سەرۆک بارزانی.. قیبلەنمای وەفا و تاقە ئومێدی گەلێکی تینووی ئازادی

سەرۆک بارزانی.. قیبلەنمای وەفا و تاقە ئومێدی گەلێکی تینووی ئازادی
سەرۆک بارزانی.. قیبلەنمای وەفا و تاقە ئومێدی گەلێکی تینووی ئازادی

جەنابی سەرۆک و مەرجەع، لە یادی لەدایکبوونی بەڕێزتاندا ئەوە وەبیر دەهێنمەوە، 18 ساڵ لەژێر سێبەری بڕیارە مێژووییەکانت و لە قوتابخانەی پڕ لە وانەی نیشتمانپەروەریی جەنابتدا، تینویەتیی رۆحم بە ئاوی وەفا و دڵسۆزی و خۆشویستنی نیشتمان و گەلەکەم شکا. 

لەو ساڵانەی خزمەتکردندا، لە نزیکی جەنابتەوە فێربووم کە چۆن دەکرێ مرۆڤ ببێتە قەڵایەکی پۆڵایین بۆ میللەتەکەی و چۆن دەبێتە پارێزەری رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر کە لە ناخی جەنابتدا وەک تاکە رێگەی رزگاری دەدرەوشێتەوە.

کاتێک بە فەرمانی جەنابتان ئەرکی خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانیم لە دیاسپۆرا گرتە ئەستۆ و لە نزیکەوە ئاوێتەی هەست و سۆزی خەڵک بووم، ئینجا بۆم دەرکەوت کە جەنابت تەنها ڕێبەر نیت، بەڵکوو هەناسە و ئومێدی نەتەوەیەکی رەنجدەریت بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکە.

لە نێو رەوەندی کوردیدا، لە چاوی هەر تاکێکی ئەم نیشتمانە لەو پەڕی دنیا، وێنەی جەنابت وەک قیبلەنمایەک دەبینم کە هەمووان بەرەو کەناری ئارام و شکۆی نەتەوەیی رێنمایی دەکات. لەوێ  باش تێگەیشتم کە گەلی کورد داهاتووی خۆی لە چاوە پڕ لە متمانەکانی جەنابتدا دەبینێتەوە و جەنابتان بەو کەشتیوانە دڵسۆزە دەزانن کە خەونە مەزنەکانمان دەگەیەنێتە کەناری ئارامی.

 لە ساڵیادی لەدایکبوونی جەنابتدا، بەو پەڕی وەفاداری و ئەمەکدارییەوە، هەموو ئەو سۆزەی لەو 18 ساڵەدا لێتەوە فێربووم، دەکەمە هەوێنی بەڵێنێکی نوێ بۆ درێژەدان بەو ڕێبازە پیرۆزە، تەمەنت درێژ بێت ئەی ئەو سێبەرە میهرەبانەی کە هەموو کوردێک لە هەر کوێی ئەم زەمینە بێت، لە سایەیدا هەست بە ئارامی و کەرامەت دەکات، بوونت شکۆیە بۆ مێژوو و  چرا هەرە گەشاوەکەی ئومێدە بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم نیشتمانە.