فاتح مەولەویزادە
نووسەر
دەوڵەتمەداری لە ناو قەیران
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە یەکێک لە هەستیارترین و ئاڵۆزترین قۆناخەکانی مێژووی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت. ئەم کابینەیە نەک تەنیا لەگەڵ کێشە کۆنەکان ڕووبەڕوو بوویەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک قەیرانی لەناکاوی ناوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بەرۆکی گرت.
لە پەتای کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە بگرە، تا راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، نەبوونی بودجە، تا دواخستنی مووچە و جیاوازییە سیاسییەکانی لەگەڵ بەغدا؛ هەموویان باری قورس و فشارێکی گەورەیان خستە سەر حکوومەت. جیا لەوانەش لە ناوخۆشدا، ناکۆکییە سیاسییەکان، لاوازیی هاوبەشی لە حکومڕانی و هەوڵەکانی پەکخستنی بڕیار و خزمەتگوزاری، جێبەجێکردنی بەرنامەکانی کابینەکەیان ئاڵۆزتر کرد، زۆرێک لە ئەوانەی لەژێر بەتانی لەگەڵ حکوومەت بوون رۆژانەش ئۆپۆزسیۆنێکی ناڕاست بوون.
پێوانەی حکوومەت ئەوە نییە، کە لە کاتی ئارامی و فراوانیی داهاتدا، چەنێک پڕۆژە جێبەجێ دەکات؛ پێوانەی راستەقینەی حکوومەت ئەوەیە، کە لە ناو قەیراندا چۆن بڕیار دەدات، کە دەوڵەت دەپارێزێت و چۆن هیوا بۆ هاووڵاتییان دروست دەکات.
* لە بەڕێوەبردنی قەیرانەوە بۆ دروستکردنی ستراتیژ:
یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی کابینەی نۆیەم ئەوە بوو، کە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشە رۆژانەکاندا، هەوڵیدا بناخەی پڕۆژە ستراتیژییە درێژخایەنەکان دابنێت. لە بری ئەوەی هەموو توانای خۆی تەنیا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان تەرخان بکات، چەند پڕۆژەیەکی دەستپێکرد، کە دەتوانن شێوازی ژیان و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی هەرێم بگۆڕن.لەوانە:
* پڕۆژەی رووناکی:
نموونەیەکی روونی ئەم ئاراستەیەیە. پڕۆژەکە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان، کەمکردنەوەی دەنگ و پیسبوونی هەوا و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروستتری هەیە. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، تا نیسانی 2026 نزیکەی 5,5 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەند بوون لە کارەبای بەردەوام.
رووناکی تەنیا پڕۆژەی کارەبا نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکە بۆ گۆڕینی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتی. کارەبای بەردەوام تەنیا رووناکیی ماڵ نییە؛ رووناکیی بازاڕ، پیشەسازی، خوێندن، تەندروستی و متمانەی هاووڵاتییە بە داهاتوو.
* هەژماری من:
پڕۆژەی هەژماری من یەکێکی دیکەیە لەو هەنگاوە ستراتیژییانەی کە ئامانجی گواستنەوەی هەرێمی کوردستانە بۆ سیستمی دارایی و بانکیی مۆدێڕن، هەروەها هەبوونی ناسنامەی دارایی بۆ هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رۆتین و زیادکردنی شەفافییەت.
تا ئایاری 2026 زیاتر لە 900 هەزار کەس بۆ هەژماری بانکی تۆمار کرابوون و زیاتر لە 760 هەزار مووچەخۆر، خانەنشین، هێزە ئەمنییەکان و خێزانەکانی شەهیدان مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵ وەرگرتبوو.
* زەوی و نیشتەجێبوون:
خاوەندارێتی نیشتەجێبوون و ماڵ یەکێکە لە بنەڕەتیترین پێداویستییەکانی خێزان، تەنیا دابەشکردنی خاک نییە؛ بەڵکوو گەڕاندنەوەی هەست کردنە بە سەقامگیری و دڵنیایی، بۆ خێزانەکان.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە دادپەروەری و شەفافیەتە، زەوی دەبێت وەک مافی هاووڵاتی دابەش بکرێت، نەک وەک بەخشین یان ئامرازێکی بانگەشەی سیاسی.
