سەروەریی دەوڵەتی عێراق لە نێوان هەژموونی دارایی واشنتن و نفووزی ئەمنیی تارانی دراوسێیدا

سەروەریی دەوڵەتی عێراق لە نێوان هەژموونی دارایی واشنتن و نفووزی ئەمنیی تارانی دراوسێیدا
سەروەریی دەوڵەتی عێراق لە نێوان هەژموونی دارایی واشنتن و نفووزی ئەمنیی تارانی دراوسێیدا

لە دوای 2003ـەوە، عێراق وەک یەکێک لە سەرلێشێواوترین و سەیرترین شێوازەکانی حوکمڕانی لە تەواوی ناوچەکەدا دەبینرێت. ئێمە بەرامبەر دەوڵەتێکین کە هەموو هێما و نیشانە فەرمییەکانی سەروەریی هەیە، لە دەستوورێکی جێبەجێنەکراو و، پەرلەمانێکی دابەشبووەوە تا ئاڵا و نوێنەرایەتی نێودەوڵەتی. بەڵام لەسەر ئەرزی واقع، راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە بڕیارە ستراتیجییەکانی دەوڵەت لە دەستی خودی خۆیدا نین. بەغدا بە رێکەوت نەکەوتووەتە ئەم دۆخەی ئێستای سەروەرییەکەی، بەڵکو بێدەنگیی نوخبەی سیاسی لە بەرامبەر دابەشبوونی وڵات لە  نێوان دوو هەژموونی دەرەکیدا، جۆرێکە لە خۆ بەدەستەوەدانی ئاشکرا.

لەلایەکەوە، واشنتن لە رێگەی شادەماری دۆلار و بانکی فیدراڵییەوە کۆنترۆڵێکی رژد و رەهای بەسەر تەواوی ئابووریی ئەم دەوڵەتەدا سەپاندووە. لەلایەکی ترەوە، تارانی دراوسێ لە رێگەی نفووزی ئەمنی، سیاسی و هەژموونی گرووپە چەکدارەکانەوە جومگەکانی بڕیاردانی لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بەتەواوی تەنیوە. کاتێک بە وردیی سەرنجی ئەم هاوکێشەیە دەدەین، دەپرسم: لە ناوەڕاستی ئەم دوو هێزە دژبەیەکەدا، ئایا بەڕاستی شتێک بە ناوی «سەروەریی نیشتمانی» بۆ عێراق ماوەتەوە؟ سەروەری بووەتە تەنیا تێرمێکی سیاسی و عێراقیش بووەتە گۆڕەپانێکی خۆڕایی و بێبەرامبەر بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

لە ئەدەبیاتی زانستی سیاسیدا، چەمکی سەروەری (Sovereignty) بە کۆڵەکەی سەرەکی و بنەمای پێکهێنەری دەوڵەتی هاوچەرخ دادەنرێت. ئەم چەمکە، کە رەگ و ریشەی لە  پەیماننامەی ڤێستفالیا (1648) و بیرۆکەکانی بیرمەندانی وەک تۆماس هۆبز و جان بۆداندا هەیە، لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ بوونی دەسەڵاتێکی باڵا، بێ بەربەست و رەها کە بەسەر هەرێمێکی جوگرافیی دیاریکراو و دانیشتووانەکەیدا جێبەجێ دەبێت. تیۆری کلاسیک  دوو رەهەندی بنەڕەتی بۆ سەروەری دیاری دەکات: سەروەریی ناوخۆیی (Internal Sovereignty) کە خۆی لە توانای دەوڵەتدا دەبینێتەوە بۆ سەپاندنی یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری، هەروەها سەروەریی دەرەکی (External Sovereignty) کە بریتییە لە دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی دەوڵەت و پارێزراوبوونی لە دەستوەردان و بڕیاری دەرەکی.

بەڵام کاتێک باسی لاوازی سەروەریی عێراق دەکەم، واتە باسی تێڕوانینێکی تیۆریی وشک ناکەم، بەڵکو باسی واقع دەکەم کە هاووڵاتییەکی عێراقی رۆژانە بە چاوی خۆی دەیبینێت و هەر خۆیشی باجەکەی دەدات.

دارووخانی سەروەری لە عێراقدا لە سێ کەلێنی جەوهەریدا رەنگی داوەتەوە:

1. فرەیی چەک و زەحمەتی کۆنتڕۆڵکردن 

گەورەترین شکستی دەوڵەتی عێراق لەوەدا دەبینم کە دەسەڵاتی رەهای کۆنترۆڵکردنی چەک و بڕیاری جەنگ و ئاشتی لە دەستدا نییە. بوونی گرووپی چەکداری جۆراوجۆر کە بەشێکیان راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە ئایدۆلۆجیا و بەرژەوەندیی هەرێمییەوە، وایکردووە سوپای فەرمی ببێتە پەراوێزخراوترین دامەزراوە لە پاراستنی  وڵاتدا. کاتێک چەک لە دەرەوەی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان جوڵەی پێدەکرێت، سەروەریی سەربازیی دەوڵەت دەکەوێتە ژێر پرسیاری جدییەوە.

2. شادەماری ئابووری لە نیویۆرک و بارمتە بوونی سەروەریی عێراق

 عێراق وڵاتێکە، بە تەواوی لەسەر فۆڕمی "دەوڵەتی رەیعی- تاک سەرچاوە"ی نەوت وەستاوە، بەڵام پارەی ئەم نەوتەش راستەوخۆ نایەتەوە بەغدا، بەڵکو لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک دادەنرێت. من پێم وایە واشنتن پێویستی بە جوڵاندنی هێزی سەربازی و فرۆکەی جەنگی نییە بۆ هێرشکردن و لێدان لە عێراق لەکاتی گرژییەکاند، تەنیا بە بڕیارێکی گەنجینەی ئەمریکا و بڕینی رێڕەوی دۆلار یان بە خستنە لیستی رەشەوەی هەندێک بانکی ناوخۆیی، ئابووریی عێراق بە چەند رۆژێک تەواو هەرەس دەهێنێت واتە زۆر (خراپتر لە ئێران). کاتێک ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر تاران توندتر دەکاتەوە، بەغدا ناچار دەبێت تەنانەت رێڕەوە ئاسمانییەکان، مامەڵە داراییەکان، یان بڕیاری گەشتەکان بوەستێنێت. ئەمە سەروەریی دارایی بەتەواوی لە ناوبردووە و کردوویەتی بە بارمتەی بڕیارەکانی واشنتن.

3- هەژموونی سیاسیی تاران

لە بەرامبەردا، تاران جڵەوی بڕیاری سیاسی و ئەمنیی بەتەواوی گرتووەتە دەست. دروست لێرەدایە کە ئیفلیجبوونی دەوڵەت دەردەکەوێت: حکوومەتی بەغدا بەردەوام لە نێوان گوشاری دارایی واشنتن و هاوکێشە ئەمنییەکانی تاران دایە. هیچ کابینەیەکی حکوومەت لە بەغدا ناتوانێت هەنگاوێکی سیاسی، ئەمنی یان ستراتیجیی درێژخایەن بنێت کە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بخاتە مەترسییەوە. هەژموونی ئێران گەیشتووەتە ئاستێک، شایەت دیاریکردنی هاوسەنگیی پەرلەمانی و دانانی سەرکردایەتییە سیاسییەکان پێویستی بە گڵۆپە سەوزەکەی تاران هەیە. ئەم راکێش راکێشەی نێوان بڕیاری دارایی ئەمریکا و بڕیاری سیاسیی ئێران، سەروەریی عێراقی تەواو شەل کردووە