لە سەنگەرەوە بۆ بەها، رێزلێنانی ڤاتیکان و فەلسەفەی ئەخلاقیی خەبات

لە سەنگەرەوە بۆ بەها، رێزلێنانی ڤاتیکان و فەلسەفەی ئەخلاقیی خەبات
لە سەنگەرەوە بۆ بەها، رێزلێنانی ڤاتیکان و فەلسەفەی ئەخلاقیی خەبات

ئەوەی ڤاتیکان بە سەرۆک مەسعود بارزانی پێشکەش کرد، تەنیا و سامێک نییە کە بە کەسایەتییەکی سیاسی بدرێت؛ لە پشت ئەم رێزلێنانەدا خوێندنەوەیەک بۆ مێژوو هەیە. مێژوویەک کە لە ماوەی چەندین دەیەدا بە خەبات بۆ ناسنامە و ئازادی، بەرگری لە خاک و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر نووسراوە، بەڵام لە قۆناخە هەستیارەکانی ئەم مێژووەدا پرسیارێکی دیکەش هاتوەتە پێشەوە چۆن دەتوانرێت بۆ ماف و ئازادیی خۆت خەبات بکەیت و لە هەمان کاتدا ماف و کەرامەتی مرۆڤ و ئەوانی دیکە بپارێزیت؟

ئەگەر ئەم پرسیارە لەگەڵ مێژووی ڕێبازی بارزانی بخوێندرێتەوە، ئەوا رێزلێنانی ڤاتیکان مانایەکی فراوانتر لە پەیوەندییەکی پڕۆتۆکۆلی و دیپلۆماسیی هەیە، چونکە رێزلێنان لە سەرکردەیەک کە بە مێژووی خەباتی کورد پەیوەستە، لەلایەن دامەزراوەیەکی وەک ڤاتیکانەوە، خۆی نیشانەی ئەوەیە کە ئەزموونی سیاسیی کوردستان دەتوانێت لە دونیابینی نەتەوەییەوە تێپەڕێت و لە چوارچێوەی بەها مرۆییە هاوبەشە جیهانیەکاندا بخوێندرێتەوە، لەوێدا گرنگیی ئەم رێزلێنانە زیاتر دەردەکەوێت کە خەڵاتەکە تەنیا بۆ رابردوو نییە بەڵکوو بۆ ئەو بڕوا چەسپاوو نەگۆڕەیە کە لە ئێستاو ئایندەشدا بوونی هەیە، مێژووی کوردستان بە خەباتێکی درێژ بۆ ناسنامە، ماف و ئازادی پەیوەستە، بەڵام بەهای ئەو خەباتە تەنیا بەوە پێوانە ناکرێت کە چەند سەنگەر گیراوە یان چەند جەنگێک بە سەرکەوتن کۆتایی هاتووە، پرسیاری قووڵتر ئەوەیە کە ئەو خەباتە چ جۆرە تێگەیشتنێکی سیاسی و مرۆیی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە؟

لە مێژووی رێبازی بارزانیدا، داواکاریی مافەکانی گەلی کورد لەگەڵ مافی پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگە دژ بە یەک نەبینراوە، بەڵکوو کوردبوون بە مانای دژایەتی لەگەڵ ئەوانی دیکە نییە، و پاراستنی ناسنامەی کوردی نابێت بە نادیدەگرتنی ناسنامە و مافی نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانی دیکە بێت، ئەم تێگەیشتنە زۆر گرنگر بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی زۆرجار بوونەتە هۆی شەڕ و دابڕان و سڕینەوە،  لە بەرامبەر ئەم مێژووەدا، بیرکردنەوە لە کوردستان وەک شوێنی ژیانی هاوبەشی پێکهاتە جیاوازەکان، دەتوانێت بەشێک بێت لە تێگەیشتنی نوێ لە مانای خەبات و تێکۆشان، ئەگەر نەتەوەییبوون لەسەر بنەمای ماف و دادپەروەری دامەزرابێت، لەگەڵ پێکەوەژیاندا ناکۆک نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی گرنگ بۆی ، جیاوازییەکە لەوێدایە کە نەتەوەییبوون ناسنامەت دەپارێزێت، بەڵام نەتەوەپەرستیی توندڕەو ناسنامەو بوونی خۆی بە نرخی سڕینەوەی ئەوانی دیکە دەبینێت ، ئەو بیرۆکەیە لە کاتی جەنگ وهێرشی داعشدا لە شێوەیەکی کرداریدا خۆی نیشان دا، داعش تەنیا هێزێکی چەکدار نەبوو سیستەمێکی بیرکردنەوەی توندڕەوانە بوو کە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی دەکردە هۆکاری سڕینەوەی ئەوانی دیکە، لە بەرامبەر ئەو هەڕەشەیەدا، بەرگریی پێشمەرگە بەرگری لە خاک بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرگری بوو لە مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکانی ئەوانی دیکە کە بەهۆی ناسنامە و ئایین و مەزهەبیانەوە بوو بوونە ئامانجی تیرۆرو هەوڵی سڕینەوەیان درا ، کوردستان لەو قۆناغەدا پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەرانی ناوچەکە بوو. مەسیحی، عەرەبی سوننە ، سوورییەکان و پێکهاتەکانی دیکە، لە کاتێکدا کە ماڵ و سەلامەتییان لەدەستدا، کوردستان بوو بە شوێنێکی ئارام بۆیان ، ئەمە تەنیا کردارێکی خێرخوازی نەبوو لە ناو قەیرانێکی خوێناویدا، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ بڕوابوون بەواتاکانی پێکەوەژیان ، چونکە بەهاکان زۆرجار لە کاتی ئارامیدا وتنیان ئاسانە، بەڵام لە کاتی مەترسیدا بە کردار دەسەلمێنرێن سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان بەکردار ئەمەیان سەلماند

