فاتح مەولەویزادە
نووسەر
هێزی وشە لە گوتاری سیاسی
وشەکانی سیاسەتمەدار هێندە گرنگە، کە دەتوانێت نەتەوەیەک ئارام بکات یان نیگەران؛ بۆیە گوتاری سیاسی هونەری بەڕێوەبردنی بیرە، نەک لە خۆوە قسەکردن.
مایک تاقیکردنەوەی دەنگ نییە؛ بۆ قیڕاندن و هات و هاوار، تاقیکردنەوەی هۆش، ئارامی، کۆنترۆڵی دەروونی و لێهاتوویی سیاسەتمەدارە.
یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی سەرکەوتنی سیاسەتمەدار، توانای گوتاری سیاسییە، نەک بازاڕی قسە کردن و بەکارهێنانی وشەی نەشیاو. سیاسەتمەدار لە کاتی چوونە بەردەم میدیا، تەنیا نوێنەری خۆی نییە، بەڵکوو نوێنەری حزب، دامەزراوەکە و هەندێک جار نوێنەری وڵاتەکەشی دەبێت. بۆیە هەر وشەیەک کە دەیڵێت، کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەیە و متمانەی هاووڵاتییان بۆ دامەزراوەکەی جێدەهێڵێت.
بەداخەوە، هەندێک جار دەبینرێت، کە بەشێک لە بەرپرسان کاتێک لە بەردەم میدیاکاران پرسیاریان لێ دەکرێت، لە جیاتی ئەوەی بە ئارامی، بە بیرکردنەوە و بەڵگەوە وەڵام بدەنەوە، شڵەژاو دەبن، هەڵچوون نیشان دەدەن یان هەوڵ دەدەن میدیاکار بدەنە بەر ڕەخنە. ئەم شێوازە نە هێزی سیاسییە و نە سەرکەوتنی گوتار؛ بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە، کەسەکە ناتوانێت لە ژێر فشاری پرسیاردا پەیامەکەی بە شێوەیەکی پیشەیی بگەیەنێت. هەر ئەم جۆرە گوتارانە وای کردووە نەوەیەک دروست ببن کە، هیچ شتێک لایان گرنگ نییە، بێگومان بێ ئاگان لەوەی دواتر هەر ئەو نەوەیە کە باشتر پێدەگەن و تێدەگەن، ئەوکاتە دەبنە مڵۆزمی گیانی ئەم بەناو سەرکردە شڵەژاوانە.
گوتاری سیاسی هەرگیز بە بەرزکردنەوەی دەنگ یان هێرشکردنە سەر بەرامبەر بەهێز نابێت؛ بەڵکوو بە هێمنی، لۆژیک، زانیاری و متمانە بەهێز دەبێت. ئەوەشمان بیر نەچێت، میدیاکار پێویستە ئاستی هۆشیاری و زانینی خۆی باشتر بکات، بۆ ئەوەی بزانێت چ جۆرە پرسیارێک ئاراستە دەکات؟
میدیا نە دوژمنی بەرپرسە و نە دادوەریشە. بەداخەوە بەشێکی میدیاکان بوونەتە دادوەر، بیریان چووە میدیا دەنگی گەل و هاووڵاتییانە. بەرپرسێکی لێهاتوو ئەوەیە کە تەنانەت لە بەرامبەر توندترین پرسیاردا، ئارامی خۆی بپارێزێت و بە وەڵامێکی ڕوون و بەڵگەدار، ڕای گشتی بڕوای پێ بکات. لە ڕاستیدا، هەر چەند پرسیارەکان قورست تر بن، هەلی زیاتر دەدەن بۆ ئەوەی سیاسەتمەدار لێهاتوویی خۆی پیشان بدات، بە پێچەوانەوە ئەگەر زانیاری لا نەبێت و لە مەرامی میدیاکار تێ نەگات لێهاتووەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیار.
ئەوەی جیاوازی نێوان ڕێبەرێکی گوتاربێژ و بەرپرسێکی هەڵتۆقیو لە سیاسەت دروست دەکات، شێوازی مامەڵەکردنێتی لەگەڵ قەیران و ڕەخنە، هەروەها گرنگە بە بیرێکی قووڵ و ئارامییەکی خۆڕاگرانە وەڵام بداتەوە.
ئێمە پێویستمان بە گوتارێکی سیاسییە، کە پشت بە زانیاری بە بەڵگە، ڕێز و متمانە ببەستێت. هاووڵاتی لای گرنگە وەڵام و ڕوونکردنەوە وەرگرن، نە مشتومڕ و تووڕەبوون. ئەو بەرپرسەی بتوانێت لە بەردەم کامێرا و مایک، هەمان ئارامی و هەمان متمانە کە، لە ژووری کارەکەیدا هەیە، بیپارێزێت، ئەوە سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتووە.
باشترین گوتاری سیاسی ئەو گوتارەیە کە، دڵ و مێشکی خەڵک لە یەک کاتدا بڕوای پێ دەکات. چونکە دەسەڵات بە بڕیار بەڕێوە دەچێت، بەڵام متمانە تەنیا بە گوتاری باش و هەڵسوکەوتی پیشەیی بەدەست دێت. سیاسەتمەدار پێویستە بزانێت کە، وشەکان هەموو دەمێک لە بیر دەمێننەوە، بۆیە گوتارە باشەکەی دەتوانێت، وێنەی کەسەکە لای هاووڵاتییان بە بەهێزی بهێڵێتەوە یان بە تەواوی بیڕووخێنێت.