کارۆخ نورەددین
نووسەر
بەخێر بێن بۆ سەردەمی ناوەندگەری
رۆژی 25ـی ئابی 2026، کۆشکی گەل لە دیمەشق یەکێک لە گەورەترین وەرچەرخانە سیاسییەکانی سووریای دوای بەشار ئەسەدی بەخۆوە بینی؛ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە لایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی ئەو هێزەوە. بەڵام ئەوەی لە دیمەشق روویدا، دەرئەنجامی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی سیاسی، سەربازی و ئابووریی گەورەیە کە لە غەزەوە دەستی پێکرد و هێشتا دیار نییە لە کوێ کۆتایی دێت.
ئەو بەرەبەیانەی کۆمەڵێک پاراگلایدەری حەماس خۆیان بە نێو کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیلدا کرد، بووە سەرەتای کۆتاییهاتنی سەردەمێک و دەستپێکی سەردەمێکی تەواو جیاواز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە دەکرێت ناوی بنێین: "سەردەمی ناوەندگەری". لە دوای ـ7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، چیدیکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک پێشتر نەماوە؛ زۆربەی گۆڕانکارییەکانی ئەو رۆژە بە دواوە، لە بەرژەوەندیی هێزە گەورە ناوەندییەکان (دەوڵەتەکان) دابڕژان، ئەمەش لەسەر حسابی کاراکتەرە نادەوڵەتییەکان، بێ ڕەچاوکردنی جۆر، رەچەڵەک، بەرژەوەندی، ئامانج و تێڕوانینی هیچ کام لەو هێزانە، جا دەوڵەتی بن یان نادەوڵەتی.
وڵاتانی بەهێزی وەک ئەمریکا، ئیسرائیل، تورکیا، وڵاتانی کەنداو و میسر، پێدەچێت گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کە بوونی هێزی چەکداری نادەوڵەتی (بریکارەکان/پرۆکسی) تێچوویەکی قورسی بۆ ئاسایشی ناوچەیی هەیە و رێگرە لە بەردەم رێککەوتنە ئابوورییە گەورەکانی نێوان ئەو وڵاتانە، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر نەخشاندنی داهاتووی ناوچەکە دروست بکەن. بەرژەوەندیی ئەم وڵاتانە وا دەخوازێت کە سنووری دەوڵەتانی ناوچەکە، رێڕەوە بازرگانییە وشکانی و دەریاییەکان، بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت و بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ناوەندییەکاندا بن و لە یەک سەرچاوەی بڕیاردانەوە بەڕێوە ببرێن. ئەم قەناعەتە جیهانی و ناوچەییە، هەروا بە ئاسانی دروست نەبووە، بەڵکو زنجیرە ڕووداوەکانی دوای 7ـی ئۆکتۆبەر رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە دروستکردنی واقیعی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم زنجیرەیە لە غەزەوە دەستی پێکرد؛ سەرەتا لەناوبردنی تواناکانی حەماس، هەم وەک هێزێکی کاریگەری ناو دیمەنی ململانێی فەڵەستین-ئیسرائیل و هەم بە رادەیەکی زیاتر وەک باڵێکی بەهێزی ئێران لە چوارچێوەی "هیلالی شیعی"دا، بووە یەکەم هەنگاوی لاوازکردنی پێگەی هێزە نادەوڵەتییەکانی ناوچەکە. پاشان، لەناوبردنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا لە لوبنان و دروستکردنی فشار لە پێناو دوورخستنەوەی ئەو حزبە لە بڕیاری سیاسیی بەیروت، پاڵنەرێکی دیکەی بەهێزی گەڕاندنەوەی پێگەی "ناوەند" بوو لەسەر حسابی کاراکتەرێکی نادەوڵەتیی کاریگەری وەک حزبوڵڵا.
لە مانگی تەممووزی 2025، دیمەنی رادەستکردن یان لەناوبردنی چەکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان و، دواتر راگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ ئەنقەرە و کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداری لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە، رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسای (چوارچێوە) پەسەند بکات؛ پڕۆژەیەک کە تێکەڵبوونەوەی مەرجداری چەکدارانی پەکەکە لەگەڵ کۆمەڵگە و لێخۆشبوونی مەرجدار بۆ چەکدارەکانیان لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە، ئەنقەرە لە گەرمەی گۆڕانکارییە گەورەکانی ناوچەکەدا، یەکێک لە گەورەترین ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی خۆی بە کۆتا هێنا و ڕێگەی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سنوورەکانیدا مسۆگەر کرد.