لەو قۆناخەدا رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی تەنیا لە سەرکردایەتیی بەرگریی سەربازی کورت نەبوویەوە ، هەوڵەکانی بۆ ناساندنی مەترسیەکانی داعش و راکێشانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خستنەڕووی ترسناکی دۆخەکە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی مرۆڤ و بەها ئیمسانیەکان دیدێکی سیاسی و دیپلۆماسیی بە بەرگرییەکە بەخشی ، لە بنەڕەتدا ئەمەیە جیاوازیی نێوان بەرگری لە خاک و بەرگری لە بەهای خاکەکە، ئەم تێگەیشتنە لەگەڵ هەندێک لە بنەما سەرەتاییەکانی فەلسەفەی سیاسیی نوێشدا یەکدەگرێتەوە. هۆبس پاراستنی ژیان بە یەکێک لە بنەماکانی دامەزراندنی دەسەڵات دەزانێت، جۆن لۆک مافە سروشتییەکانی مرۆڤ بە بنەمای رەوایی دەسەڵات دادەنێت، کانتیش کەرامەتی مرۆڤ بە شتێک دەزانێت کە نابێت مرۆڤ تەنیا وەک ئامراز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ، ئەگەر ئەم بنەمایانە لەگەڵ ئەزموونی کوردستاندا بخوێندرێنەوە پاراستنی ئاوارەکان، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ لە کاتی شەڕدا، تەنیا کردارێکی مرۆڤ دۆستانە نین بەڵکو دەتوانن بەشێک بن لە تێگەیشتنێکی سیاسی کە مرۆڤ دەخاتە ناوەندی بەرپرسیارێتی ، لەو ڕوانگەیەوە، ڕێزلێنانی ڤاتیکان دەتوانێت وەک داننان بە بەهای ئەو ئەزموونە بخوێندرێتەوە ،ئەزموونێک کە لە قۆناغی قەیراندا هەوڵی دا بەرگری لە بوونی خۆی لەگەڵ پاراستنی بوونی ئەوانی دیکە کۆ بکاتەوە؛ لە دیپلۆماسیەتی نوێدا هەموو پەیامەکان بە بەیاننامە و پەیماننامە و گفتوگۆی فەرمی ناگوێزرێنەوە ، هەندێک کردار لەبەر ئەو مانایەی هەڵیدەگرن دەتوانن کاریگەرییەکی زۆرتر لە وشەیەکی فەرمی هەبێت ، خەڵاتێک، سەردانێک یان رێزلێنانێک دەتوانێت بڵێت کە لایەنێکی نێودەوڵەتی چی جۆرە بەها و ئەزموونێک بە گرنگ دادەنێت، لێرەدا دیپلۆماسییەتی رەمزی مانای خۆی وەردەگرێت کردارێکی دیپلۆماسی لە سنووری کردارەکەی خۆی تێدەپەڕێت و دەبێتە پەیام.

رێزلێنانی ڤاتیکان بۆ سەرۆک بارزانی لەو روانگەیەوە دەتوانێت وەک پەیامێکی ڕەمزی بخوێندرێتەوە کە لە پشت رێزلێنانەکەوە مێژوو، بەها و ئەزموونێکی سیاسی دەبینرێت، ئەمە لەگەڵ ئەوەش پەیوەندیی هەیە کە جۆزێف نای لە تیۆریی هێزی نەرمدا جەختی لێ دەکاتەوە ، کاریگەریی نێودەوڵەتی بە تانک و فرۆکە و توانای ئابووری کۆتایی نایەت، متمانە، بەها، کەلتور و توانای قەناعەتپێکردنیش دەتوانن سەرچاوەیەکی دیکەی هێز بن، بۆ کوردستان، ئەم جۆرە هێزە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەوە راستە کە هەرێمی کوردستان هەموو ئامرازەکانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی لەبەردەست نییە،  بەڵام ئەمە بە مانای بێهێزیەکی تەواو نییە،  پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، متمانەی دروستکراو، وێنەی سیاسی و ئەو بەهایەی کە کۆمەڵگەیەک لە کاتی قەیراندا نیشانی دەدات، دەتوانن ببنە جۆرێکی تر لە سەرمایەی سیاسی.

