عێراق لە نێوان شمشێری چاکسازی و مۆدێلی نوێی گەندەڵیدا

عێراق لە نێوان شمشێری چاکسازی و مۆدێلی نوێی گەندەڵیدا
عێراق لە نێوان شمشێری چاکسازی و مۆدێلی نوێی گەندەڵیدا

پرسی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی لە عێراقدا، گەورەترین ئەو ئاستەنگانەیە کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە رووبەڕووی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەت بووەتەوە. پەککەوتنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و بەهەدەردانی ملیاران دۆلار لە خەزێنەی دەوڵەت، هەمیشە ناڕەزایەتی توندی شەقامی عێراقی لێکەوتووەتەوە. لەم سۆنگەیەوە، راگەیاندنی هەر هەڵمەتێکی نوێی دژە گەندەڵی، وەک هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە فەرمییەکان دەبینرێت؛ چونکە پرسی گەندەڵی لە عێراقدا، ئیتر پرسێکی دارایی سادە نییە، بەڵکو پرسی مان و نەمانی خودی دەوڵەتی عێراقە. ئامانجی راستەقینەی هەر هەڵمەتێکی نیشتمانییش دەبێت چەسپاندنی سەروەریی یاسا، گەڕاندنەوەی دارایی دزراو، و سنووردارکردنی هەژموونی ئەو لایەنانە بێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا کار دەکەن.

کەمپینەکەی عەلی زەیدی کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی دەستی پێکردووە، سەرەتایەکی ئومێدبەخشە، بەڵام لە بەردەم دووڕیانێكدایە. ئەگەر تەنیا ئامانجێکی سیاسی کورتخایەن یان پیشاندانێکی میدیایی بێت، ئەوا کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دەکەونە مەترسییەوە، کەمپینەکە پاشەکشەی لێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئیرادەیەکی ناوخۆیی ڕاستەقینەی لەپشت بێت، دەبێتە سەرەتای ستراتیجێکی نوێ کە دەستکاری نەخۆشییە درێژخایەنەکەی سیستەمی حوکمڕانی دەکات.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قۆناغە، پێویستە ئاوڕ لە تیۆریی ناوداری زانای سیاسی (ئارنۆڵد هایدنهایمەر) بدەینەوە، کە شرۆڤەیەکی فرەڕەهەند بۆ پێکهاتەی گەندەڵی دەکات لە ڕێگەی تیشکخستنە سەر جیاوازییەکانی نێوان تێڕوانینی "نوخبەی دەسەڵاتدار" و "ڕای گشتی". هایدنهایمەر سێ ئاستی دیاریکراو مێژوویی بۆ گەندەڵی دادەنێت؛ یەکەمیان "گەندەڵی ڕەش"ە، کاتێک ڕەفتارەکە ئەوەندە نایاسایی و ناڕەوشتانەیە کە هەم نوخبەی سیاسی و هەم سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگە بەیەکدەنگی سەرکۆنەی دەکەن و داوای سزادانی توندی دەکەن، وەک بەرتیلخۆری ڕاستەوخۆ لە دادگاکان یان دزینی ئاشکرای بودجە کە زیان بە مافی سەرەتایی مرۆڤەکان دەگەیەنێت. ئاستی دووەم "گەندەڵی سپی"یە، کە تێیدا ڕەفتارەکان لە ڕووی تێکستی یاساییەوە لادانن، بەڵام لە لایەن نوخبە و کۆمەڵگاوە بە چاوێکی سادە سەیر دەکرێن و چاویان لێ دەپۆشرێت، چونکە وەک نۆرمێکی کلتووری و پێویستییەکی کۆمەڵایەتی لێهاتووە، نموونەی هەرە دیاریش بەکارهێنانی دەسەڵاتە بۆ دامەزراندنی خزم و کەس، کە کۆمەڵگە وەک "ئەرکێکی ئەخلاقی بەرامبەر خێزان" پێناسەی دەکاتەوە نەک تاوان. ئاستی سێیەم و مەترسیدارترینیش، "گەندەڵی خۆڵەمێشی"یە؛ ئەم جۆرە لە ناوچەیەکی تەمومژاویدا دەمێنێتەوە کاتێک نوخبە و کۆمەڵگە لەسەر پێناسەکردن و تاوانبوونی کردارەکە هاوڕا نین. بۆ نموونە، ڕەنگە نوخبەیەکی دەسەڵاتدار یاسایەک بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی، لە کاتێکدا ڕای گشتی ئەوە بە تاوان بزانێت، ئەم ناوچە ناڕوونەش مەترسیدارترین جۆری گەندەڵییە چونکە دەرگا بۆ ڕەواییپێدانی سیستماتیکی گەندەڵی دەکاتەوە.

