شێرکۆ حەبیب
نووسەر
کاتێک بارزانی پێش رووداوەکان دەیبینێت
هەندێک سەرکردە تەنیا رووداوەکان دوای ئەوەی روو دەدەن دەخوێننەوە، بەڵام هەندێکی تر هەوڵدەدەن ئەو مەترسییە ببینن، لە پشت رووداوەکانەوە دێت، جیاوازیی نێوان ئەم دوو شێوازە تەنیا لە شێوازی بیرکردنەوەدا نییە، بەڵکو لە توانای خوێندنەوەی داهاتووشدایە.
لێرەدا ناوی سەرکردە مەسعود بارزانی دێتە پێشەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و داهاتووی ناوچەکە باس دەکرێت، بۆ سەرۆک بارزانی بابەتێکی نوێ نییە.
پازدە ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی 2011، لە کاتێکدا هێشتا داعش بوونی نەبوو، سەرۆک بارزانی بە روونی ئەوەی خستە روو کە کشانەوەی ئەمریکا، بێ ئەوەی دامەزراوە ئاسایشییەکانی عێراق ئامادە بن، دەبێتە هۆکاری مەترسی گەورە، ئەو لەو کاتەدا باسی ئەوەی کرد، هێزە عێراقییەکان هێشتا توانای تەواوی پاراستنی سنوور و ئاسمانی عێراقیان نەبوو، هەروەها رایگەیاند، زیادبوونی کێشە ناوخۆییەکان و دەستێوەردانی دەرەکی کرد.
کاتێک ساڵی 2014 هات و داعش بە خێرایی بەشێکی گەورەی خاکی عێراقی گرت و هەڕەشەیەکی گەورەی ئاسایشی دروست کرد، لێرەدا گرنگیی خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت، و لە ساڵی 2011 نەیگوت، حەتمەن هەمان رووداو بە هەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە، بەڵکو پرسیارێکی بنەڕەتی خستەڕوو: ئەگەر هێزێکی سەرەکی لە بواری ئاسایشدا بکشێتەوە، کێ جێگای پڕ دەکاتەوە؟
ئەم پرسیارە لە هەموو کاتێکدا گرنگە، ئەمڕۆش کە لە عێراق کۆتایی بە هێزی سەربازیی ئەمریکی دێت هەر هەمان پرسیار دووبارە جەبێتەوە: عێراق بۆ ئەو رۆژەی دوای کشانەوە چەند ئامادەیە؟ بابەتەکە قووڵترە.
بابەتەکە دەگەڕێتەوە بۆ توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی خۆی، بۆ یەکگرتوویی بڕیاری ئاسایشی، بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک، بۆ دامەزراوەکانی سوپا و هێزەکانی ئاسایش، و بۆ ئەوەی ئایا بۆشایییەکەی دوای کشانەوە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت پڕ دەکرێتەوە، بە هێزێکی تر.
لە وتووێژێکی نوێدا، سەرۆک بارزانی دووبارە گەڕایەوە بۆ ئەزموونی ساڵی 2011 و رایگەیاند، مەترسییەکە هەر هەمانە: ئەگەر هێزەکان بکشێنەوە و دامەزراوەکانی عێراق و پێشمەرگە بە تەواوی ئامادە نەبن، ئەگەری گەڕانەوەی داعش هەر دەمێنێتەوە.
بەڵام گرنگترین خاڵ لە قسەکانی سەرۆک بارزانی تەنیا «کشانەوە» نییە ئەوەی دوای کشانەوە روودەدات گرنگترە.
چونکە لە سیاسەتدا کۆتایی هێزێک تەنیا کۆتایی مەترسی نییە. ئەگەر بۆشایی دروست بێت، دەبێت هێزی تر هەوڵی پڕکردنەوەی بدات. ئەگەر بڕیاری ئاسایشی یەکگرتوو نەبێت، بڕیارەکان دەتوانن ببنە سەرچاوەی ناکۆکی. ئەگەر چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا نەبێت، قسەکردن لەسەر دەوڵەتێکی بەهێز سەخت دەبێت.
