د. ئەیوب گەڵاڵی
نووسەر
ئایا ئەنجوومەنی ئیتیحادی (پشتگوێخراو)دەتوانێ قەیرانەکانی نێوان هەولێرو بەغدا کەم بکاتەوە؟
لەوکاتەوەی دەستووری عێراق لە ساڵی2005 پەسەند کراو زۆرینەی گەلانی عێراق دەنگیان پێدا ، عێراق سیستەمێکی کۆماریی فیدراڵی هەڵبژاردووە کە ئامانجی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵی، هەرێمەکان و پارێزگاکانە، هەروەها دروستکردنی هاوسەنگییەکی دامەزراوەییە کە رێگری لە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە یەک شوێن یان دەستبەسەرداگرتنی بڕیار دەکات.
بەڵام دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە پەسەندکردنی دەستور، هێشتا یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی ئەم سیستەمە بوونی نییەو پشتگوێخراوە ئەویش ئەنجوومەنی ئیتیحادیە.
نەبوون و پشتگوێخستنی ئەم دامەزراوەیە تەنیا دواخستنی یاسایی نییە کە بتوانرێت وەک بابەتێکی لاوەکی سەیر بکرێت، بەڵکو دەستوور لە ماددەی (48)دا بە روونی دەڵێت کە: (دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی ئیتیحادی پێک دێت)، هەروەها ماددەی (65) بە تایبەتی بۆ ئەم ئەنجوومەنە دانراوە و رۆڵی وەک نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگا ناهەرێمییەکان دیاری دەکات و دەڵێت: (ئەنجوومەنێکی یاسادانان دادەمەزرێت بە ناوی ئەنجوومەنی ئیتیحادی، کە نوێنەرانی هەرێمەکان و پارێزگا ناهەرێمییەکان لەخۆ دەگرێت، پێکهاتەکەی و مەرجەکانی ئەندامێتی، دەسەڵاتەکانی و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان پێوەیە، بە یاسایەک رێک دەخرێت کە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند دەکرێت).
ئەمەش ئەو پرسیارە دەخاتە روو: ئایا بوونی ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەتوانێ پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر جێگیر و سەقامگیر بکات؟ ئایا دامەزراوەیەکی فیدراڵی لەم جۆرە دەتوانێ چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێش ئەوەی ببنە قەیرانی سیاسی، دارایی و ئەمنی دابین بکات؟
ناتوانرێت بە دڵنیایی بگوترێت کە بوونی ئەنجوومەنەکە رێگری لە سەرجەم قەیرانەکانی رابردوو و داهاتوو دەکات، بەڵام نابێ ئەوەش لەیاد بکرێت کە نەبوونی ئەم ژوورە دووەمەی دەسەڵاتی یاسادانان، سیستەمی فیدراڵیی عێراقی لە رووی دامەزراوەییەوە ناتەواو کردووە.
دەستوورێکی فیدراڵی بەبێ ئەنجوومەنی ئیتیحادی
کاتێک دەستوور باس لە بوونی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەکات، ئەمە تەنیا بابەتێکی زیادەی یاسادانان نییە، چونکە ئەنجوومەنی نوێنەران نوێنەرایەتیی گەل دەکات بە پشتبەستن بە دابەشکردنی دانیشتوان، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەبێت نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و پارێزگاکان دابین بکات.
ئەم بیرۆکەیە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا بنەڕەتییە، دەوڵەت پێویستی بە ئەنجوومەنێک هەیە کە دانیشتووان نوێنەرایەتی بکات، هەروەها پێویستی بە دامەزراوەیەک هەیە کە ئامادەبوونی یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی ئیتیحادی لە پرۆسەی بڕیاردانی فیدراڵی مسۆگەر بکات.
بەڵام عێراق تەنیا بەشی یەکەمی جێبەجێ کردووە و بەشی دووەمی بەبێ چارەسەر هێشتووەتەوە.
لێرەدا یەکێک لە پێچەوانە بنەڕەتییەکانی ئەزموونی عێراق دەردەکەوێت، دەوڵەتێکی فیدراڵی بەبێ تەواوکردنی یەکێک لە گرنگترین دامەزراوەکانی.
ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە زۆرێک لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمەکان، لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەخولێنەوە، لەوێشدا لەجیاتی ئەوەی دامەزراوەیەکی فیدراڵی هەبێت کە بەرژەوەندییەکانی خودی ئەو یەکانە نوێنەرایەتی بکات، کەچی نوێنەرایەتیی سیاسی و حیزبی زاڵ دەبێت .
بەغدا و هەولێر لە غیابی ناوبژیوانێکی دامەزراوەیی
پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر لەوانەیە روونترین نموونەی پێویستی بەو جۆرە دامەزراوەیە بێت، ئەو کێشە و ناکۆکییانە نوێ نین و تەنیا پەیوەندییان بە حکوومەتێک یان خولی هەڵبژاردنێکەوە نییە؛ بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی کۆکراوەن کە پەیوەندییان بە نەوت و گاز، بودجە، دەسەڵاتەکان، ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتەکانی دیکەوە هەیە.
لە زۆربەی کاتەکانیشدا، ئەم کێشانە لە ناکۆکییەکی تەکنیکی یان دەستوورییەوە دەگۆڕدرێن بۆ قەیرانێکی گەورەی سیاسی، بەهۆی نەبوونی دامەزراوەیەکی فیدراڵی کە بتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو مامەڵە لەگەڵ ئەم ناکۆکییە بکات.
لەگەڵ نەبوونی کەناڵە دامەزراوەییە پێویستەکان، چارەسەرکردن زۆرجار پشت بە گفتوگۆی راستەوخۆ، هاوسەنگییە سیاسییەکان لە ناو پەرلەمان یان دەستێوەردانی دادگایی دەبەستێت، ئەمەش ناکۆکییەکە لە کێشەیەکی فیدراڵییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی سیاسی.
ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەتوانی چی بکات؟
بوونی ئەنجوومەنی ئیتیحادی واتای ئەوە نییە کە جێگەی حکوومەت یان دادگای فیدراڵ یان ئەنجوومەنی نوێنەران بگرێتەوە، بەڵکو ئاستێکی زیادەی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانە دابین دەکات کە پەیوەندییان بە یەکبوونی نیشتیمانییەوە هەیە.
ئەنجوومەنی ئیتیحادی دەیتوانی پلاتفۆرمێکی هەمیشەیی بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو یاسایانە دابین بکات کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان هەیە و گفتوگۆ لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتدا ئاسانتر بکات، پێش ئەوەی کێشەکان بگەنە دادگا.
هەروەها دەتوانی کولتوورێکی سیاسی دروست بکات کە پشت بە دانووستان و گفتوگۆ لە ناو دامەزراوەکان ببەستێت، لە جیاتی ئەوەی چاوەڕێی دروستبوونی قەیران بکرێت و دوای ئەوە بەدوای چارەسەرێکی کاتی بگەڕێن.
نەوت و بودجە نموونەیەکی روون
بابەتەکانی نەوت، داهات و بودجە بە روونی پێویستی بە دامەزراوەیەک نیشان دەدەن کە بەرژەوەندییەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان بپارێزێت و نوێنەرایەتیان بکات.
کێشەکانی پەیوەندیدار بە سەرچاوەکان تەنیا کێشەی دارایی نین، بەڵکو پەیوەندییان بەوەشەوە هەیە کە دەوڵەتی فیدراڵی چۆن بە شێوەیەکی هاوبەش لەنێوان ئاستە جیاوازەکانی حکومڕانی بەڕێوە دەبرێت.
