راستەوخۆ؛ چاوپێکەوتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی شەمس
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکان بووە نەک دژی هیچ لایەنێک، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات و نابێت هەرگیز شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا هەبێت؛ سەبارەت بە بەغداش جەخت دەکاتەوە کە چارەی کێشەکان بە رێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی دەبێت.
شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس)، هەڵوێستی خۆی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی هەرێم، کاراکردنەوەی پەرلەمان، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، هێرشەکانی سەر کوردستان، دۆخی سووریا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
پێشکەوتنی کوردستان و رەتکردنەوەی دابەشکردن
لە دەستپێکی قسەکانیدا و سەبارەت بە پێشکەوتنەکانی هەرێم و دەنگۆکانی دابەشکردنی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: ئەو پێشکەوتنەی لە کوردستان دەبینرێت، بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵ و دەیەی گەلەکەمانە و دەگەڕێتەوە بۆ پێشمەرگەکان، کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەوانەی لەو ساڵانەدا گیانیان بەخت کرد بۆ هێنانەدیی ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، "من هەمیشە خۆم بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و بەشێک لەم خاکە دەزانم، رەگمان لەم خاکەدا قووڵە؛ بۆیە هەرچی دەیکەین، بە هەموو دڵم و پاڵپشتیی تیمەکەمەوە و بە تێگەیشتنی خەڵکیش دەیکەین."
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەدا، گرنگترین شت ئەوەیە گەلەکەمان لە بەها و پێگەی خۆیان تێبگەن و مافەکانیان وەک نەتەوەیەک و ئەوەی شایستەی چین، بە بیر بهێنرێتەوە. روونیشی کردەوە، کە زۆر دڵخۆشە بەوەی بەدەست هاتووە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئێستا ئەوەیە چۆن بتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دابەشکردنی کوردستانیش گوتی: بێگومان سەر ناکەوێت، چونکە کەس نە مافی هەیە و نە دەسەڵاتی دابەشکردنی کوردستانی هەیە. کوردستان بەرهەمی شەهیدانمانە، هی پێشمەرگەمان، گەلەکەمان و خۆڕاگریی گەلەکەمانە؛ ماندووبوونێکی زۆرمان بۆ ئەم دەستکەوتانە بینیوە و کەس ناتوانێت کوردستان لەسەر ئارەزووی خۆی یان ئەجێندایەکی گوماناوی دابەش بکات.
کاراکردنەوەی پەرلەمان، پاراستنی دیموکراسی و کۆتاییهاتنی هاوکێشەی 50 بە 50
سەبارەت بە هەبوونی دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هۆکاری کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەسرور بارزانی گوتی: هەمیشە هیوا هەیە و ئەوان هەرگیز هیچ دەرگایەکیان دانەخستووە و ئەوەی کردوویانە هەرگیز دژی کەس نەبووە، بەڵام پێی وایە کاردانەوەی یەکێتی زۆر لۆژیکی نەبووە.
روونیشی کردەوە، دوو ساڵ بوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرابوو و پەرلەمان نەیدەتوانی کۆببێتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکوومەت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی نەیارەکانیان سکاڵایان بردە دادگای فیدراڵی تا پەرلەمان و حکوومەت هەڵبوەشێنرێنەوە و شەرعییەت بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. لەو قۆناخەدا دوو بژاردەیان لە بەردەمدا بوو؛ یان پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانیان یان رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەی کاردانەوە نالۆژیکییەکانی نەیارەکان. وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی بەرامبەر هەموو ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی هەیە و بەرامبەر دەنگدەران کە دەنگیان بە پەرلەمانتاران داوە، هەنگاویان نا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە دژی هیچ کەسێکی دیکە نەبوو.
