فرسەت سەید شکور
نووسەر
کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ هەنگاوێکی مێژوویی لەپێناو پاراستنی قەوارەی کوردستان
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پەککەوتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستاندا، چاوەڕوانییەکانی شەقام و دڵەڕاوکێی دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە گەیشتبووە ئاستێک کە چیتر بەرگەی دواکەوتنی زیاتری نەدەگرت.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی (30) ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی بوونی دامەزراوەی شەرعی و هەڵبژێردراوەوە توانیویەتی سەنگ و قورسایی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا بپارێزێت. بێگومان هەموومان لەو بڕوایەداین کە چەندە گرنگە سیستمێکی سیاسی بە پەرلەمانێکی کاراوە بەردەوامی بە شەرعییەت و هێزی خۆی بدات؛ چونکە پەرلەمان مەرجەعی یاسایی و ماڵی گەورەی سەرجەم هاووڵاتییانە. کاتێک ئەم دامەزراوە گرنگە بۆ ماوەی دوو ساڵ لەکار دەکەوێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی خەڵک، متمانەی دەنگدەر و پێگەی کورد لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.
لێرەوەیە کە دەستپێشخەرییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بانگهێشتکردنی سەرجەم فراکسیۆنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، وەک وەرچەرخانێکی چارەنووسساز دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، هەوڵە بەردەوام و جیددییەکانی مەسرور بارزانی بۆ هەنگاونان لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێگەنەدان بە دواخستنی زیاتری ئەم پرۆسەیە، نیشانەی خوێندنەوەیەکی قووڵ و واقیعییە بۆ پێویستییەکانی قۆناغەکە؛ چونکە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی خزمەتگوزاریی زیاتر، ئاوەدانی و سەقامگیریی ئابووری دەکەن.
گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە چەند ڕەهەندێکی سەرەکیدا کۆ دەبێتەوە:
1. هیچ وڵات و هەرێمێک ناتوانێت لە بۆشایی یاساییدا بژی. کاراکردنەوەی پەرلەمان کۆتایی بەو بۆشاییە تەشریعییە هێنا کە ناحەزانی هەرێم وەک خاڵی لاواز لە دژی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بەکاریان دەهێنا، و جارێکی دیکە سەروەریی یاسا و شەرعییەتی دەنگی خەڵکی گەڕاندەوە بۆ لووتکەی بڕیاردان.
2. دیموکراسی واتە ڕێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەر. کاتێک هاووڵاتی دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، چاوەڕێی ئەوە دەکات دەنگەکەی ببێتە بڕیار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و کاریگەریی دەنگەکەی خۆی ببینێتەوە، نەک بکرێتە بارمتەی ناکۆکیی سیاسی. کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرگا بە ڕووی گفتوگۆیەکی سیاسیی تەندروستدا دەکاتەوە لەسەر بنەمای واقیع و بەرپرسیارێتی.
3. قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی چەندین نەوەیە. پاراستنی ئەم دەستکەوتانە، بە بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەبێت. هەنگاوەکەی پارتی لەسەر زوو پێکهێنانی کابینەی دەیەم، هەنگاونانە بەرەو چەسپاندنی حوکمڕانییەکی دامەزراوەیی کە هیچ تەنگژەیەکی سیاسی نەتوانێت پەکی بخات.
4. ئایندەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یاسای سەردەمیانە، چاکسازیی بەردەوام و ژێرخانێکی ئابووریی پتەو هەیە. بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی خەڵک بێت، دەبێت بیرکردنەوەمان بەو ئاراستەیە بێت کە دامەزراوەکانمان لە سەرووی هەموو ململانێیەکەوە کارەکانی خۆیان بکەن.
لەنێو ئەم هاوکێشەیەدا، گرنگە خەڵکی کوردستان بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە تەماشای ڕۆڵی جوامێرانەی ئەو پەرلەمانتارە نیشتمانپەروەرانە بکات کە بە هەڵوێستی بوێرانەیان و بەشدارییان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان، شەرعییەتیان بۆ بەرزترین دەزگای یاسادانان گەڕاندەوە. ئەو پەرلەمانتارانە سەلماندیان کە ویژدانی زیندوو و سوێندی یاسایی لەپێناو بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، لە سەرووی هەر گوشار و حیساباتێکی تەسکی حزبییەوەیە. ئەمە هەڵوێستێکی مێژوویی و گرنگە و دەبێت هەمیشە بە بایەخەوە تەماشا بکرێت؛ چونکە ئەوان نەیانهێشت ئیرادەی دەنگدەران لە چاوەڕوانییەکی بێهوودەدا بمێنێتەوە.
ئەگەر لە گۆشەنیگای پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیشەوە سەیری بابەتەکە بکەین، دەبینین بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکجار گرنگە کە هەرێمی کوردستان، وەک کارەکتەرێکی خاوەن پێگەی جیۆپۆلەتیکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دامەزراوە دەستوورییەکانی پەکیان نەکەوێت. جیهانی دەرەوە هەمیشە بەو جوانی و تایبەتمەندییە دیموکراسییەوە لە هەرێمی کوردستانی ڕوانیوە کە لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاڵۆزیدا توانیویەتی نموونەیەکی سەقامگیر و دامەزراوەیی پێشکەش بکات. بێگومان سەردانی کۆنسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان بۆ پەرلەمان هەر زوو دوای کاراکردنەوەی، ئەو ڕاستییەی بەڕوونی دەرخست کە دۆستانی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چەندە بەپەرۆش بوون بۆ گەڕانەوەی ژیانی پەرلەمانی و تەواوکردنی هەنگاوە دەستوورییەکان.
کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان سەرکەوتنی ئیرادەی یاسا و دەوڵەتداری بوو بەسەر چەقبەستووییدا. ئەم هەنگاوە نیشتمانییەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمان، دژی هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نییە، بەڵکو تەنیا و تەنیا لەپێناو کوردستان و ڕزگارکردنی پرۆسەی سیاسی بووە لە بنبەست. ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم هەنگاوە بریتییە لە کۆتاییهێنان بە دابەشبوون و هەنگاونان یان بەردەوامیدان بە یەک زۆنی، یەک هەرێمی، یەک حکوومەتی و یەک هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی. پارتی هەمیشە خاوەنی ستراتیژ و بەرنامەیەکی مەزنی نەتەوەیی بووە و هەرگیز بە بیری تەسکی شارچێتی یان ناوچەگەری بیر ناکاتەوە؛ بەڵکو گەورە بیر دەکاتەوە و لە دیدگای ئەودا هەموو شار و شارۆچکە و تەنانەت دێهات و بستێکی ئەم خاکە خاوەنی یەک پیرۆزی و گرنگین. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، پارتی تەبایی و یەکگرتوویی نێوماڵی کورد بە ئەولەویەتی قۆناغەکە دەزانێت، و ئەم دەستپێشخەرییەش لەوپەڕی خەمخۆری و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ ئەوەی دەرگای دیالۆگ، هاوبەشیی ڕاستەقینە و پاراستنی ئایندەی کوردستان بە کراوەیی و بەهێزی بمێنێتەوە.