21ـی ئەیلوول، قۆناخی نوێی دامەزراوەسازی لە سیستەمی بەرگریی کوردستاندا

رێوڕەسمی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە
رێوڕەسمی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە

21ـی ئەیلوول و قۆناخێکی نوێی وەرچەرخان لە دەوڵەتداریی هەرێمی کوردستاندا، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا رووداوێکی سەربازیی گرنگ نییە، بەڵکوو قۆناخێکی نوێی دامەزراوەسازییە لە سێکتەرەکانی ئاسایش و بەرگریی کوردستاندا. هاوکات قۆناخی بنیاتنانی متمانەی سیاسی و ئاسایشە لە نێوان هێزە سیاسییەکان و هاونیشتمانییاندا. ئەمڕۆ بە فەرمی یەکخستنەوە و رێکخستنی یەکجارەکیی هێزەکانی پێشمەرگە دەبینین لە ژێر سیستەمێکی یەکگرتووی یەک فەرماندەییدا پێکدێت لە کۆمەڵێک لیوا، فیرقە و فەرماندەیی ناوچە سەربازییەکان، ئەمەش فاکتەرێکی گرنگی هەبوونی کوردستانێکی بەهێزترە لە ناوچەکەدا.

مێژووی قوربانیدان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە بەرگریکردن لە دیموکراسی، مافی مرۆڤ، خاکی کوردستان و نەهێشتنی تیرۆر، پێشینەی چەندین ساڵەی هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتێکدا ناوچەکە پڕە لە گرفتی سەربازی و نالەباریی دۆخی سیاسیی هەرێمی و جیۆپۆلەتیکی، هەنگاوێکی ستراتیژیی بەهێزە بۆ داهاتووی دەوڵەتداریی کوردستان. یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەنگاوێکە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە ئیدارەدانی یەکە سەربازییەکان، بەردەوامیی راهێنان و بەئەکادیمیکردنی پێشمەرگە و ئەفسەران، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و هەبوونی پلەبەندیی پیشەیی بەپێی یاسا و دوور لە دەستوەردانی حزبی. پێویستە ئەم هەوڵەی حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم لە هەموو رەهەندێکەوە، بەتایبەتی لە رووی یاساییەوە، پاڵپشتی بکرێت بۆ پارێزگاریکردن لە ماف و شایستەکانی پێشمەرگە، شەهیدانی سەنگەر، پێشمەرگە بریندارەکان و کەسوکاریان.

یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت ببێتە دەرفەتێک بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەییی کۆماری عێراق، بەتایبەتی بڕگەی پێنج لە ماددەی 121 و ماددەی نۆ، تێیدا هاتووە پێشمەرگە هێزێکی دەستووریی نیشتمانیی دامەزراوەییە. دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیی گەلی کوردستان و عێراق و تێکشکاندنی تیرۆردا، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە حکوومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتیی هاوتاکردنی مووچە و خانەنشینیی هێزەکانی پێشمەرگە بگرێتە ئەستۆ، شانبەشانی دابینکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان؟ لە رێوڕەسمی 21ـی ئەیلوولدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە روونی ئاماژەیان بەوە کرد، پێشمەرگە بەشێکی بنەڕەتییە لە سیستەمی بەرگری و ئاسایشی عێراقی فیدراڵ و چیتر لە ژێر فرەفەرمانییدا نییە، بەڵکوو ئێستا لە ژێر یەک فەرمانی مەدەنیی دەستووریدایە، ئەویش وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتیی هەرێمە. ئەمەش رەنگدانەوەی ماددەی نۆی دەستووری عێراقە، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێم لە گفتوگۆکانی ئێستای لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجەی فیدراڵیی ساڵی 2027، جەخت لەسەر دانانی میکانیزمێکی روون بکاتەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا.

لە قۆناخی یەکگرتنەوە و یەکخستندا، هێزی پێشمەرگە هەنگاو بەرەو دامەزراوەیەکی نیشتمانی، پیشەیی و مۆدێرنی بەرگری دەنێت، تاوەکوو بتوانێت ئازایانە بەرگری لە خاکی کوردستان بکات و هاوبەشیی سوپای عێراق بکات لە پاراستنی سنوورەکانی وڵات، پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.