لەگەڵ نەبوونی ئەنجوومەنی ئیتیحادی، ژوورێکی یاسادانان نییە کە هەرێمەکان و پارێزگاکان لە ناو دەسەڵاتی یاساداناندا نوێنەرایەتی بکات، بۆیە گفتوگۆکان زۆرجار دەگۆڕدرێن بۆ ملمێلانێی سیاسی لەسەر ژمارە و بەشەکان، لە جیاتی ئەوەی ببن بە بەشێک لە گفتوگۆیەکی فراوانتر لەسەر بنەماکانی یەکێتیی فیدراڵی.
دروستکردنی ئەنجوومەنی ئیتیحادی بە مانای دانانی مافی رێگری لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە هەرێم یان پارێزگاکان نییە، بەڵکو بە مانای دانانی دەنگێکی دامەزراوەییە کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت.
ناوچە جێناکۆکەکان بابەتێکی دیکەی ناکۆکییەکان
هەمان شت لەسەر بابەتی ناوچە جێناکۆکەکانیش جێبەجێ دەبێت، ئەو ناوچانەی کە رەهەندی دەستووری، سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتییان هەیە، تەنیا ناکۆکییەکی کارگێڕی لەنێوان بەغدا و هەولێر نین.بوونی دامەزراوەیەک کە هەرێمەکان و پارێزگاکان نوێنەرایەتی بکات، دەتوانێ بوارێکی زیادە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە دابین بکات و گەڕان بەدوای چارەسەرەکان بە سیستەمی فیدراڵیی خۆیەوە پەیوەست بکات، کێشەکە هەمیشە نەبوونی دەقە یاساییەکان نییە، بەڵکو زۆرجار کێشەکە لە نەبوونی دامەزراوەیەکە کە بتوانێت دەقەکان بگۆڕێت بۆ کردارێکی سیاسیی جێگیر.
ئایا کێشەکە لە خودی دەستورە یان لە جێبەجێکردنیەتی؟
رەنگە زۆربەی زۆری هەموو ئەوەی لە عێراقدا لە دوای ساڵی 2005 روویداوە بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی دەستوربێت، بەڵام ئەمە بەس نییە، دەستور سیستەمی فیدراڵی پەسەند کردووە، کوردستانی وەک هەرێمێکی فیدراڵی ناساندووە، دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی رێکخستووە ومیکانیزمە دادوەرییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان داناوە، بەڵام بنیاتنانی سیستەم تەنیا بە نووسینی دەقەکان تەواو نابێت، دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئیتیحادی بە یاسایەکەوە بەستووەتەوە کە پێکهاتەو مەرجی ئەندامێتی و دەسەڵاتەکانی دیاری بکات، بۆیە تەواوکردنی دامەزراوەکان پێویستی بە یاسادانان و جێبەجێکردن هەیە، نەک تەنیا مانەوە لە سنووری دەقی دەستور، ئەمەش بەرپرسیارێتیی دامەزراوەکانە کە لە تەواوکردنی ئەم بنیاتە دامەزراوەییەدا دوا کەوتوون.
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە ئەنجوومەنی ئیتیحادی بەکردەیی دابمەزرێت ؟
چیتر لەگەڵ رووداو و بارودۆخی عێراقدا گونجاو نییە کە بابەتی ئەنجوومەنی ئیتیحادی تەنیا وەک بابەتێکی دەستووریی دواخراو و بێ کاتی دیاریکراو سەیر بکرێت، ئەزموونی عێراق لە ساڵانی رابردوودا پێویستی بە دامەزراوەیەکی پێگەیشتوو هەبووە، نەک زیاترکردنی سازشە کاتییەکان.
دەتوانرێت دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە ببێتە بەشێک لە پڕۆژەیەکی گەورەتر بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر و پارێزگاکان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ یاسا و دەستور بگونجێت، لەگەڵ دیاریکردنی روون و تەواوی پێکهاتە و دەسەڵاتەکانی و پەیوەندییەکەی بە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەبێ ئەوەی بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی دیکەو ملمێلانێی سیاسی لێبکەوێتەوە.
