سیاسی
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز

نووسەر

کێشەى بودجەى هەرێمى کوردستان

کێشەى بودجەى هەرێمى کوردستان
کێشەى بودجەى هەرێمى کوردستان

هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە، کێشەی بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق سیاسییە و رەگێکی قووڵی هەیە. بەداخەوە لە دوای 2014 بە فراوانی ئەم کێشەیە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە تێیدا دەسەڵاتی سیاسی و هاووڵاتییانی هەرێم بە پلەی یەکەم زیانیان پێگەیشتووە و ئازار دراون.

کێشەی بودجەی هەرێم کە لە ناویدا بابەتی بودجەی پڕۆژەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بابەتێکی دروستکراوە؛ ئەگەر دەسەڵاتدارانی سیاسیی عێراق مەبەستیان بێت، چارەسەرکردنی گران نییە و تەنها گەڕانەوە بۆ بنەماکانی دەستووری عێراق و جێبەجێکردنی، بەسە بۆ چارەسەر و راگرتنی ئەو فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان هەن. چونکە لەسەر ئەم بابەتە دوو کەس ناکۆک نین کە یاری بە ڕێژەکانی بودجەی هەرێم لە یاسای موازەنەدا کراوە؛ بۆ نموونە تاکو ساڵی 2014 ڕێژەکەی بریتی بوو لە 17%، پاشان بێ بوونی هیچ پاساوێکی قایلکەر کرا بە 12.67%. ئێستاش کە سەرژمێریی ساڵی 2024 بە سەرپەرشتیی دامودەزگاکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ئەنجام درا، رێژەکەی بە 14.14% دەرچوو، کەچی دەسەڵاتدارانی فیدراڵی هێشتا هەر مامەڵە لەگەڵ رێژەی 12.67% دەکەن.

باشە، گریمان هەرێم بە 12.67% رازی بوو، کەواتە با بگەڕێینەوە بۆ بنەمای یاسای موازەنەی ساڵی 2023 کە تێیدا پشکی ساڵانەی هەرێم دوای کەمکردنەوە جۆراوجۆرەکان بووە بە 16.60 تریلیۆن دینار، کە مانگانە دەکاتە نزیکەی 1.3 تریلیۆن دینار؛ ئەم بڕە پارەیەش مووچە، بودجەی جۆراوجۆری کارپێکردنی حکوومەت و پڕۆژەکانیش لەخۆدەگرێت. بەڵام حکوومەتی فیدراڵیی عێراق نەک هەر ئەو پشکە بە هەرێم ڕەوا نابینێت، بەڵکو جۆرەها داهێنانی ناگونجاوی دروست کردووە و لە پاڵ مەرجەکانی یاسای ئیدارەی دەوڵەتدا، مەرجگەلێکی دیکەی داناوە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دیسانەوە دەڵێین با ئەو گریمانەیە دابنێین کە هەرێم بە مەرجە سەیرەکانی ناو یاسای ئیدارەی دەوڵەت رازییە، کەواتە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی بێت و تەماشای داهاتی ناوخۆیی هەرێم بکات (کە بە ڕوونی و شەفافی لە لاپەڕەکانی بەڵگەنامەی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەدا دیارە، چونکە ئێستا هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی لای وەزارەتی نەوتی عێراقە، بە هەماهەنگیی تەکنیکی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان). ئەو کاتە بۆ نموونە، ئەگەر داهاتی ناوخۆ 250 ملیار دینار بێت، دەتوانێت نیوەی، واتە 125 ملیار دینار لە بەشی هەرێم ببڕێت (1.30 - 0.125 = 1.175) و بڕی 1.175 تریلیۆن دینار (تریلیۆنێک و سەد و حەفتا و پێنج ملیار دینار) مانگانە بنێرێت؛ چونکە بەپێی پرۆسەی هەژمارکردن بێت لە یاسای موازەنەدا، پێویستە باقیی شایستە داراییەکان بنێرێت بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، هەر وەک لە نموونەکەی سەرەوەدا ڕوونمان کردووەتەوە.

کەچی نەک ئەو مافە رەوایە بە تەواوی نانێرێت، بەڵکو داهێنانێکی ناگونجاوی بەسەر هەرێمدا سەپاندووە و تەنها بڕی مووچە (نزیکەی 960 ملیار دینار) دەنێرێت، ئەویشی بەستووەتەوە بە ناردنی نیوەی داهاتی نانەوتیی ناوخۆی هەرێمەوە. هیوادارم دەسەڵاتدارانی سیاسیی عێراق چاو بەم بابەتەدا بخشێننەوە و پەی بە بنەما دەستوورییەکانی عێراق ببەن، لانی کەم بەپێی ناوەڕۆکی ماددەی 121، و ڕێگر نەبن لە پێشکەوتن، ئاوەدانکردنەوەی هەرێم و خۆشگوزەرانیی خەڵک و دانیشتووانەکەی.