فرسەت سەید شکور
نووسەر
حوکمڕانی مەسرور بارزانی لە نێوان لێواری قەیرانەکاندا و مۆدێلی هەرێمی کوردستان لە هێنانەدیی سەقامگیریی ئەرێنی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مێژووی خۆیدا بە یەکێک لە ئاڵۆزترین ژینگە جیۆپۆلەتیکییەکان دادەنرێت؛ ناوچەیەک کە تێیدا ململانێ سەربازییەکان، تەنانەت توانای مانەوەی دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکانیشیان رووبەڕووی مەترسیی و جودی کردووەتەوە. لە ناو ئەم گێژاوە بەردەوامەدا، ئیدارەدانی قەوارەیەکی خوار-دەوڵەتی (sub-state entity) وەک هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوەیەکی سەختی حوکمڕانیی ستراتیژییە لەسەر لێواری مەترسییەکاندا.
سەرکردایەتیکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە، نموونەیەکی دیاری ئەو حوکمڕانییە واقیعبینانەیەیە کە توانیویەتی لە ناو جەرگەی هەڕەشەکاندا سەقامگیری بپارێزێت.
ئەو هەڕەشانە گەیشتوونەتە ئاستی پەلاماری سەربازی و هێرشی ترسنۆکانەی درۆنی بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
بەڵام ئەم جۆرە پەلامارە نائومێدانە، نابێتە هۆی پاشەکشە و دروستکردنی ترس، بەڵکو دەرخەری ئەو ئیرادە پۆڵایینەی مەسرور بارزانی بوون کە ئەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە و بێ چۆکدادان رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبێتەوە و سازش لەسەر ئاسایشی قەوارەکە ناکات.
مانەوە و بەهێزبوونی ئەکتەرە خوار-دەوڵەتییەکان، وەک لە ئەدەبیاتی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هاتووە، پێویستی بە ستراتیژیی "خۆپارێزیی زیرەکانە" (strategic hedging) هەیە (Charountaki, 2018). لێرەوە، سیاسەتی مەسرور بارزانی لەسەر چەمکی "بێلایەنیی ئەرێنی" (constructive neutrality) بنیات نراوە.
هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژەوە بێلایەنیی خۆی پاراستووە و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە. ئەم بێلایەنییە پەیامێکی روونی دیپلۆماسییە کە خاکی هەرێم هەرگیز بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بەکار ناهێنرێت.
پرۆفیسۆر گاریس ستانزفیڵد (Stansfield, 2020) لەم روانگەیەوە جەخت دەکاتەوە کە ئەم هاوسەنگییە، کلیلێک بووە بۆ پاراستنی نیشتمانی، کە بەکردار وێنەی ناڕاستی کورد وەک "مەترسیی ئەمنی" دەپووچەڵێنێتەوە.
لە کەرتی ئابووریشدا، سەرباری ئەوەی گرژییە ناوچەییەکان و مەترسییەکانی سەر رێڕەوە دەریاوانییەکانی وەک گەرووی هورمز زیانیان بە بازرگانی گەیاندووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵی ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزی بینیوە. وەک رۆبن میڵز (Mills, 2013) ئاماژەی پێدەکات، ژێرخانی وزەی هەرێمەکە وەک فاکتەرێکی ئابووری (economic statecraft) بۆ سەقامگیریی جیهانی جێگەی بایەخە.
لە کۆتاییدا، مەسرور بارزانی بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و بە پەیڕەوکردنی بێلایەنیی ئەرێنی، مۆدێلێکی خۆڕاگری پێشکەش کردووە کە نەک تەنیا قەوارەکەی لە وێرانکاریی جەنگەکان پاراستووە، بەڵکو پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەشی وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە.