مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
مزگەوتی گەورەی بارزانی؛ هەنگاوێک بۆ پاراستنی شوناسی ئایینی و نەتەوەیی
دانانی بەردی بناخەی گەورەترین مزگەوت لە هەولێری پایتەختی کوردستان بەناوی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لەسەر دەستی بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگ و مێژووییانەی جێی شانازییەکی زێدە مەزن و پیرۆزە، کە کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێی بونیادنانی شارستانیەتی ئیسلامی و بایەخدان بە رەسەنایەتی و تەلارسازی ئایینی لە چوارچێوەی ناسنامەی نەتەوەیی و پەیامی پاراستنی کەلتوری و نیشتمانی.
مزگەوت لە تێڕوانینی ئیسلامدا وەک ماڵی خواو ناوەندێکی سەرەکی ئایینی بۆ خواپەرستی و بەجێگەیاندن و ئەنجامدانی دروشم و پەرستشە ئایینیەکان بە یەکێ لە پیرۆزترین شوێنەکانی سەر زەوی دادەندرێت، کە خوای پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزو پێغەمبەر (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) لە فەرمودەکانی باسیان لێوە کردووە.
نادیدە نیە، کە ئایینی ئیسلام حوزرێکی گەورەی هەیە لە ناو گەلی کوردو هێزێکی گاریگەریشە لە داڕشتنی بیرکردنەوەی تاک و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە لەرووی کەلتوری و رۆحی و عیرفانی و تەنانەت دابو نەریت و هونەرو ئەدەبیات و بەها کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان و پێکەوە گرێدانی هەستی ئایینی و نەتەوەییەوە.
لەو سۆنگەوە کورد هەمیشە بەو چاوە سەیری مزگەوتی کردووەو دینداری راستەقینەی تێدا ئەنجام داوە، بۆیە هیچ کات کورد لە مزگەوت دانەبڕاوەو فەرامۆشی نەخستووە، تەنانەت سەرکردەو شۆڕشەکانی کورد بەشی هەرە زۆریان پەیوەست بوون بە مزگەوت و ئیلهامی خوداناسی و مەعریفەی ئایینیان لە مزگەوت وەرگرتووەو بەو پەڕی شانازییەوە لە خزمەت مزگەوت بوون و پێگەی گرنگ و کاریگەرو پیرۆزیان پاراستووە.
بە درێژایی پتر لە هەزار ساڵ، بگرە هەر لەو کاتەی کورد بە ویستی خۆی باوەشی بۆ ئیسلام کردەوە، مزگەوت وەک پاڵنەری هێزی پێشکەوتن و ئاوەدانی بوونی هەبووەو لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکانی گەلەکەمان هاتووە، تا ئاستی ئەوەی هیچ شارو گوندو ئاوەدانیەکی کوردستان نیە مزگەوتی لێ نەبێت، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە کە گەلی کوردو دینداری و مزگەوت و زانست پێکەوە گرێدراون و وەک رەمزو سیمبولی شارستانیەتی ئیسلامی لەناو میللەتێکی زۆرینە موسڵمان ماناو دەلالەتی گەورەی بە ژیان و کیان و کۆمەڵگە داوە، لەهەمان کات بۆتە ناوەندێکی مەعریفی و شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی هەزارەها زاناو داناو سەرکردەو کەسایەتی مەزن و خوێندەوارو ئەدیب و شاعیرو شەرعزان و شۆڕشگێرو شامێری کوردایەتی.
ئەگەر بۆ گەلانی موسڵمان مزگەوت شوێنی خواپەرستی بووبێت، ئەوا لەناو گەلی ئێمە وێڕای عیبادەت و خواناسی شوێنی چەکەرەی رەوت و بزاڤی نەتەوەیی و پەروەردەو هزرو ئاشتەوایی و پێکەوەژیان و تەبایی و پەیامی میانڕەوی و ژیاندۆستی و تێکەڵکێشی هەستی ئایینپەروەری و کودایەتی و نیشتمانپەروەری بووە، دینداری و کوردایەتییەک کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین لە مزگەوت دەستی پێکردو لەسەر دەستی پەروەردەبووانی مزگەوت؛ خەبات و بزاڤی نەتەوەیی و بەرگری لە خاک نەتەوە بۆتە مەشخەڵی رێی رزگاری و بناخەی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی دیرۆکی گەلەکەمان، ئەم هەنگاوە یادێکە بۆ قۆناغبەندی لووتکەی پێکەوەگرێدانی ئایین و نیشتمان وەک یادەوەری سەروەرییەکانی رابردووی نەتەوەییمان، هەروەک سەرۆکوەزیران لە وتاری مەراسیمەکە ئاماژەی پێکردو وتی: "ئەمە ڕەنگدانەوەیەكە بۆ ئەو بەها بەرزانەی كە شێخانی تەریقەتی بارزان بۆ ئێمەیان بە جێ هێشتووە. هەر لە زەمانی شێخ عەبدولسەلامی شەهیدەوە تا شێخ ئەحمەدی نوورانی و هەموو ئەو كەسایەتییە بەرزە ئایینییانەی كە لە وڵاتی ئێمە، لە گەلی ئێمە هەڵكەوتوون، ئەمە دەبێتە شوێنێك بۆ یادكردنەوەی ئەم پیاوە گەورانە".
ئەم هەنگاوە لەم قۆناغەو بەو گەورەییەو بەو هەموو دیزاین و شێوە ئەندازەیی و تەلارسازی و مۆرکە کوردی و خۆماڵییە، لە سەنتەری پایتەختی کوردستان لەسەردەستی سەرۆکوەزیران، درێژەدانە بە ئەساڵەتی رێبازی راستەقینەی میللەتی کورد لەرووی دینداری و کوردایەتی، هەنگاوێکە هەڵقوڵاوی هەناوی مێژووێکی پڕ شازی گەلەکەمانە، کە مزگەوتی وەک بیلبیلەی چاوان پاراستووەو وەک فاکتەری پێشکەوتن و شارستانیەتی ئیسلامی سەیری کردووە، بایەخدانە بە هەستی ئایینی زۆرینەی گەلەکەمان، کە پابەندی دینداری هەیەو ئامانجیەتی ماڵ و حاڵ و ژیان و ژیار بەدینداری رووناک بێتەوە، دەکرێ بڵێین؛ ئەمە تەنها کارێکی هونەری تەلارسازی و هەنگاوێکی کاتی نیە، بەڵکو پرۆژەیەکی ستراتیژی دینداری و فکری گرنگە، لەوەی کوردستان بۆ لەمەودوا مەیدانی تاقیکردنەوەی فکری هاوردە نیە، بەڵکو خۆی زیاتر خاوەندارێتی مۆدێڵی دینداریەکی عیرفانی رەسەن دەکات، کە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و کوردەواری پەیڕەوی لێ کردووەو دەکات.
بونیادنانی ئەم مزگەوتە گێڕانەوەی شکۆمەندییە بۆ پێگەی مزگەوت و پاڵپشتی رێڕەوی دینداری و هەنگاوە ئایینیەکانە، بەستنەوەی واقعی ئەمرۆیە بە دوێنێ، بیرخستنەوەی ئەو راستیەیە کە هەموو سەرکردەو شۆڕشەکانی کورد مزگەوتیان بەلاوە گرنگ بووە، لە ئێستاشدا مزگەوت هەر بە رێزو شکۆوە دەپارێزرێت و گەشەی پێ دەدرێت، ئەم فەرهەنگ و فەلسەفەیە هەستکردنە بە رۆڵ و کاریگەری ئایین و پابەندی دینداری گەلی ئێمە، هەوڵدانە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئایینی بە بۆن و بەرامەی کوردی، تێگەیشتنێکە هەڵقوڵاوی هەناوی دینداری راستەقینەی گەلەکەمانە، کە وێڕای بارودۆخ و سەختی و نەهامەتیەکانی ژیان و گوزەران، هیچ کات دەستبەرداری ئیسلام نەبووەو دینداری پەراوێز نەخستووەو ئایینی وەک پەیژەو ئامراز بۆ مەرامی دونیایی بەکار نەهێناوە.
لەبەر ئەو هەست و هەڵوێستە جوانەیە؛ لەناو کورد مزگەوت گەورەترین خزمەتی پێشکەش بە ئیسلام و مرۆڤایەتی کردووە، زانایانی کوردو سەرکردە هەڵکەوتووە دیندارەکانی کورد هەمیشە بە رۆحیەتی دیندارانە هەنگاویان ناوە، ئەمەش وای کردووە دین حوزرێکی گەورەی هەبێت و رەگ و ریشەی قوڵبێتەوە نێو تەواوی ژیان، هاوکات هیچ دوژمنێک نەیتوانیوە ئەم میللەتە لە دین دووربخاتەوە، کە زۆر جار چاویان بەم واقعە هەڵنەهاتووەو بەناوی دین لە ئێمەیان داوەو رەچاوی ئەوەیان نەکردووە شۆڕش و شۆڕشگێڕانی کورد، هەستی دینداری و کوردایەتیان لەپێناو مافی نەتەوە پێکەوە گرێداوە، لە سەردەمی رژێمی پێشوو کە کورد بێ هێزو ئەوان دەستەڵاتدار بوون! وێڕای ئەنفال و وێرانکردنی پێنج هەزار گوند! پتر لە چوار هەزار مزگەوتیش خاپور کران و تەنانەت قورئانی ناو مزگەوتەکانیش سوتێندران! ئێستا کە کورد لە دەستەڵات و پێشکەوتنی زۆردایە، نەک بیری لای تۆڵەسەندنەوەو بێڕێزیکردن نیە بەرامبەر مزگەوت، بەڵکو گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشکەش بە موسڵمانان و شارستانیەتی ئیسلامی دەکات و بەردی بناخەی دادەنێت، ئەمە ئاماژەیە بەوەی ئاراستەی حوکمڕانی ئەو وڵاتە رێز لە بەهاو ویستی دینداری گەلی خۆی دەگرێت و پەرە بە چوارچێوەی پێشکەوتن لەبواری ئیسلامپەروەریەوە دەدات.
بیناکردنی مزگەوتێکی لەم شێوەو بە پێوەری جیهانی و تەلارسازی و بیرۆکەی کوردی، بەستنەوەی لووتکەی پێشکەوتنی ئێستای گەلەکەمان بە کەلتوورو مێژووی نەتەوەیی دەردەخات، مزگەوت و پەیامی دینداری، مزگەوت و شۆڕش و بەرخودان، مزگەوت و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مزگەوت و ژینگەدۆستی، مزگەوتی مۆزەخانە، مزگەوت و مەدرەسەو کتێبخانە، مزگەوت و توراسی کوردەواری، مزگەوت و شەلال و نافورەو رووبارو ئاوی سازگار، مزگەوت و هۆڵی کۆنفرانس و کۆڕبەندی زانستی و مەعریفی، مزگەوت و شێوازی تەلارسازی، دەبنە پەیامگەلێک لە پێناسەی نەتەوەیەکی ئاشتیخواز، واقعی ئایینی گەلەکەمان پیشانی جیهان دەدات، هەروەک سەرۆکوەزیران ئاماژەی پێکردو گوتی: هەستمان كردووە هەولێر و كوردستان پێویستیان بە هێمایەك هەیە، هێمایەكی ئایینی كە ڕەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستیی گەلەكەمان بێت، هەروەها ڕەنگدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەریی گەلەكەمان لە دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم و ستەم بێت.
ئەم مزگەوتە هەڵگری مێژووی دینداری و شوناس و خەبات و کەلتووری نەتەوەکەمانەو لە شێوەی کۆمەڵگەیەکی ئایینی ئەندازەیی مۆدێرن و شارستانی وەک سیمبول و ناوەندێکی باڵاو دیاری دینداری دەکەوێتە خزمەتی خەڵک و دەبێتە یەکێ لە گەورەترین شوێنە ئایینیە دیارەکان، وێنای رەهەندە ئایینی و هزری و رۆشنبیری و هونەری کوردی وێنا دەکات، لەهەمان کات ناونانی بەناوی سەرکردەو رابەری ئایینی و نەتەوەیی مەرحوم مەلا مستەفای بارزانی وەک وەفاو پیشاندانی قوربانیدانی نەتەوەیی و پابەندی بەها ئایینی و ئینسانیەکان و گواستنەوەی وێنەی دینداری ئەو کات بۆ ئێستای رۆلەکانمان، دەرخەری ئەو راستیە حاشا هەڵنەگرەیە، کە ئایین و نیشتمان، ئیسلام و نەتەوەو وەک چۆن لە رابردوو لێک جیا نەکراونەتەوە، بەهەمان شێوە لەم مزگەوتە رەنگدانەوەی دەبێت، وێڕای پارێزگاری نەتەوەپەروەری و نیشتماندۆستی، نامەی پابەندی میللەتی کوردو کاریزمایی ئایینی ئەو سەرکردە مەزنەو نەتەوەکەمان، لەرووی بەهای ئایینی و مرۆڤدۆستی و عیرفانی و پێکەوەژیان لە خزمەتی مرۆڤ و شارستانیەت بەیاد دێنێتەوە، لەپاڵ ئەمەش دەبێتە وێستگەیەکی دیاری پەیامی ئاشتی و رەنگدانەوەی تەلارسازی هاوچەرخی ئیسلامی لەناوچەکەدا.
دواجار ئەم مزگەوتە وەک پرۆژەیەکی مەزن و شاکارێکی ناوازە، بوخچەیەکی مێژوویی و توحفەی شارستانیەتی دینداری کوردەواری بۆ خواپەرستییە، وەلێ پەیامی نەتەوەیی و مرۆیی زۆری هەڵگرتووەو وێنای دینداری و رەسەنایەتی گەلەکەمان بەرچاو دەخات، هاوشێوەی مۆرێکی فەرمی و پاڵپشتێکی مەعنەوی؛ کوردو ئیسلام زیاتر پێکەوە گرێدەدات و وەک تاجی پادشایەتی دەخرێتە سەر تەلاری ئاوەدانی کوردستان و ناوبانگی بە جیهاندا وەک شاکارو شانازییەکی گەورەی گەلی کوردی موسڵمان دەنگدەداتەوە، هەروەک لە وتەکەیدا سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەو راستیە داو گوتی: "ئەم پرۆژەیە دەبێتە هێمایەك، دەبێتە سیمبولێك كە پێشان بدات گەلی ئێمە، گەلێكی خواپەرستە، گەلێكی مرۆڤدۆستە، گەلێكی دادپەروەرە و هەمیشە ئامادەین لەپێناو خزمەتكردن بە گەل و وڵاتمان، بە ڕێگەی ئایین و خوداناسی، بەردەوام بین".