سەڵاح بەکر
نووسەر
ئاڵەنگارییەکانی ئاسایشی خۆراک و خۆراکی جیهانی
خوێندنەوەیەک لە دەرئەنجامە ستراتیژییەکانی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان
پرسی خۆراک لە سەردەمی هاوچەرخدا یەکێکە لە گەورەترین ئاڵەنگارییە گەشەپێدان و مرۆییەکان کە رووبەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووەتەوە، بەپێی ئەوەی رەهەندە ئابووری، تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەهێز و راستەوخۆ تێیدا تێکەڵ دەبن.
لە سێبەری گۆڕانکارییە خێراکان و قەیرانە فرەسنوورەکاندا، راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) کە لە بەرواری 17/7/2026 دەرچووە، تیشک دەخاتە سەر واقیعێکی ئاڵۆز و نیگەرانکەر؛ واقیعێک کە تێیدا پێشکەوتنی بەدەستهاتوو لە هەندێک لە نیشاندەرەکاندا رووبەڕووی قووڵبوونەوەی قەیرانە پێکهاتەیییەکان لە نیشاندەرەکانی تردا دەبێتەوە، ئەمەش سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی گشتگیر بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگە تازەپێگەیشتوو و پێشکەوتووەکانیش بە هەمان شێوە دەخاتە مەترسییەوە.
لێدوان و هەڵوێستەکانی سەرکردەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە جەوهەرییەدا ئاماژە بەوە دەکەن کە کێشە سەرەکییەکە ئیتر تەنیا لە بەرهەمهێنانی خۆراک یاخود دابینکردنی لە بازاڕە جیهانییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ توانای دارایی واقعی پێکهاتەکان و خێزانەکان بۆ لەئەستۆگرتنی تێچووە بەرزەکانی شێوازی خۆراکی تەندروست. لەم چوارچێوە هەڵسەنگاندنەدا، خاتوو کاترین رەسڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف، جەخت دەکاتەوە کە توێژە هەرە بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە - بەتایبەتی مناڵان و ژنان -قوربانیی یەکەمی کەمتەرخەمیی سیستەمەکانی خۆراکی ئێستا و نەبوونی دادپەروەری لە دابەشکردندان. رەسڵ ئاماژە بەوە دەکات کە بنیادنانی تواناکانی منداڵ و بەدیهێنانی گەشەی دروستی، بەهێزی بەستراوەتەوە بە بەردەستبوونی ئابووریی بەردەوامی خۆراکی بەسوود، ئەمەش پێویستیی تەواوکاری لەنێوان کەرتە جیاوازەکاندا دەخاتە روو، وەک پەروەردە، تەندروستی، خۆراک و پاراستنی کۆمەڵایەتی، بۆ رێگری لە مەترسییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی دەستپێکی شۆکە ئابووری و سیاسییە جیهانییەکان.
لە لایەکی ترەوە، بەڕێز کارل ساکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار بەوەکالەت لە بەرنامەی خۆراکی جیهانی، واقیعی مەیدانیی ئاڵۆزی قەیرانی ئێستا روون دەکاتەوە؛ بەپێی ئەوەی ململانێ چەکدارییە روولەزیادبوونەکان و شۆکە ژینگەیییە سەختەکان هۆکاری پەستانی بەردەوامن کە تێچووی گوزەران و خۆراک لەسەر خێزانەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرز دەکەنەوە کە لە سەرووی توانای دارایی و بژێوییانەوەیە. بۆ تێپەڕاندنی ئەم کەڵێنە فراوانە، چەمکی "وەبەرهێنانی بەردەوام" و گەشەپێدانی سیستەمە خۆراکییە گونجاوەکان وەک پێویستییەکی استراتیجی و حەتمی دەردەکەوێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ڕەوتی خۆراکی بەسوود بە نرخێکی گونجاو تەنانەت لە کاتە سەختەکانی قەیرانیشدا. ئەمەش لە رێگەی بەهێزکردنی هاوبەشیی چالاک و بەردەوام لەنێوان ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتە نیشتمانییەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا بەدی دێت، بە مەبەستی بنیادنانی سیستەمێک کە تەوژمی بەرگەگرتنی هەبێت و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی تەواوی هاووڵاتیان دابین بکات.
لە رەهەندی تەندروستیی خۆپارێزیدا، دکتۆر تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، روانگەیەکی دەستنیشانکارانەی ورد پێشکەش دەکات کە تێیدا مامەڵە لەگەڵ دژایەتیی نێوان دابەزینی بەرچاو لە ڕێژەی گشتیی برسیەتی لە لایەک، و بەرزبوونەوەی تێچووی شێوازی خۆراکی تەندروست لە لایەکی تردا دەکات، کە نزیکەی سێیەکی دانیشتووانی جیهان توانای دابینکردنیان نییە. ئەم تێکچوونە پێکهاتەیییە هۆکاری زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شکستی دەستپێشخەرییە ئامانجدارەکانە بۆ خۆراکی دایکان و مناڵان. بۆ بەدیهێنانی وەرچەرخانی پێویست، گیبریسۆس کۆمەڵێک چارەسەری سیاسیی جێبەجێکراو و راستەوخۆ دەخاتەڕوو، لەوانە سەپاندنی پەستانی رێکخستن و باج لەسەر بەرهەمە ناتەندروستەکان، روونکردنەوەی پێکهاتەی لەبەرهێنراوەکان بە شەفافی، و قەدەخەکردنی ریکلامی زیانبەخش کە ئاڕاستەی مناڵان دەکرێت، جگه لە هاندانی شیری دایک؛ وەک پاراستنێک بۆ تەندروستیی گشتی بەپێی ئەوەی خۆراکی تەندروست بنەمایەکی بەهێزە بۆ تەندروستی و مافێکی مرۆییە، نەک تەنها بژاردەیەکی خۆشبژێوی.
هەروەها راپۆرتەکە جەخت لە گرنگیی گۆڕینی بەڵگە بەردەستەکان دەکاتەوە بۆ وەبەرهێنانی بەرچاو لە رێگەی هاوبەشیی چالاکەوە، بۆ بنیادنانی زنجیرەی بەهای بەهێز و سیستەمی بازاڕ و ئابووریی گوندیی شیاو کە خۆراکی بەسوود و تەندروست بخاتە بەردەست هەمووان.
لە کۆتاییدا، لە زانیاری و بەڵگەکانی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بەرواری 17/7/2026 دەرچووە بە روونی دەردەکەوێت کە رووبەڕووبوونەوەی هەژاریی خۆراک و خۆڕاکی بەسوود پێویستی بە تێپەڕاندنی خێرای چوارچێوە دەستنیشانکارییەکان و راسپاردە تیۆرییەکان هەیە بەرەو دەستوەردانی وەبەرهێنان و پێکهاتەیی لەسەر ئەرز.
بنیادنانی زنجیرەی بەهای توانابەخشی، پشتیوانیکردنی ئابووریی گوندەکان، گەشەپێدانی سیستەمی بازاڕ و دارشتنی سیاسەتی گشتیی بوێرانە، تاقە رێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی کە خۆراکی تەندروست ببێتە بژاردەیەکی بەردەست بۆ هەمووان بێ جیاوازی، بە شێوەیەک کە پاراستنی نەوەکانی داهاتوو و پاراستنی سەقامگیریی گەشەپێدانی مرۆیی و ئابووری لە ئاستی جیهانیدا مسۆگەر بکات.