپاند، بەتایبەت ئەو بنەمایەی کە دەڵێت: "دەبێت جیاوازیی تەواو لە نێوان گەلان و ڕژێمە ستەمکارەکاندا بکرێت".

لەم ڕوانگەیەوە، ناسنامەی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بنەمای شۆڤێنیزمی پێچەوانە یان ڕقبوونەوە لەوانی دی بونیاد نەنرا، شۆڕشی کورد هەمیشە گەلانی دەوروبەری وەکوو هاوبەش و هاوقوربانیی دەستی دیکتاتۆریەت بینیوە. ئەم هۆشیارییە ڕێگر بوو لەوەی تراژیدیای ئەنفال و کیمیاباران خەباتی کورد بەرەو زۆنگاوی ململانێی ڕەگەزیی کوێرانە ببات، بەڵکو پاکژیی ئەخلاقیی بزووتنەوەکەی بە بێگەردی پاراست.

ئەمڕۆ سەرۆك مەسعود بارزانی ئەم میراتە پڕبایەخە مێژووییەی گۆڕیوە بۆ مۆدێلێکی کرداریی هاوچەرخ کە لە چەقی فەلسەفەی فرەیی و هۆشیاریی سیاسیی لیبرالیدا جێگەی دەبێتەوە. 

تیۆریی بنیادگەرایی (Constructivism) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەیسەلمێنێت کە ناسنامە بە زەبری هێزی تۆتالیتاری دروست نابێت، بەڵکو بەرهەمی کارلێکی کۆمەڵایەتی و دانپێدانانی دوولایەنەیە. ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی لە دەستپێشخەرییەکانی سەرۆك بارزانی ڕەنگی داوەتەوە، کە توانیویەتی کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو داڕشتنی ناسنامەیەکی نیشتمانیی کۆکەرەوە ڕێبەرایەتی بکات.

سەرۆك بارزانی فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینی وەکوو توخمێکی هێز و مایەی دەوڵەمەندیی شارستانی تەماشا دەکات. ئەم هزرەش کاتێك بووە سیستمێکی دامەزراوەیی کە سەرۆك بارزانی لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە چەمکی 'کەمینەکان'ی —کە ڕەهەندێکی پەراوێزخستنی تێدابوو— گۆڕی بۆ چەمکی 'پێکهاتەکان'. بەم وەرچەرخانە، پێگەی هاووڵاتیبوونی پلە یەك بۆ سەرجەم ناسنامەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، کلدان، سریان، ئاشووری، موسڵمان، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی و سابیئە) چەسپێندرا، تا لەناو تابلۆیەکی مۆزاییکیدا پێکەوە بژین و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لە جومگەکانی دەسەڵات (حکومەت و پەرلەمان) و لە ناو ئەدەبیاتی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جێگەیان بکرێتەوە.

بەم شێوەیە، دۆکتۆرینی بارزان لە ڕێگەی ڕەوتی گەشەسەندنی ئەم زنجیرە سەرکردایەتییە مێژووییەوە (لە شێخ عەبدولسەلام، شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمرەوە تا سەرۆك مەسعود بارزانی)، وەکوو بزوێنەر و ئاڕاستەکاری پێکهاتەیی هۆشیارییەکی سیاسیی پێشکەوتوو ڕۆڵ دەگێڕێت. ئەم دۆکتۆرینە ناسنامەی کوردستانی لە کایەی بەرگریی خۆڕسکی بۆ مانەوەی بایۆلۆژی، گواستەوە بۆ کایەی سەرکردایەتیی ئەخلاقی و شارستانی. ئەو سەرکردایەتییەی کە لەسەر بەهاکانی ئاشتی، پێکەوەژیانی بەردەوام و هاوبەشیی ڕاستەقینە بونیادنراوە.