لەبەر ئەوە، سەرۆک بارزانی کاتێک باس لە مەترسیی دوای کشانەوە دەکات، تەنیا لە سەر هێزی ئەمریکا قسە ناکات، بەڵکو لە ئایندەی عێراق قسە دەکات.
عێراق تەنیا پێویستی بە دامەزراوەیەکی سەربازی نییە، پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی و هاوبەشیی نێوان پێکهاتەکانی هەیە. چونکە ئەزموونی ساڵانی رابردوو نیشانیداوە، کێشەی سیاسی، ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت ببێتە کێشەی ئاسایشی.
لە ساڵی 2011دا سەرۆک بارزانی لە بۆشاییی ئاسایشی ترسی هەبوو، ئەمڕۆش پرسیاری سەرەکی هەر ئەوەیە: ئایا عێراق بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشایییەکی نوێ ئامادەیە؟
ئەم پرسیارە بە تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە. چونکە هەرێم لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە شەڕی دژی داعشدا بەشدار بووە و پێشمەرگەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هاوپەیمانان رۆڵێکی گرنگی هەبووە. هەروەها ئێستا، کشانەوەی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا لە هەولێر یەکێکە لە بابەتەکانی نیگەرانیی ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی تەنیا خوێندنەوەی رابردوو نییە، خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان رابردوو، ئێستا و داهاتووە.
ئەوەی ساڵی 2011 وترا، لە 2014دا بە شێوەیەکی مەترسیدار هاتە دی. ئەوەی ئەمڕۆ دەگوترێت، نابێت چاوەڕێ بکرێت تا رووداوێک رووبدات و پاشان بزانین کێ راستی گوت.
بەهای روانگەی سیاسی لەوەدایە کە پێش رووداوەکان پرسیار دروست بکات، نەک تەنیا دوای رووداوەکان وەڵام بداتەوە.
سەرۆک بارزانی لە ماوەیەکی درێژدا، لە بابەتی عێراقەوە تا بابەتی کوردستان، گرنگی بەوە داوە کە هیچ بڕیارێکی گەورە نابێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی بدرێت.
ئەمڕۆش پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە: ئەمریکا دەڕوات یان نامێنێت؟
پرسیاری گەورەتر ئەوەیە: عێراق دوای ئەمڕۆ چۆن دەیەوێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت؟ ئایا دامەزراوەکانی دەوڵەت توانای ئەوەیان هەیە بۆشایییەکانی ئاسایشی پڕ بکەنەوە؟ ئایا بڕیاری ئاسایشی یەکگرتوو دەبێت؟
ئایا چەک بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبێت؟ ئایا پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشی بەردەوام دەبێت؟
و لە هەمووی گرنگتر، ئایا عێراق لە ئەزموونی ساڵانی رابردوو فێر بووە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەن کە دەبێت پێش رووداوەکان وەڵامیان بدرێتەوە.
چونکە مێژوو هەمیشە بە هەمان شێوە دووبارە نابێتەوە، بەڵام مەترسییەکان دەتوانن بە هەمان هەڵەکانەوە دووبارە ببنەوە.
لەوێدا گرنگیی روانگەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت.
ئەوەی ئەو لە 2011دا بینی، ئەوە بوو کە کشانەوەی هێزەکان چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بتوانێت بەرپرسیارێتییەکەی بە تەواوی بگرێتە ئەستۆ.
ئەمڕۆش هەمان پرسیار لەبەردەم عێراقە.
کاتێک هێزێک دەکشێتەوە، گرنگ نییە تەنیا بزانین کێ دەڕوات، بەڵکو گرنگتر ئەوەیە بزانین کێ دێتە جێی، بە چ توانایەک و بە چ بەرپرسیارییەک، ئەمە تەنیا بابەتی ئەمڕۆ نییە، ئەمە بابەتی داهاتووی عێراقە.