مەلا عهبدوڵڵا شێرکاوەیی
نووسەر
پێغەمبەرناسی.. کورد و یادی مەولوود
باسکردنی گەورەیی زاتێکی وەک پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) کە خوای گەورە بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی بە رەحمەت ناردووە، خانی وتەنی شتێکی ئاسان نییە و ئەستەمە؛ (نەعتێ تە ژ ب من مەحالە – وەساف ژ بۆ تە زولجەلالە)، یان مەحوی وتەنی: (چ وەسفێکت بکەم لائیق بە تۆ ئەی خەیرە خلق الله – منی بێ خێری نالائیق کە جبریلت سەناخوانە)، بەدڵنیایی وشە و دەربڕینەکان لە ئاست مەزنی و گەورەیی پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) دەستەوسانن، چونکە بەرزترین وەسف و سەنا ئەوەیە کە پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: (وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ) بەڕاستی تۆ لەسەر رەوشتێکی زۆر بەرز و مەزنیت.
لەبەر ئەوەی پێغەمبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) نموونەی باڵای ڕەوشتبەرزی، دادپەروەری و لێبووردەیی بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەسایەتیی ئەو کۆکەرەوەی تەواوی سیفەتە مرۆییە بەرزەکان بووە، چونکە بۆ ئەم کارو پەیامە گرنگ و گەورەیە خوای گەورە خۆی هەڵبژاردووە، ئەمەش تەنیا کارێکی سادە نەبووە، بەڵکو رێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی گۆڕی.
پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) تەنیا رابەرێکی ئایینی نەبوو، بەڵکو نەخشەرێگایەکی کرداری بوو بۆ بەهای پیرۆزی مرۆڤایەتی و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە و دانانی بەردی بناخەی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای دینداری و برایەتی، رێزگرتن لە مافی مرۆڤ هاوشان داڕشتنی شارستانیەتێکی زانستی و فیکری کە توانای کاریگەری هەبوو لەسەر تەواوی جیهان و تا ئێستا شوێنەواری بەسەر دونیاو مرۆڤایەتی ماوە.
ویستی خوای پەروەدگار وابووە پێغەمبەرێک وەک دوایەمین پێغەمبەر بۆ تێکڕای مرۆڤایەتی بنێرێت، کە هەڵگری خەسڵەت و خاسیەتی تەواوی پێغەمبەران و پەیامەکەشی هەڵگری هەموو شەریعەت و پەیامی کتێبە ئاسمانیەکان تر بێت، ئەمەش کۆمەڵێک تایبەتمەندی و حیکمەتی گەورەی تێدایە، سەرباری ئەوەی هاتن و پەیام و رێبازی پێغەمبەری ئەکرەم (درودی خوای لەسەر بێت) بۆ تێکرای جیهان و هەموو سەردەمەکان، هێمای رەحمەت و بناغەی رزگاری و سەعادەتی ئینسانیەت بووە، وەک خوای گەورە ئاماژەی بۆ کردووەو دەفەرموێ: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) الأنبیاء:107، واتە: ئهى محەمەد (درودی خوای لێ بێت) ئێمه تۆمان رهوانه نهكردووه تەنیا بۆ ئهوه نهبێت كه ببيته رهحمهت و بهرهكهت بۆ ههموو جيهانهكان (جيهانى ئادهميزاد و گياندار و رووهك و پهرى و...هتد).
ئەو جیهانەی پێویستیەکی حەتمی بە پێغەمبەرو پەیامی ئایینیە بۆ وەرگرتنی ئیرشاداتی ئاسمانی و بەرێوەبردنی ژیانی سەر زەمین، تا بە هۆیەوە مرۆڤ لەمانای بوون و هاتنە دونیا خۆی بگات و مرۆڤبوونی خۆی بسەلمێنێت و رێی هیدایەت و رزگاری و پاڵفتەو تەزکیەی ناخ و دەروونی بزانێت، لەو سۆنگەوە دەکرێ بڵێین پێویستی مرۆڤایەتی بە پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لەرێی دوو خاڵی سەرەکیەوە دەرەکەوێت:
یەکەم: بەو پێیەی عەقڵی مرۆڤ سنووردارەو بەتەنیا ناتوانێ دەرکی هەموو ئەو بنەماو بەهاو هێڵە گەورانەی هیدایەتی راستەقینەو پەیوەست بەهەردوو دونیا بکات، وە بە شێوەی رەهایی توانای یەکلایی کردنەوەی هەندێ بابەتی جەوهەری نیەو، پێویستی بە راسپاردەی سەماوی هەیە.
