لەیادی 16 ی ئابدا.. رێبوارێک لە نێوان چیا و بڕیاردا

داستان و وێستگەکانی ژیانی سەرۆک مەسعود بارزانی

لەیادی 16 ی ئابدا.. رێبوارێک لە نێوان چیا و بڕیاردا
لەیادی 16 ی ئابدا.. رێبوارێک لە نێوان چیا و بڕیاردا

لە داوێنی چیا سەرکەشەکانی کوردستان و لە هەناوی کۆماری کوردستان لە مەهاباددا، لە 16ی ئابی ساڵی 1946 منداڵێک چاوی بە دنیا هەڵهێنا کە چارەنووسی بە بەردی سەختی چیاکان و سووڕانی مێژووی سەدەیەک لە خەباتی نەتەوەیەکەوە بەسترایەوە. مەسعود بارزانی، نە لەناو کۆشکە ئارامەکان، بەڵکو لە کەشوهەوای شۆڕش، دەربەدەری و لەنێو دەنگی تەقەی تفەنگدا گەورە بوو. بۆ ئەو، پێشمەرگایەتی تەنیا چەکهەڵگرتن و چەمکێکی سەربازی سادە نەبوو، بەڵکو بڕوابوون بوو بە رێبازێک کە لە شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفای بارزانییەوە بۆی مابووەوە؛ رێبازێک لەسەر بنەمای دادپەروەری، لێبوردەیی، پاراستنی بێجیاوازیی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ بونیاد نراوە.

مێژووی ئەم سەرکردەیە پڕیەتی لە وێستگەی سەخت و بڕیاری قورس و ئاڵۆز لە ساتی تەنگانەدا. لە تەمەنێکی زۆر گەنجییەوە بەرپرسیارێتییە قورسەکانی خەباتی رێکخستن و سەربازی کەوتە سەر شان. دوای نسکۆی ساڵی 1975، کە نائومێدییەکی زۆر قووڵ رووی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کردبوو و زۆرێک پێیان وابوو کەوا کاروانی خەبات کۆتایی پێهاتووە، سەرۆک بارزانی لەگەڵ هاوڕێکانیدا سەرکردایەتیی کاتیی پارتییان پێکهێنا و ئاگر و پەیامی شۆڕشیان لە چیاکاندا داگیرساندەوە. لە دەربەدەری و سەرەڕای پلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان —لەوانەش هەوڵەکانی تیرۆرکردنی لە شاری ڤییەننای نەمسا— هەرگیز هەنگاوەکانی سست نەبوون. دوای کۆچی دوایی بارزانی نەمر لە ساڵی 1979دا، لە کۆنگرەی نۆیەمدا بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا و رابەرایەتی کاروانی خەباتی لەسەرپێ هێشتەوە.

ساتی وەرچەرخانی راستەقینە و نیشاندانی تێڕوانینی سیاسی لە راپەڕینی بەهاری 1991دا هاتە ئاراوە. لەو ساتە مێژووییەدا کە ئەگەری تۆڵەسەندنەوە ئاسانترین بژاردەی کۆمەڵگەیەکی بریندار و خوێن لەچۆڕاو بوو، سەرۆک فەلسەفەی لێبوردەیی رێبازی بارزانی سەلماند؛ دەستبەجێ بەخشین و لێبوردەیی بۆ هەزاران سەربازی دیلی عێراقی دەستنیشان کرد و بەوپەڕی رێز و کەرامەتەوە رەوانەی ماڵ و خێزانەکانیان کرانەوە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەمەش پەیامی شارستانییانەی کوردی ئاراستەی جیهان کرد.

هەر لە هەمان قۆناخدا و لە نەورۆزی 1991 لە کۆیە، بارزانی بانگەوازی مێژوویی و دامەزرێنەرانەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد و بونیادنانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم کرد، تا شەرعییەتی شاخ و پێشمەرگایەتی بگوازێتەوە بۆ شەرعییەتی سندوقەکانی دەنگدان و سەروەری یاسا.

لە قۆناخی دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و داڕشتنەوەی عێراقی نوێدا، بارزانی وەک رابەرێکی نەتەوەیی بەبڕواوە لە بەغدا و گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا راوەستا و بە توندی بەرگریی لە مافەکانی گەلی کورد و سەرجەم نەتەوەکانی دیکە (تورکمان و کریستیان و ئێزدی و … هتد) کرد و شەرعییەتی هێزی پێشمەرگەشی بە هەموو جۆرێک رەت کردەوە وەک گرووپێکی میلیشیایی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت یان هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو وەک هێزێکی فەرمی رزگاریخواز و قەڵای بەرگریی گەلی کوردستان پێناسەی کردەوە و لە دەستووری نوێی عێراقیشدا ئەوەی چەسپاند.

کاتێک جەنگی تاریکپەرستانی داعش هات لە هاوینی ساڵی 2014دا، بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، پێشمەرگە ئاسا چووەوە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ. لە کەرکوک و جەلەولا و گوێر و مەخمورەوە تا شنگال و زوممار، وەک فەرماندەیەکی مەیدانی بەردەوام لە سەنگەرەکاندا دەمایەوە و راستەوخۆ سەرپەرشتیی داڕشتنی پلانە سەربازییەکان و شکاندنی گەورەترین و دڕندەترین مەترسیی تیرۆریستیی جیهانی کرد.

بەڵام لوتکەی بڕیاردانی سیاسی و نەتەوەیی سەرۆک بارزانی لە 25ی ئەیلوولی 2017دا دەرکەوت. سەرەڕای گوشارە ئاڵۆزە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بارزانی بەپێداگرییەوە سەرکردایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کرد. ئامانجی ئەو جێگیرکردنی مافی چارەی خۆنووسین بوو وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی، تا دەنگی ئازادیخوازیی نەتەوەیەک بۆ هەمیشە لە ویژدان و مێژووی جیهاندا بنووسرێتەوە.

ژیانی مەسعود بارزانی رەنگدانەوەی چیرۆکی رێبوارێکە لە نێوان سەختییەکانی ژیانی شاخ و ناخۆشییەکانی دەربەدەری و کۆڕبەندە دیپلۆماسی و سیاسییە ئاڵۆزەکانی جیهاندا؛ چیرۆکێک لەسەر وەفاداری بۆ ئامانجە بنەڕەتییەکان و ئازایەتی لە بڕیاردان لە سەختترین ساتەکاندا تا نەتەوەیەک بمێنێتەوە و بەرەو ئاییندەیەکی سەربەرز هەنگاو بنێت.