ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
ئیرادەی تێپەڕاندنی رۆژە سەختەكان و مۆدێلێكی نوێی بەڕێوەبردنی قەیران
ڕاستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان گەورەترین دەستكەوتی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەناو چەندین قەیرانی مەترسیداری ناوخۆیی و جیهانیدا توانی بەردەوامی بە خزمەتگوزاری و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بدات. پەتای كۆرۆنا و شەڕی داعش و تیرۆریستان و بڕینی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و وشكەساڵی و دواجار شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل و هێرشی درۆنیی بەناو (موقاوەمەی ئیسلامی) بۆسەر ژێرخانی ئابووریی خەڵكی كوردستان و ماڵ و شوێنە مەدەنییەكان، رووداوێكی ئاسایی نەبوون و هەروا بەئاسانی تێپەڕ نەبوون؛ بەتایبەتی كە قوربانی یەكەمی هاوڵاتیانی كوردستان بوو ، بۆیە پێویستی بە ئیرادە و پرۆسەیەكی تۆكمە و بوێرییەكی وا هەبوو كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا بەرپرسیارێتی بگیرێتە ئەستۆ .
كێشەی ئاو بە تەنكەر چارەسەر نابێت و گرفتی 30 ساڵەی كارەبا بە درۆ و بەڵێنی بێكردار تێناپەڕێنرێت و چارەسەری وشكەساڵی و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجان و هەروەها پەیداكردنی مووچە و بودجەی بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەروا بەئاسانی دەستەبەر نابێت. گەلێك لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆر و بڕینی بودجە و مووچە و دانانی سەدان ئاستەنگ و بەربەستی ناوخۆیی و عێراقی بێت، دەربازبوون لێی هەروا ئاسان نییە، ئەمە سەركردە و كەسایەتیی بووێر و بەتوانای دەوێت.
بوونی قەیرانەكان و شەڕ و هێرشی تیرۆریستی شوێنەوارەكانی بۆ حکوومەت و گەلانی ناوچەكە زۆر كاریگەر و مەترسیدار بوو، ئەمەش پێویستی بە یەكدەنگی و هاوكاریی هەمووان هەبوو، بەتایبەتی حزبە كوردستانییەكان و كەسایەتییە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا. بەڵام بەلاڕێدابردنی پرۆسەی سیاسی و ڕێگریكردن لە پێكهێنانی حکوومەت و ڕێگریكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و فریودان و هەڵخەڵەتاندنی دەنگدەران، تەنیا لەپێناو دانانی ئاستەنگ لەبەردەم سەقامگیریی سیاسیدا بوو؛ ئەو سەقامگیرییەی كە بۆ بونیاتنانی نەتەوە و ئاوەدانی و جێبەجێكردنی پرۆژەكان و بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكان پێویستییەكی هەنووكەیی و سەرەكییە.
كاتێكیش بەناچاری كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان تەمەنی خۆی درێژكردەوە تاوەکو هەرێمی كوردستان نەكەوێتە ناو بۆشاییەكی دەستووری و یاساییەوە و خزمەتگوزارییەكانی (ئاو، كارەبا، شارەوانی، تەندروستی، پەروەردە و ئەمنی و چەندین پێداویستی سەرەكی دیكەی هاوڵاتیان ..) پەكیان نەكەوێت كە تێیدا هاووڵاتییان زیانمەندی سەرەكین، لەولاوە دانانی ئاستەنگەكانی بەردەم مووچە، بازرگانی و بودجە لە عێراق زیاتر بوون.
لێرەدا مۆدێلێكی نوێ لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و ئیدارەدانی كێشە و گرفتەكان سەریهەڵدا و ڕێگە نەدرا هاووڵاتی ببێتە قوربانیی سەرەكی دروستكردنی ئەو هەموو ئاستەنگ و بەربەستانە بێت، ڕاستە ئازارەكانی ئەم قەیرانانە دواجار لەسەر هاووڵاتییانە، بەڵام ڕێگە نەدان بە درێژكردنەوەی قەیرانەكە و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی، مۆدێلێكی نوێی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان و خۆڕاگریی نەتەوەیەك نیشانی گەلانی ناوچەكە و دنیای پێشكەوتوو دا، كە بووە جێگای فەخر و شانازی و سەلماندی كە تێكدانی ئەم ئەزموونە و زیانگەیاندن بە قەوارەی خەڵكی كوردستان خەونێكی ڕەشی بەدینەهاتووە.