ڤاتیکان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا تەنیا بە دەزگایەکی ئایینی ناسراو نییەو بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە و ئایینە جیاوازەکان و هەوڵەکانی بۆ گفتوگۆ و ئاشتی جۆرێک لە دیپلۆماسیی مرۆیی و ئایینی پەرەپێداوە، بۆ نمونە سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق لە ساڵی 2021 نموونەیەکی دیاری ئەم ئاراستەیە بوو، ئەو سەردانە پەیماننامەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵام پەیامێکی ڕوونی هەبوو لە ناوچەیەکدا کە جەنگ و دابڕان و توندڕەوی باڵی بەسەردا کێشاوە بەڵام، هێشتا گفتووگۆو ئاشتی دەتوانن زمانێکی هاوبەش بن، لە هەمان چوارچێوەدا، ڕێزلێنانی سەرۆک بارزانی دەتوانێت بە پەیوەندییەکی هاوبەش لە نێوان دوو جیهاندا بخوێندرێتەوە، جیهانی خەبات و بەرگری لە کوردستان و جیهانی گفتوگۆ و پێکەوەژیان و پاراستنی ئەوانی دیکە. پرسیارێکی گرنگ کە دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەوەیە کوردستان چۆن دەتوانێت مێژووی خەباتی خۆی بگۆڕێت بۆ سەرمایەی سیاسی و دیپلۆماسی؟

مێژووی خەبات خۆی بەتەنیا سەرمایە نییە، ئەگەر تەنیا لە یادەوەریدا بمێنێتەوە، سەرمایە کاتێک دروست دەبێت کە مێژوو ببێتە بەها، بەها ببێتە رەفتار و رەفتار ببێتە متمانە، ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە کوردستان پێویستی پێیەتی ،لە ناساندنی خۆیەوە بگاتە کاریگەریی کردن و دروستکردنی پێگەو لە سەرمایەی مرۆیی و سیاسیی خۆیەوە بگاتە دیپلۆماسییەکی هۆشیار و بەردەوام، ئەم گواستنەوەیە بە مانای لەبیرکردنی خەبات خۆت نییە، بە پێچەوانەوە واتای ئەوەیە خەبات لە قۆناخێکەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناخێکی پێشکەوتووترو فروانترو جیهانی ، ئەو مێژووەی کە رۆژێک لە سەنگەر پارێزراوە، ئەمڕۆ دەبێت لە دامەزراوەو دیپلۆماسیەت و بیرکردنەوەی سیاسییەوە بەردەوام بێت.

بۆیە گرنگیی رێزلێنانی ڤاتیکان لە سەرۆک مەسعود بارزانی لە خودی خەڵاتەکەدا کۆتایی نایەت، ئەوە رێزلێنان و رەمز، بەڵام ئەوەی لە پشت ئەو رەمزەوەیە دەتوانێت گرنگتر بێت لە خودی نیشانەکە ، ئەگەر ئەم رێزلێنانە وەک داننان بە مێژوویەکی سیاسی و مرۆیی بخوێندرێتەوە ئەوا مێژووی بارزانی لە سنووری سەنگەر و جەنگ تێدەپەڕێت و دەگاتە بوارێکی فراوانتر ئەویش بەرگریە لە ماف و کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازیەکان و پێکەوەژیان و دروستکردنی متمانەیە ، لێرەدا دیپلۆماسییەتی رەمزی لە دیپلۆماسیی ئاسایی تێدەپەڕێت و دەبێتە شایەتیی مێژوو، رێزلێنان بۆ سەرکردەیەک دەبێتە رێزلێنان بۆ ئەو بەهایانەی کە ئەو سەرکردەیە لە قۆناخەکانی ژیانی سیاسی و حوکومڕانیدا نوێنەرایەتیی کردوون، بەڵام کاری سەرەکی لە دوای وسامەکە دەست پێ دەکات، ئەگەر کوردستان بتوانێت ئەم رەمزە بگۆڕێت بۆ پەیوەندی و  پەیوەندییەکەش بگۆڕێت بۆ متمانەو  متمانەش بگۆڕێت بۆ کاریگەریی سیاسی، ئەوا ئەم رێزلێنانە لە زۆر یادەوەرییەکی خۆش دەستکەوتی زیاتری دەبێت ، لەو کاتەدا خەڵاتی ڤاتیکان تەنیا رێزلێنانێک بۆ رابردوو نابێت بەڵکوو دەبێتە پەیامێک بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی ئەوەی کوردستان بتوانێت مێژووی خەباتی خۆی بکاتە بەهای سیاسی، و بەهای سیاسییەکەی بکاتە سەرمایەی دیپلۆماسی .