گوتیشی: ئەو کاردانەوەیەی بینیمان زیادەڕەوی بوو لە بۆچوونی هەندێک کەس لەسەر ئەوەی کارەکان چۆن بن. شەرعییەتی هەرێمەکەمان و دامەزراوەکانمان پەیوەستە بە پرۆسەی دیموکراسییەوە و لەسەر پێوەر و بۆچوونی تەنیا یەک کەس دانەمەزراوە. ئەوەی کردمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و دڵنیابوونەوە بوو لە پاراستنی شەرعییەتی کوردستان؛ مەبەستی ئێمە رەخساندنی کەشێکە تا پەرلەمان کار بکاتەوە و دواتر دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت دەستپێبکاتەوە و، دەرگاکانمان کراوەن بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و ئاییندەی کوردستان هەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی بەرگریکردن لە ئەزموونی دیموکراسیی هەرێم، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، دیموکراسی و دەستکەوتەکانی گەل دەپارێزن و ئەوەی کردوویانە لە سەرەتاوە ئاسان نەبووە، بۆیە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەن لەبەر ئەوەی کەسێک باوەڕی بە دیموکراسی نییە. هاوکات رایگەیاند: "با ڕاستگۆ بین؛ هەڵبژاردنمان کرد و ئەنجامی هەبوو، دەبێت رێز لەم ئەنجامانە بگیرێت. ئەگەر کەسێک ئەو کورسییانەی بەدەست نەهێنا کە چاوەڕێی دەکرد، مانای ئەوە نییە دەبێت تەواوی پرۆسەکە رابگرێت یان پەکی بخات تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنێکدا ئەنجامێکی باشی نەبووە. دەبێت ئەنجام قبووڵ بکات و دواتر یان ببێتە بەشێک لە هاوپەیمانیی پێکهێنانی حکوومەت یان لە ئۆپۆزسیۆندا بمێنێتەوە؛ دیموکراسی لە زۆربەی جیهاندا بەم شێوەیەیە، بەڵام تێڕوانینی 'یان بە قسەی من یان هیچ' قبووڵکراو نییە و خزمەت بە خەڵک ناکات."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆر روون بوو یەکێتی، بەداخەوە، بەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ لایەنێکی تردا پێکی هێنا، نەک بە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو بە بەکارهێنانی هێز بەرەنگاریان بوونەوە و بە کردەیی پەرلەمانیان پەک خست یان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە بارمتەیان گرت و نەیانهێشت کارەکانی بکات.
گوتیشی: سەرەتا کاتێک دوو ساڵ پەرلەمانمان نەبوو، گازندەیان دەکرد پەرلەمان نییە و دەبێت هەڵبوەشێتەوە؛ ئێستا کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، دیسان گازندە دەکەن و دەڵێن قبووڵی ناکەین و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە. دەبێت بڕیار بدەن ئایا لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسیدان یان دژین. هەر ئەوانیش بوون کە هەڵوێستێکی زۆر نەرێنییان بەرامبەر نووسینەوەی دەستووری کوردستان وەرگرت، کە لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە دەبێت هەرێم دەستووری خۆی هەبێت؛ بۆیە رێگریکردن لەم دامەزراوە شەرعییانە تەنیا لەبەر ئەجێندای تایبەتی خۆیان لە کاتی نەبوونی دامەزراوەکاندا قبووڵکراو نییە و زۆربەی خەڵکی کورد قبووڵی ناکەن، چونکە شەرعییەت لە دەنگی خەڵکەوە دێت.
سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، مەسرور بارزانی گوتی وەڵامە سادەکە نەخێرە کە هەرگیز دەستپێناکاتەوە. روونیشی کردەوە، هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک بۆ ئەوە دەکرێت براوەیەک هەبێت و ئەوانەشی نەیانبردووەتەوە (بە دۆڕاو ناویان نابات) لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەرفەتیان هەیە.
دووپاتی کردەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات؛ ئەگەر لایەنێک 50%ـی دەنگەکانی نەبێت ناتوانێت داوای 50%ـی حکوومەت یان دەسەڵات بکات، بەڵام پارتی بە درێژایی ساڵان براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە و زۆر سازشکاریش بووە و هەمیشە ئامادە بووە زیاتر بداتە رکابەرەکانی لە پێناو یەکڕیزیی نیشتمانی، ئاشتی و ئاوەدانیدا. بەڵام ئەمجارە بابەتەکە ناکۆکیی دوو حزب نییە، بەڵکو پاراستنی خودی دامەزراوە شەرعییەکان و شەرعییەتی تەواوی هەرێمی کوردستانە.
لەبارەی شەڕی ناوخۆشەوە گوتی: سەرۆک بارزانی هەمیشە گوتوویەتی نابێت هیچ شەڕێکی ناوخۆی کورد هەبێت، بانگەوازی منیش بۆ تەواوی کوردستان ئەوەیە دەبێت خۆمان لە شەڕی ناوخۆ لە ناو کورد، ناوچەکان و حزبەکاندا بەدوور بگرین و نابێت پێشمەرگە رووبەڕووی یەک ببنەوە و شەڕی یەکتر بکەن؛ دەبێت ئەوە تێپەڕێنین کە لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەی سەربازی رووبەڕووی یەک ببینەوە.
نوێ دەکرێتەوە..