لە دهۆک خواست لەسەر پرۆژە گەشتیارییەکان زیادبووە

یەکێک لە پرۆژە گەشتیارییەکانی گەورەی دهۆکە بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار لەسەر رووبەرووی 10 هەزار مەتر جێبەجێکراوە و پرۆژەکە پێکهاتووە لە هۆتێل و خواردنگە و مەلەوانگە.

ئاسانکارییەکانی حکوومەت و کەمکردنەوەی باج، پاڵپشتییەکی گەورەبووە کە وەبەرهێنەر دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە بکات.

رابین بانەسوری، خاوەنی پرۆژەی گەشتیاری بە کوردستان24ـی راگەیاند "پرۆژەکەی من یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکانی لە پارێزگای دهۆک، ئاسانکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمەی دابینکردووە، هەنگاوێکی گەورەبوو بۆ ئێمە، ئەمەش رێگەکەی ئاسانتر کە ئەم پرۆژەیە بەم ئەندازەیە کە دهۆک بکەینەوە و خزمەتی گەشتیاران بکەین"

لە چوارچێوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی گەشتیاری، ئاسانکاری زۆرکراون و هەروەها رۆتین بۆ وەبەرهێنەرەکان کەمکراوەتەوە.

لە پارێزگای دهۆک تاوەکو ئێستا 68 پرۆژەی گەشتیاری بە مۆڵەتی وەبەرهێنان جێبەجێکراون و ژمارەیەکی دیکە لەو پرۆژانە رەزامەندی جێبەجێکردنیان لەسەر دراوە.

لەلای خۆیەوە، هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت" ئێمە بەردەوام کاردەکەین بە مەبەستی وەبەرهێنەر بە ئاسانترین رێگە مۆڵەتی پرۆژەکان وەربگرن، ستراتیژییەتی ئێمە ئەوەیە دهۆک ببێتە پایتەختی گەشتیاری، بۆیە هەموو کارئاسانیەک دەکەین و چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیژی لە بەرنامەی ئێمەدان بۆ ئەوەی جێبەجێبکرێن".

ژمارەی ناوچە گەشتیارییەکان لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە 750 شوێنە و 25 پرۆژەی دیکە لە قۆناخی وەرگرتنی مۆڵەتن بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردن بکرێن.