با خوێندنەوەیەكی خێرا و چاوخشاندنێك بە هەندێك لە دەستكەوتەكانی حکوومەتی خەڵك لە بواری ئاو، كارەبا و بەنداوەكاندا بكەین، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت كە ڕەنگە بڕینی بودجە و گەمارۆ و پڕوپاگەندەی بەرژەوەندیخوازان كەمێك ناخۆش بێت، بەڵام خەڵكی كوردستان لە هەموو كات زیاتر چاوكراوەن و ئەو ڕاستییانە تێدەگەن كە كارەبای 24 كاتژمێری لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و كارەكانی دوژمن كە بە درۆن و مووشەك و هەڕەشەی لە كۆڕمۆر و سەرچاوەی سەرەكیی سووتەمەنیی كرد زیانی بە ڕووناككردنەوەی ماڵەكانیان گەیاندوو ئەوە تەنیا حکوومەتە شانی بەرپرسیارێتی و دەربازبوون لەم دۆخەی دایە بەر و هەنگاوەكانی بەئاڕاستەی زوو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەیە كە نەیارانی كورد خوڵقاندویانە؛ بۆیە هەر كەمبوونەوە و ڕاوەستانێكی ڕووناكی بە هیمەتی حکوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كاتییە و تێدەپەڕێنرێت.
ڕاكێشانی ئاوی سەرەكیی هەولێر و دەیان ناوچەی دیكەی كوردستان، وێڕای ئەوەی بودجە و پارەیەكی گەورەی دەوێت، بەڵام جێبەجێ كرا. تەنانەت كەمیی پشكی هەرێمی كوردستان لە بەكارهێنانی نەوتی ناوخۆ بۆ بەنزین، نەوت، گازوایل و پێداویستییەكانی دیكەی سووتەمەنی كە تەنیا 50 هەزار بەرمیلە، بەراورد بە عێراق كە یەك ملیۆنی تێپەڕاندووە و بە بودجەی سیادیی پارەی هەموو خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان لەوێ پاڵپشتی دەكرێت، كە دەكاتە %39.46ـی پشكی هەرێم؛ لە كاتێكدا بەپێی شایستەی ڕاستەقینەی هەرێم، ئەگەر بە حسابی پێش سەرژمێرییەكەش بێت، دەبووایە لە %12.67 بێت، واتە یەكسانە بە 126,700 بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا، كەچی بەناو پەرلەمانتار و بەناو سیاسی وا هەیە چاوی بە 50 هەزار بەرمیلەكەش هەڵنایەت و بەرامبەر ئەو هەموو ناهەقی و نادادپەروەری و گەمارۆیەی بەغدا لەسەر خەڵكی كوردستان نەك هەر بێدەنگە بەڵكو كاری تەواونەكراوی نەیاران و دوژمنانی كورد جێبەجێ دەكات و چاوی لەبەردەم ڕاستییەكان نووقاندووە.
كوردستان تا خاوەنی ئەو هاووڵاتییە دڵسۆز و بەوەفایە بێت و كەسانێكی خەمخۆریش هەبن لە بەرپرسیارێتی ڕانەكەن و بە كردار وەڵامی چەواشەكارییەكان بدەنەوەو لە كاروانی ئاوەدانی بەردەوام بن ، ئەوا كاروانی تێپەڕاندنی قەیران و ئاستەنگەكان بەردەوام دەبێت و هەرێمی كوردستان هەر پارێزراو دەبێت. ڕۆژە سەختەكان بە حوكمڕانییەكی سەرۆكی حکوومەت و بەپاڵپشتی گەلەكەی تێدەپەڕێنرێن كە توانای بەڕێوەبردنی قەیرانەكانی هەیە و لە بەرپرسیارێتی هەڵنایەت بۆیە تەمەنی قەیرانەكان و رۆژە سەختەكان كەمن و تێدەپەڕێنرێت.