فاتح مەولەویزادە
نووسەر
گیرۆدەیی میدیا لە نێوان (ئاکاری بوون و ئاژاوەگێڕی)
میدیا ئامرازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و گەیاندنی پەیام؛ جیا لەوەش، دەسەڵاتێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی رای گشتی و ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی: (دورکەوتنەوە لە چەواشەیی، راستی و دروستی زانیارییەکان، پاراستنی ئیتیک و پابەندێتی بە بنەماکان و هەبوونی شەفافیەت). پێچەوانەی ئەمانە، هەوڵدانە بۆ (تێکدانی کۆمەڵگە، ناشتنی تۆوی دژ بەیەکی و ئاژاوەگێڕی). بۆیە، هەرکاتێک میدیا سنووری ئیتیک و ئاکاری (الاخلاق) رۆژنامەوانی تێپەڕێنێت، زیانەکە بۆ تاکێک یان لایەنێک نییە، بەڵکو زیان بە متمانەی میدیا و شیرازەی کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
ئازادیی رادەربڕین بنەمایەکی گرنگی دیموکراسییە، بەڵام ئازادی بە بێ بەرپرسیارێتی، ئازادی نییە؛ بەڵکوو دەکرێت ببێتە رێگەخۆشکەر بۆ بێڕێزیکردن و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ. میدیا مافی رەخنەگرتنی هەیە، بەڵام هیچ مافێکی نییە، کە مرۆڤایەتی و کەرامەتی تاک بکاتە قوربانیی رەخنە. بە دیوێکی دیکە رەخنەگرتن پیشەی میدیایە، بەڵام سووکایەتیکردن پیشەی میدیایی نییە بەڵکو دەرچوونە لە رێڕەوی بەها ئاکارییەکان، میدیا مافێتی پرسیار بکات، بەڵام مافی نییە هەوڵی شکاندنی کەرامەتی مڕۆڤەکان بدات، ئازادی رادەربڕین ئەو کاتە بەهادارە، کە ئەخلاق لە سنووی ئەو ئازادییە جێی خۆی بکاتەوە،
لە کولتووری کوردیدا، رێزگرتن لە مرۆڤ، خێزان و کەرامەتی تاک بەشێکی گرنگی بنەماکانی ژیانی کۆمەڵایەتییە.
میدیاکان یەک پرەنسیپ دەبێت هەمیشە لەبەرچاو بگرن؛ کاتێک رەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، دەبێت لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی بەسەر وشەکانی خۆیدا هەبێت، میدیایەک نەتوانێت لە رووی دەربڕین و وشەوە، خۆی رێک بخات، چۆن چاوەڕێی لێ دەکەیت دەسەڵات رێکبخات، وشە تەنیا دەربڕین و نووسینێکی ئاسایی نییە؛ وشە دەتوانێت متمانە دروست بکات، کۆمەڵگە یەکبخات، وەک چۆن دەتوانێت برین، کینە و دابەشبوون دروست بکات.
ئەخلاقی رۆژنامەوانی تەنیا کۆمەڵێک یاسا و رێنمایی پیشەیی نییە؛ ئەخلاق، ویژدانی میدیاییە. ئەگەر ئەو ویژدانە لە دەست بدرێت، میدیا دەبێتە ئامرازێک بۆ هەڵخستنی کینە و تێکدانی کۆمەڵگە، نەک ئامرازێک بۆ روونکردنەوەی راستی و خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی.
کاتێک رەخنە بگاتە سووکایەتیکردن، گفتوگۆ دەمرێت، ئەو کاتەی گفتوگۆ مرد، دیموکراسی و کۆمەڵگە هەردووکیان زیان دەبینن. بۆیە میدیا دەبێت ئاوێنەی کۆمەڵگە بێت، نەک چەقۆیەک بۆ کیڕاندن و قووڵکردنی برینی مرۆڤەکان.
قەڵەم دەبێت خزمەتکاری راستی بێت، نەک کرێکارێک بۆ دروستکردنی کینە و بێڕێزیکردن. باشترە میدیاکار پڕچەکتر بن، لە پاراستنی ئیتیکی رۆژنامەوانی، پاراستنی بەها مرۆییەکان، خۆ پێگەیاندن لە رووی هزری و رۆشنبیری. ئەو کەسانەی بەو ئاراستەیە بەردەوام بن هیچ کاتێک ناکەونە دوای شەپۆلی چەواشەکارانە و پۆپۆلیستانەی هیچ دەزگایەکی میدیایی، دەبێت میدیاکار لەوە تێبگات، کەسایەتی خۆی گرنگترە لە میدیایەکی ئاژاوەگێڕ.
میدیای بەهێز ئەوە نییە، کە بە ناشرینترین وشە هەموو سنوورێک ببەزێنێت؛ میدیای بەهێز ئەوەیە، کە لە قورسترین بارودۆخدا، ئەخلاق و پیشەییبوونی خۆی بپارێزێت و خۆی لەدەست نەدات.