عێراق پێویستی بە دامەزراوەیەک هەیە کە هاوبەشیی پێکهاتەکانی دەوڵەت بەهێز بکات، نەک ئەو دابەشبوون و ناکۆکییەی کە بەبەردەوامی بوونی هەیە.
گواستنەوە لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بۆ پێشگیری لە قەیران
جیاوازیی نێوان وڵاتانی خاوەن دامەزراوە و ئەو وڵاتانەی پشت بە سازشە سیاسییەکان دەبەستن لە کاتی روودانی قەیرانەکاندا دەردەکەوێت، وڵاتانی دامەزراوەیی کەناڵی گفتوگۆیان هەیە کە رێگری لە گەورەبوونی کێشە و گۆڕانی بۆ قەیرانێکی گەورە دەکات، لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی ئەم میکانیزمانەیان نییە، لەبەر نەبوونی ئەو ئامرازانە دووچاری کێشەی زیاتر دەبن، تەنانەت ئەگەر ئەنجوومەنی ئیتیحادی نەیتوانێت هەموو ناکۆکییەکان چارەسەر بکات، لێ دەتوانێت بوارێکی زیادە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان لایەنەکان دابین بکات و ئەگەری گواستنەوەی ناکۆکی بۆ ئاستی سیاسی و ئەمنی کەم بکاتەوە.ڕۆڵی دامەزراوەکان هەمیشە رێگری لە ناکۆکی نییە بەڵکو رێگرییە لەوەی ناکۆکی بگۆڕێت بۆ قەیرانی دەوڵەت.
ئەوەی ئێستا پێویستە ئەنجوومەنێکی ئیتیحادی نەک بوارێکی دیکەی ملمێلانێ
ئەگەر عێراق بیەوێت سیستەمێکی فیدراڵیی جێگیر و سەقامگیر بنیات بنێت، دەبێت دان بەوەدا بنێت کە ئەم دامەزراوەیە هێشتا تەواو نەکراوە و دەست بکات بە کارێکی جددی بۆ دانانی یاسایەکی تایبەت بە ئەنجوومەنی ئیتیحادی، دوای گفتوگۆیەکی فراوان کە هەموو لایەنەکان و شارەزایانی بواری یاسایی و دەستووری تێیدا بەشدار بن.
ئەم یاسایە دەبێت ئەمانە لەخۆ بگرێت:
* دیاریکردنی میکانیزمێکی روون بۆ نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و پارێزگاکان .
* مەرجەکانی ئەندامێتی و ژمارەی ئەندامان.
* دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەن و پەیوەندیی بە ئەنجوومەنی نوێنەران.
* رۆڵی ئەنجوومەن لەو یاسایانەی پەیوەندییان بە سیستەمی فیدراڵییەوە هەیە.
* میکانیزمەکانی هاوکاری لەگەڵ حکوومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکان.
* دڵنیابوون لەوەی ئەنجوومەنەکە نەبێتە ئامرازێک بۆ راگرتنی پرۆسەی یاسادانان یان دروستکردنی قەیرانی نوێ.
هەروەها پێویستە لە سەرەتادا لە رووی سیاسییەوە رێک بکەون کە ئەنجوومەنەکە ئامرازێکی بەرەنگاربوونەوە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی عێراق.
رابردوو سەلماندوویەتی کە پشتبەستن تەنها بە رێککەوتننامە کاتییەکان بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر بەس نییە، چونکە هەر کاتێک قەیرانێک کۆتایی پێ دێت، قەیرانێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە عێراق پێویستی بە بنیاتنانی سیستەمێکی فیدراڵیی تەواوی دامەزراوەکان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێت ناکۆکییەکانی پێش ئەوەی ببنە قەیران چارەسەر بکات، لە رێگەی دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی ئیتیحادی هاوسەنگ کە بە دیدێکی هاوبەش، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزێت و بە گیانی دەستور کار بکات، بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراق و هاووڵاتییەکانی.