"حوکمڕانی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی"

"حوکمڕانی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی"
"حوکمڕانی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی"

سیاسەت لە بنەڕەتدا هونەری بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانە. سیاسەت بۆ خزمەتکردنی گەل دروستبووە، نەک بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی. حوکمڕانی باش تەنیا بە مانای دەسەڵاتداری نییە، بەڵکو بریتییە لە دامەزراندنی یاسا، شەفافیەت، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی. 

هەروەها ئۆپۆزسیۆنیش بەشێکی گرنگی هەر سیستەمێکی دیموکراتییە، چونکە ئەرکیان چاودێریی حکوومەتە بە رەخنەی بونیادنەر و پێشکەشکردنی بیرۆکەی گونجاو لە پێناو باشترکردن، نەک دروستکردنی قەیران. بە واتایەکی تر، (ئۆپۆزسیۆن بوون هونەری چاکسازیکردنە، نەک پیشەی تێکدان). 

ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو نیشانی داوە کە، لەگەڵ هەبوونی کێبڕکێی توندی سیاسی، کاتێک بەرژەوەندیی نیشتمان و ئاسایشی دەوڵەت لە مەترسیدا بێت، هەموو هێزە سیاسییەکان یەکهەڵوێست وەردەگرن. ئەمە لەبەر ئەوەی نیشتمان لە سەرووی هەموو ململانێیەکی سیاسییەوەیە.

هەرێمی کوردستانیش دەستکەوتی چەندین دەیە خەبات، قوربانی و تێکۆشانی گەلی کوردە، نەک موڵکی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی. بۆیە هەبوونی جیاوازیی سیاسی و رەخنەگرتن مافێکی دیموکراتییە، بەڵام (ئەو سیاسەتەی لە خزمەتی نیشتماندا نەبێت، لە کۆتاییدا دژی نیشتمان دەبێت). هەر کاتێک بەرژەوەندیی حزب لە سەرووی بەرژەوەندیی نیشتمان دابنرێت، سەرەتای قەیران دەست پێدەکات و هەوڵی پەکخستنی حوکمڕانی و لاوازکردنی دامەزراوەکان دەدرێت، بەم هەنگاوە حکوومەت، حزب، قەوارە و هاووڵاتییان بە گشتی زەرەرمەند دەبن.

(هێزی سیاسی بە قەبارەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیی هەڵدەسەنگێندرێت، نەک بە قەبارەی درووشمەکانی). (ئەوانەی نایانەوێت دەوڵەت بونیاد بنێن، ناتوانن بە هەوڵدان بۆ تێکدانی دامەزراوەکان، جێگای خۆیان لە مێژوودا بپارێزن). مێژوو بە روونی سەلماندوویەتی، کە هەموو حکوومەت و دەسەڵاتێک گۆڕاوە، بەڵام نیشتمان ماوەتەوە؛ هەر بۆیە حکوومەت دێت و دەڕوات، بەڵام نیشتمان دەبێت بمێنێتەوە، هەڵبەتە لای ئەوانەی خاکفرۆش نەبن.

لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بە حکوومەتێکی بەرپرسیار و ئۆپۆزسیۆنێکی بەرپرسیار دەبەسترێتەوە. مێژوو ئەوەشی نووسیوەتەوە کە، ئەو دەمانەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هاوبیرەکانی لە چەندین خول، لە سەرووی 50+1 بووە، بەڵام بەرپرسیارێتی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆی جێبەجێکرد لە پێناو ئارامی و سەقامگیریی کوردستان.

هەڵەشە وتاڤدان و کوێرانە بڕیاردان و بێ پلان سیاسەت کردن لای هەرزەکار، کۆتاییەکی خراپی لێ چاوەڕوان دەکرێت، بۆیە خەیاڵ پڵاویتان بڕۆن بۆ حەلاوی باس کەن.