بە سەرنجدان لەم تیۆرییە، دەبینین عێراق بە تەواوی قۆناغی "گەندەڵی ڕەش"ی تێپەڕاندووە؛ واتە کێشەی ئێستا تەنیا بەرتیلخۆریی بچووک و ئاشکرا نییە، بەڵکو دۆخەکە پەرەی سەندووە بۆ ململانێیەکی قووڵ لە ناوچەی ململانێی نێوان "گەندەڵی سپی" و "خۆڵەمێشی". پێم وایە مۆدێلێکی نوێ و پێشکەوتووی گەندەڵی لە عێراقدا لەدایکبووە، کە تێیدا گەندەڵی چیتر لادانی کەسی نییە، بەڵکو بووەتە "دەستوورێکی نەنووسراو" و ستراتیجیەتێکی داڕێژراو. کوتلەگەرییە سیاسی و ئابوورییەکان، لە ڕێگەی یاساییکردنی لادانەکان و دروستکردنی کۆمپانیا و گرێبەستی فەرمی، سەروەتی دەوڵەت قۆرغ دەکەن. گەندەڵی سپی کە پێشتر وەک خزمخزمێنەیەکی سادە لە فەرمانگەکاندا دەبینرا، ئێستا لە ژێر ناوی "پشکپشکێنەی سیاسی" بووەتە بنەمای دابەشکردنی جومگەکانی دەوڵەت، ئەمەش وایکردووە کلتووری چاوپۆشیکردنی گشتی باڵ بەسەر کۆمەڵگەدا بکێشێت و هیوای گۆڕانکاری کەم بکاتەوە.

بۆیە پێموایە ناونانی ئەم هەڵمەتە بە چاکسازی تەنیا کاتێک ڕاستەقینە دەبێت کە شمشێرەکەی عەلی زەیدی بگاتە ملی سەرکردە باڵاکان و سەرانی سیاسی عێراق، نەک تەنیا گەندەڵکارە بچووکەکان، چونکە ئەگەر دەرفەتەکە وا لەبار بووبێت بۆ ئەوان ئەی سەرووتر چی!! . مێژووی سیاسیی عێراق پێمان دەڵێت کە زۆرجار دروشمی دژە گەندەڵی وەک کارتێکی فشار بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکان و وەدەستهێنانی شەقامی توڕە بەکارهاتووە. ئەگەر زەیدی تەنیا پشت بە پۆستە فەرمییەکەی ببەستێت، بێ پشتیوانییەکی جەماوەریی ڕێکخراو یان چەترێکی نێودەوڵەتی، زۆر زوو لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا بە تەنیا دەمێنێتەوە؛ چونکە لایەنە سیاسییەکان تا ئەو شوێنە لەگەڵیدان کە بەرژەوەندی و گیرفان و دەسەڵاتی خۆیان سەلامەت بێت.

بە بۆچوونی من  بۆ سەرخستنی هەر پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی چاکسازی، پێویستە ستراتیجیەتەکە لە سزادانی تاکەکەسییەوە بگۆڕدرێت بۆ "هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی ژینگەی گەندەڵی". ئەمەش بەبێ کارکردن لەسەر سێ تەوەر ناکرێت: یەکەم، چاکسازی ڕادیکاڵی سیستەمی دادوەری بە جۆرێک کە لە دەرەوەی کایەی ململانێی سیاسی بێت. دووەم، بەدیجیتاڵکردنی تەواوی مامەڵە دارایی و کارگێڕییەکانی دەوڵەت بۆ نەهێشتنی لایەنی خۆڵەمێشی و ناڕوونی یاسایی. سێیەم، گێڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان لە ڕێگەی شەفافییەت لە داهاتەکاندا.

ئاییندەی ئەم دۆخە لە نێوان دوو سیناریۆدا یەکلا دەبێتەوە؛ ئەگەر ئەم هەڵمەتە نوێیە تەنیا لە چوارچێوەی دەستکەوتی کاتی و دروشمی میدیاییدا بمێنێتەوە، ئەوا گەندەڵی شێوازی خۆی دەگۆڕێت بۆ مۆدێلێکی خۆڵەمێشی ئاڵۆزتر کە تێیدا چاکسازی دەبێتە خەونێکی مەحاڵ، ئەمەش وڵات بەرەو تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نوێ دەبات. بەڵام ئەگەر زەیدی بتوانێت پێشنیارە بنەڕەتییەکان جێبەجێ بکات و هاوپەیمانی لەگەڵ شەقامی تووڕە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بکات، ئەوا بۆ یەکەمجار عێراق بەرەو دامەزراوەییبوون هەنگاو دەنێت و ژینگەی بەرهەمهێنانی گەندەڵی بۆ هەمیشە ئیفلیج دەکرێت.