سەرەنجام، هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە یەکێکە لە دیارترین بەڵگەکانی دەستپێکردنی سەردەمی ناوەندگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەسەدە تەنیا هێزێکی چەکدار نەبوو، بەڵکو دەسەڵاتێکی بەهێز بوو بەسەر خاکێکی فراوانی پڕ لە سەرچاوەی مرۆیی و سروشتیدا؛ یەکەیەکی سەربازیی ڕێکخراو و پتەو، ئیدارەیەکی سیاسیی تا ڕادەیەک سەقامگیر و هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوو. لە سەروو هەموو ئەمانەشەوە، قەوارەیەکی کوردیی تازە لەدایکبوو و کاراکتەرێکی گرنگی پاراستنی ئاسایش و ڕێڕەوە بازرگانییەکان بوو لە ڕووی ستراتیجییەوە. سەرەڕای هەموو بەها ستراتیجییەکانی، ئەمریکا، تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەموویان کۆک بوون لەسەر کۆتاییهێنان بە هەژموونی هەسەدە و چڕکردنەوەی دەسەڵات لە دیمەشق. لە ڕاستیدا، دیاریکردنی مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، دەکرێت لە ئاستی کەسی و دەستەبژێرییشدا وەک گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ ناوەند و تێکەڵبوونەوە لەگەڵ پایتەختدا لێک بدرێتەوە.
ئێستا تورکیا بە هێزەوە کار لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات، بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوایش گرنگە سووریا سەقامگیر بێت و بتوانێت گرووپە جیهادییەکان کۆنترۆڵ بکات، وڵاتانی کەنداویش کار بۆ گەڕاندنەوەی سووریا بۆ چوارچێوەی عەرەبی دەکەن؛ ئیسرائیلیش، ئەگەرچی فشاری بەردەوام لەسەر دیمەشق دەکات بۆ لاوازکردنی پێگەی تاران لەو وڵاتە و بەدوای وەرگرتنی گەرەنتی ئەمنییەوەیە لەسەر سنوور، بەڵام هێشتا بە کردار پاڵپشتیی هیچ هێزێکی نادەوڵەتی لە سووریادا ناکات. بەرژەوەندییەکان جیاوازن، بەڵام ئامانجە ستراتیجییەکان لە خاڵێکدا یەکدەگرنەوە: یەک حکومەت، یەک سوپای بەهێز و یەک ناوەندی بڕیاردان لە دیمەشق.
عێراق دەکەوێتە چەقی هەموو ئەو گۆڕانکارییە گەورانە؛ لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، پێدەچێت بەغدا ناونیشانی زنجیرەی داهاتووی ئەم شەپۆلە بەهێزەی ناوەندگەری بێت. فشارە زۆرەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەر لە دەرچوونی یەکجاری هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەرگای ململانێیەکی ناوخۆیی درێژخایەن و قورس بەڕووی بەغدا و هەرێمی کوردستانیشدا دەکاتەوە. بەغدا ساڵانێکی زۆرە وەک گۆڕەپانی نمایشی سیاسیی ئێران دێتە بەرچاو، و هەرچی لە تاران هێڵی سوور بێت، لە بەغداش هێڵی سوورە. جگە لە ئێران، سەرجەم هاوسێکانی عێراق مەبەستیانە ناوەندگەری لە عێراقدا بەهێز بێتەوە و بەغدا ببێتە سەرچاوەی تاکی بڕیارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان. بەڵام هێشتا ئەم تەوژمە لە عێراقدا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە و ئەگەری سەرکەوتنی بە تەواوی مسۆگەر نەبووە.
بەرژەوەندییەکان, ئامانجەکان و دەرئەنجامەکان وەک تۆڕی جاڵجاڵۆکە ئاڵۆزن و بەیەکەوە بەستراون؛ سەرکەوتن یان شکستی ئەم تەوژمی ناوەندگەرییە لە هەر وڵاتێک، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر وڵاتانی دراوسێ و تەواوی ناوچەکە دەبێت. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە لایەک، و بەردەوامیی ململانێی ئەمریکا-ئێران لە لایەکی دیکەوە، عێراق دەخاتە ناو بازنەیەکی داخراو و بژاردەکانی بەردەمی کەم دەکاتەوە. بێگومان، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نابێت لەو فشارانەی دەکەونە سەر عێراق؛ ئەگەر هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستووری نەبووایە، ئێستا و لە داهاتووشدا لە دۆخێکی زۆر سەختتردا دەبوو.
هەرچۆنێک بێت، ناوچەکە هێشتا لە جەنگدایە و هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ئارامبوونەوە نابینرێت. لە کاتێکدا سیاسەت بریتییە لە "هونەری بەدەستهێنانی ئەوەی دەکرێت بەدەست بهێنرێت"، سەرجەم ئەو هێزانەی بەشدارن یان لەژێر کاریگەریی شەڕی ئێران-ئەمریکادان، لە هەوڵی چنینەوەی ورد و درشتی ئەو دەستکەوتانەن کە دەتوانن لەم دەرفەتەدا بەدەستی بهێنن. یەکێک لە گرنگترین ئەو دەستکەوتانەش کە تا ئێستا زۆریی کاراکتەرە بەهێزەکانی ناوچەکەی یەکخستووە، گەڕانەوەی هەژموونە بۆ حکومەتە ناوەندییەکان لەسەر حسابی هێزە لاوەکی و نادەوڵەتییەکان. هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە سووریا، یەکێک لە گەورەترین دەرئەنجامەکانی تەوژمی ناوەندگەری بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە هەمان کاتدا، بەغدا دەبێتە یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوەکانی بەردەم ئەم تەوژمە، کە لە ئەگەری سەرکەوتن یان شکستیدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بارودۆخ و پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان دەبێت.