* ژینگە و ئاسایشی ئاو:
کابینەی نۆیەم هەوڵی دا بابەتی ژینگە و ئاسایشی ئاو لە پەراوێزی سیاسەتەوە بگوازێتەوە بۆ ناو بەرنامە ستراتیژییەکان. دروستکردنی بەنداو و بۆندەکان، پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە، زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێر، بەشێکن لەو ئاراستەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی حکوومەت، ڕێژەی سەوزایی لە %15 بۆ %18 بەرز بووەتەوە. پڕۆژەی پشتێنەی سەوزی هەولێریش پلانی چاندنی حەوت ملیۆن دارە، کە ئامانجی کەمکردنەوەی پلەی گەرمی و پیسبوونی هەوا دەگرێتەوە.
حکوومەتێک کە تەنیا بۆ ئەمڕۆ بیر بکاتەوە، خۆ بەڕێوەبەرێکی رۆژانەیە؛ بەڵام حکوومەتێک کە ئاو، ژینگە و سامانە سروشتییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو دەپارێزێت، خاوەن دیدگای دەوڵەتدارییە.
* رێگا، قوتابخانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان:
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی رێگا، پرد، ئاوی خواردنەوە، قوتابخانە جێبەجێ کراون. راپۆرتە فەرمییەکانی حکوومەت باس لە جێبەجێکردنی زیاتر لە 800 پڕۆژەی رێگا و دروستکردنی زیاتر لە 200 قوتابخانەی نوێ دەکەن. بێجگە لەمانەش چەندین کارو چالاکی دیکە لە ئاستی ناوەوە و دەرەوە کە هەموویام بەرچاون.
ئەم پڕۆژانە لە بارودۆخێکدا جێبەجێ کراون، کە داهاتی هەرێم بەردەوام کەم بووە و پشکی بودجە و مووچە، لەلایەن بەغداوە بە بیانووی جیاواز دواخراوە.
لەگەڵ هەموو فشارە دەرەکییەکاندا، کابینەی نۆیەم لە ناوخۆشدا رووبەڕووی دژایەتی و ناکۆکییەکی زۆر بووەتەوە. رەخنەگرتن مافێکی دیموکراتی و پێویستییەکی حکومڕانییە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لە نێوان رەخنەی چاکسازی و هەوڵدان بۆ پەکخستنی حکوومەتدا هەیە. جیا لە
ئۆپۆزسیۆن حزبی ناو دەسەڵاتیش لەم رێڕەوی دژایەتیکردنە بەردەوام بوون.
ئۆپۆزسیۆنی بەرپرسیار، کەموکوڕییەکان دەخاتەڕوو و پێشنیازی چارەسەر دەکات، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی بێ بەرنامە هەموو دەستکەوتێک رەت دەکاتەوە و هەر کێشەیەک دەکاتە ماددەی ملمـلانێی سیاسی (وەک ئەمانەی خۆمان).
رەخنە ئەگەر بۆ چاکسازی بێت، هێزی دەوڵەتە؛ بەڵام ئەگەر بۆ رووخاندن و پەکخستن بێت، بارێکی قورسە وەک چۆن درێخییان نەکرد.
باسکردن لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم بە مانای نکۆڵیکردن لە کەموکوڕییەکان نییە. کێشەی مووچە، بێکاری، گرانبوونی بژێوی، لاوازیی هەندێک خزمەتگوزاری، نەبوونی شەفافیەتی تەواو و هەستکردنی هاووڵاتی بە نادادپەروەری، هێشتا کێشەی راستەقینەن و پێویستیان بە چارەسەری بنەڕەتی هەیە.
هیچ حکوومەتێک نابێت لە رەخنە بترسێت؛ چونکە رەخنەی بونیادنەر ئاگادارکەرەوەیە، نەک دوژمن بوون. بەڵام هەڵسەنگاندنیش نابێت لەسەر بنەمای هەست و ملمـلانێی حزبی بێت. دەبێت بپرسین: لە چ بارودۆخێکدا حکومڕانی کرا؟ چ سەرچاوەیەک بەردەست بوو؟ چ پڕۆژەیەک جێبەجێ کرا؟ چی بەڵێن درا و چەندی جێبەجێ کرا؟
کابینەی نۆیەم کە درێژەپێدەری کابینەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کورسستان بووە، رەنگە بێ کەموکوڕی نەبووبێت، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت، کە لە یەکێک لە قورسترین قۆناخەکاندا، هەوڵیدا حکوومەت بەس بەڕێوەی نەبات، بەڵکوو بناخەی دەوڵەتێکی خزمەتگوزار، دیجیتاڵ و خاوەن ستراتیژ دابنێت.