دووەم: لەلایەکی تریشەوە هەرچەندە شارستانیەت و زانست و هزرو عەقڵ بگەنە ترۆپکی پێشکەوتن و گەشەو ئاستی باڵاوە، دەبینین ناکۆکی و ململانێ و تێکگیران و پێکدادانی جۆراوجۆر لەنێو مرۆڤایەتی بوونی هەیەو، ئاست و چەندو چۆنایەتی ئەمانەش رێژەیی و جیاوازە.
لەنێو ئەو جەنجاڵی و ناڕۆشنی ئاراستەی ژیان و شارستانیەت و بۆ دۆزینەوەی رێی راست و گەیشتن بە هیدایەت، مرۆڤ پێویستی بە دەستگرو رێنیشاندەرو نمایندەو پێشەنگێک هەیە، تا بەهۆیەوە بتوانێت هەموو ئەو شتانە بدۆزێتەوە، کە دەبنە مایەی نەجات و بە تێپەڕ بوونی زەمەن گۆڕانیان بەسەردانایەت و وەک مەعدەن دەمێننەوە.
خۆشبەختانە میللەتی کورد هەر لەو کاتەی باوەشی بۆ ئیسلام کردەوە، بەو پەڕی دڵسۆزی و ئەمەکداری، خۆشەویستی بۆ پێغەمبەر هەبووە، ئەمەش زادەی تێگەیشتنی دروست و شرۆڤەی گەورە زانایانی کورد بووە، کە رەنگدانەوەی بەسەر تەواوی ژیان و کولتووری نەتەوەیی دروستکردووەو پتر لە هەزارو چوارسەد ساڵە کورد و ئیسلام یان کوردو یادی مەولوود ئاوێتەی یەکترن و، ساڵ دوای ساڵ رەگ و ریشەی ئەم یادە مەزنە دەچێتە قوڵایی دڵی کوردان و لەسەر جەستەی نیشتمان هێزو رێزو خۆشەویستی دەبەخشێتەوە، لەرووی کۆمەڵایەتیەوە بگرە تا ئەوجی نیشتمان و مێژووی بەرخودان و خەباتی نەتەوەیی، دەبینی لە فەرهەنگ و کولتووری کوردەواری پڕە لە ئاسەواری رێنمایی و ئامۆژگاری و فەرمودەو خۆشەویستی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت).
ئەم یادە لەناو کورد هێمای بڵاوکردنەوەی رۆحی لێبوردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان و پەیامی میانڕەوی و بەزەیی هاتنەوە بە هەژاران و بەشینەوەی شیرینی و نوقڵ و شەربەتی تەبایی و یەکڕیزییە، لەگەڵ درووخستنەوەی رق و کینەو دووبەرەکی و یەکتر نەویستن و یەکتر شکاندن.
ئەگەر لەرووی ئەدەبیەوە سەیرێکی ئەدەبیاتی کوردی و شیعری شاعیرانی ناوداری کورد بکەین، دەبینین بە دەیان مەولوودنامەو شیعری نازدار لەسەر ئەم زاتە نوسراوەو لە عالەمی عیرفان و هزری نەمرۆیی تاکی کورد و ناوەندە ئەکادیمی و فەرهەنگیەکان رەنگی داوەتەوە، نمونەی مەلای باتەیی و مامۆستای مودەریس و جەلیزادەو دووشیوانی و موخلسی و رەشاد موفتی و ئەفخەمزادە لەلایەک و، شاعیرانی وەک خانی و مەحوی و وەفایی و نالی و مەولەوی لەلایەکی تر سەدان نمونەی شیعری باڵای تێدایە، کە باس لە شکۆو شانازی رەهبەرێکی مەزن و پێشەوایەکی گەورەی وەک زاتی رسول الله دەکەن، لێرەوە تێگەین عیرفاندۆستی و هزری مەلا رەسەنەکانی کورد لە بە باشزانینی بەرز راگرتنی یادی مەولوود چەندە هەنگاوێکی گرنگ و بەرهەمدار بووە بۆ کوردستان.
لەبەر ئەوە کە یادی مەولوود رەگ و ریشەی مێژوویی هەیەو پتر لە هەشت سەد ساڵە چەکەرەی کردووەو ساڵانە گوڕو تینی ئیمانی و ئاستی تێکەڵکێشی هەستی دینداری و نەتەوەیی دروست دەکات، بۆیە باشترە لە بازنەی جەدەلی حوکمی مەولوود دوورکەوینەوە، چونکە گەورە زانایان ئەمەیان یەکلایی کردۆتەوە، وەلێ ئەوەی گرنگە چۆن بتوانین قوڵتر و فراوانتر سوود لە یادەوەری مەولوود وەربگرین و، بە گەرانەوە بۆ جەوهەری ژیان و سیرەت و پێشەنگبوون و ئامۆژگارییە پڕ بەهاکانی حەزرەتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ماڵ و ژیان و کوردستانی خۆمانی پێ رووناک بکەینەوە.