فەلاح مەشعەل
نووسەر
هۆکاری بەئامانجگرتنی بارزانی چییە؟
وادیارە هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە چیرۆکی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانەوە نییە لە هەرێم، چونکە چیرۆکەکە لەوە گەورەترە و ئێران باش دەزانێت سنووری بوونی ئەوان و قەبارەی کاریگەرییان چەندەیە. بەڵام ئێران ئەمە دەکاتە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان، بەتایبەتی هەولێر، لە رێگەی هێرشی بەردەوام و رۆژانە، چ لە خاکی خۆیەوە بێت یان لە رێگەی میلیشیاکانی نێو عێراق.
وا دیارە ئامانجگرتنەکە بەتایبەتی بارزانییەکان و حکوومەتەکەیان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا سەرکردەی حزبەکان و بنەماڵە کوردەکانی دیکەی لایەنگری ئێران لێی بەدەرن؛ چونکە ئێران لە کوردستانی بارزانیدا ناوخۆیەکی بەهێز دەبینێت کە بۆ ئامانجەکانی ئێران و پڕۆژە سیاسییەکانی دیکەی سەر دانانەوێنێت، بە پێچەوانەی ئەوەی لەگەڵ بافڵ و شاسوار و سەرکردەکانی دیکەی حزبە کوردییەکان روودەدات.
سەرکردایەتی مێژوویی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و درێژەپێدەری ئەو رێچکەیە لە جەنابی مەسعود بارزانیدا، بە حوکمی مێژووی دۆزی کورد، وا دەخوازێت کە بە گیانێکی باوکانە مامەڵە لەگەڵ هەموو کەسایەتی، بنەماڵە و حزبەکاندا بکەن، بە یەک گیان دەسەڵات و کاریگەری و دەستکەوتەکان دابەش بکەن. هەروەها پێویستە پێداچوونەوە بە سروشتی پەیوەندی گەلی کورد و سەرکردایەتییەکەی بکەن، نەک لە رێگەی میدیاوە، بەڵکو لە رێگەی هەستەوەرە راستەقینەکانەوە و ئەوە بگوازنەوە کە خەڵک لە ترسان ناتوانن بە ئاشکرا بیڵێن! من ئاستی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری لە کوردستاندا بە زۆر دەبینم.
ئەزموونی کوردستان لە عێراق و روژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشەنگ و سەرکەوتووە، سەرەڕای ئەو تێبینییانەی لەسەری هەن. بەڵام گرنگ ئەوەیە بڵێین درۆن و موشەکەکانی ئێران هێندەی ململانێی ناوخۆیی و پارچەپارچەبوون و ململانێی بەرژەوەندییەکان مەترسی نین بۆ سەر ئەزموونی هەرێم؛ چونکە ئێران و وڵاتانی دیکە سوود لەم درزە ناوخۆییانە وەردەگرن و دەیکەنە رێڕەوێک بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونە پێشەنگە، ئەویش لە سەر دەستی رۆڵەکانی خۆی!