سیاسی
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز
د. ئاگرین عەبدوڵڵا عەزیز

نووسەر

هۆکارى تەواوبوون و تەواو نەبوونى پرۆژەکان

هۆکارى تەواوبوون و تەواو نەبوونى پرۆژەکان
هۆکارى تەواوبوون و تەواو نەبوونى پرۆژەکان

زۆرجار لە شەقامى کوردستانیدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، کە هۆکار چییە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمى کوردستان لە هەندێک شوێن و پارێزگا زووتر تەواو دەبێت و لە هەندێکى تر دوادەکەوێت و درەنگتر تەواو دەبێت؟.

بۆ ئەوەى وەڵامى ئەو پرسیارەمان دەست بکەوێت، پێویستە  سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەمایەى ئالیەتى پلاندانى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و تەرخانکردنى بودجە و دابینکردنى کاشى لە هەرێمدا لەسەر دیاریکراوە. 

هەروەک دیارە حکوومەتی هەرێمى کوردستان، لەسەر ئەو بنەمایەى کە رێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان (لە ساڵى 1998 لە چوارچێوەى بەرنامەى نەوت بەرامبەر خۆراک و بە پێى بڕیاڕى 986) بە گوێرەى چڕى و ژمارەى دانیشتوان دابەشکردنى رێژەکانى بۆ ناوچەکان هەرێمى کوردستان دانا و دیاریکرد (هەموولایەک لەڕووى سیاسی و ئیدارییەوە پێى ڕازى بوون و پابەندیان پێوەى نیشاندا). بڕەکانیش بریتی بوون لە : 23% بۆ پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى ئێستاى زاخۆ و 34% بۆ پارێزگاى هەولێر و ئیدارەى سەربەخۆى ئێستاى سۆران و 43% بۆ  پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەڕین. تاکوو ئێستاش وەزارەتى پلاندانى حکوومەتی هەرێمى کوردستان لەسەر هەمان ئاڕاستە دەڕوات.

بەهەمان شێوازیش ئێستا لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەو رێژانەى لەسەرەوە ئاماژەى پێدرا، پلانى پڕۆژەکانى رێگاوبان دادەنێین بێ ئەوەى هیچ زیاد و کەمیەک بۆ پارێزگایەک هەبێت لەسەر حسابى ئەوى تر و بێئەوەى هیچ جیاوازییەک بکرێت و بەردەوام بەیەک چاو تەماشاى داخوازى و پێداویستیە ڕەواکانى دانیشتووانى خۆشەویستى هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە.

بەنموونەش بیخەینەڕوو، ئەگەر پلانى تەرخانکردنى 1000 دینار هەبێت بۆ پرۆژەکانى رێگاوبان 340 دینارى بۆ هەولێر و سۆران و430  دینارى بۆ سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین ... هتد دەبێت. کەواتە با بێنە سەر ئەوەى بۆ هەندێک پڕۆژەى خزمەتگوزارى وەک رێگاوبان و ئاوى خواردنەوە و پارک و شەقامى ناوخۆیی لە پاریزگایەک یان لە ئیدارەیەکى سەربەخۆ زووتر لەوانى تر تەواو دەبێت؟ کرۆکى وەڵام بۆ ئەم بابەتە پەیوەندى بە خێرایی دابینکردنى کاش هەیە لە خەزێنەى ئەو پارێزگا یان ئیدارە سەربەخۆیە بۆ پرۆژەکان. چونکە و پێویستە ئەوە روونبکەینەوە کە هەر لە سەرەتاوە ئەو رێککەوتنەکرا کە بە گشتى دابین کردنى بودجەى پرۆژەى خزمەتگوزارى بەکاش لەسەر داهاتى ناوخۆى ئەوە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆیە کە سنورەکەى دیاریکراوە دەبێت، هەر بۆیەشە لە ئەگەرى هەر ناڕێکیەک لە کۆکردنەوەى داهاتى ناوخۆیی و دواکەوتنێک لە دابینکردنى کاش بۆ ئەو بەڵێندەرەى کە پڕۆژەکە ئەنجام دەدات دەبێتە هۆى وەستانى یان خاوبوونەوەى کارەکانى و دواجار دەبێتە هۆى دواکەوتنى تەواوبوونى پڕۆژەکە. 

بە واتایەکى تر دەتوانین بڵێین کاتێک پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى لە ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ بە خێرایی و لە کاتى خۆیدا تەواو دەبێت، ئەوە هۆکارەکەى ئەوەیە کە ئیدارەى زاخۆ توانیویەتى بە باشى کۆنتڕۆڵى سەرچاوەکانى داهاتى ناوخۆى بکات و کاش بۆ پرۆژەکانى دابین بکات و تەواوى بکات.

گرنگە ئەوەش بلێین کە لەبەر ئەوەى کە داخوازى و پێداویستى بۆ خزمەتگوزارى لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان  زۆرن و فراوانن، هیچ کات داهاتى ناوخۆیان ئەوەندە زیاد نییە لە پارێزگا و ئیداریەک بگوێزرێتەوە بۆ پارێزگایەکى تر و پرۆژەى پێبکرێت، بەداخیشەوە ئەوە دەڵێن کە ئەو سەرچاوە دارایی و داهاتیانەى کە دەکرا بە شێوەى ناوەندى مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دابەشبکرێنەوە وەک نەوت و لاى حکوومەتی هەرێمى کوردستان نیین، تاکوو بە پێى ئەو ڕێژانەى لەسەرەوە دیاریمان کردن دابەشبکرێتەوە بۆ مووچە و پرۆژەکان و ببنە سەرچاویەکى داهاتى زێدەگى بۆ ئەنجامدانى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەڵکوو لە ئێستادا ئەو سەرچاوە داراییانە لاى حکوومەتی ناوەندى فیدراڵن و ئەویش تاکوو ئێستاش هیچ بودجەیەکی بۆ پڕۆژەکانى هەرێم نەناردووە.