کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق: هەڵسەنگاندنێک بۆ روانگەی دوورەپەرێزیی و رۆژهەڵاتناسییانەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم بەڕاک

کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق: هەڵسەنگاندنێک بۆ روانگەی دوورەپەرێزیی و رۆژهەڵاتناسییانەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم بەڕاک
کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق: هەڵسەنگاندنێک بۆ روانگەی دوورەپەرێزیی و رۆژهەڵاتناسییانەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم بەڕاک

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، یەکێکە لەو کەسانەی زۆر تامەزرۆی گەشەی دیموکراسی و سیستەمە دیموکراتەکان نییە بە ئەندازەی ئەوەی سەقامگیرییەکی لە مشتێکی ئاسانین دەوێت. هەر ئەوەش وای کردووە کە هاوڕێی کیم جونگ ئون ـی سەرۆکی کۆریای باکوور بێت، دژی جەنگی عێراق و سووریا و ئەفغانستان نەبێت، نەک لە خەمخۆریی بێت بۆ ئەو وڵات و گەلانە. 

ئێستاش کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان تایبەت لە عێراق و سووریا دەکشێتەوە، نێردە تایبەتەکەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تۆم بەڕاک، بە دەستکەوتێکی ناوازە و ئاماژە بە راسپاردنی ناوچەکە بە لایەنی دیکە دەکات. چەند سەرنجێک دێنە پێشەوە و پرسیار دەوروژێن ئاخۆ بە راست داخستنی زەنگی مۆبایلی پەیوەندییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان عێراق، ئەوە دەگەیەنێت زۆر ناخایەنێت زەنگی پەیوەندییەکی دیکەیان بۆ لێدەدرێت و ئەمریکا ناچار بە هاتنەوە دەبێت.

لە روانگەی هاوسەنگی هێزەوە، خەیاڵ پڵاویی ترەمپ و بەڕاک بە سەرەکی ئەوەیە کە کشانەوەی هێزی ئەمریکا خۆیان لەو بەڵایە رزگار بکەن کە جۆرج بوش بەسەری داسەپاندوون، بەڵام بێ روانگە لەو لایەنە دەر دەکەون، کە دەکرێت بۆشایییەک دروست بکات کە هێزەکانی دیکە هەوڵی پڕکردنەوەی بدەن. باڵکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ لە راستی میدیا تەنیا راگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ راستکردنەوەی ئەوەی نەدەبوو رووبدات و ئیستا تەنیا بەشێکە لە مێژوو. 

وەکو هەرجار، ترەمپ جەنگی عێراق بە “هەڵەیەکی مەزن” و “بەڵا” ناودەبات، بەڵام لە کۆتاییدا دەیڵێت ئەمریکا لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووە و داعش “لەناوبراوە”. ئەوەمان لە یاد نەچێت رووداوەکە سیناریۆی قاعیدە بە بیر دەهێنێتەوە. لە روانگەیەکی رەخنەگرانەوە، ئەمە چوارچێوەپیدانێکی سیاسییە کە ساڵانی تێوەگلان یان بوونی سەربازیی ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی دوای 2003 دەخاتە ئەستۆی جۆرج دەبلیو بووش و رووداوەکەش کورت دەکاتەوە بۆ گەڕانەوە لە جەنگێکی ناپێویست. وێڕای ئەوەش، ئاماژەکانی ترەمپ بە حکوومەتی نوێ و “یەک دەوڵەت و یەک فرمان” نیشانی دەدەن کە بابەتی هێزە چەکدارەکان و هاوسەنگیی ناوخۆ هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەڵام وەهاش خوێندنەوەی بۆ دەکەم، کە دۆخی ناوەخۆی عێراق بۆ ئیدارەی ترەمپ هیچ گرنگییەکی نییە و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولیش دەیەوێت بڵێت بەڵێنەکەی هێناوەتە دی.

لە لایەکی دیکە، دەقی تۆم بەڕاک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقە؛ زیاتریش هەوڵێکە بۆ پێناسەکردنی ئەو کشانەوەیە وەک گۆڕینی شێوازی مامەڵەی هێزی ئەمریکا، نەک شکست یان پاشەکشە. کاتێک دەڵێت ئەمریکا «نەڕۆیشتووە، بەڵکو هەموو لایەنەکان ــ بەغدا، هەولێر، هاوپەیمانانی ناوچەیی و بەرژەوەندییەکانی خۆی ــ لە یەک وێنەی ستراتیژیدا رێکخستووە»، دەیەوێت بڵێت واشنتن پەیوەندیی خۆی لە بوونی سەربازیی راستەوخۆ بەرەو هەژموونی دیپلۆماسی و هاوبەشیی ئەمنی دەگوازێتەوە. دەستەواژەکانی وەکو دۆست نەک پارێزەر وێنەی ئەمریکا وەک پاسەوانێکی سەربازی لە عێراق دادەخات و لەبری ئەوە خۆی وەک هاوپەیمانێکی دەرەوەی دەوڵەت پێناسە دەکات. لە هەمان کاتدا، ئاماژەکردن بە یەک دەوڵەت و یەک زنجیرەی فەرمان پەیامێکی راستەوخۆیە بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەکدارەکان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کێشەی گرووپە چەکدارەکان و هاوسەنگیی هەژموونیش لەگەڵ ئێران دەخاتە ناو باسەکە، ئەوەش ئەگەر لە بابەتەکە دەرنەچین دەکرێت لایەنێکی رێککەوتنێکی ژیرپەردەی ئەمریکا و ئێرانیش بێت.

 لە کۆتاییدا، بەراوردکردنی ناوچەکە بە خاڵە ئەندازەییە ئاڵۆزەکان و جەبر لای تۆم بەڕاک، کە رەگێکی رۆژهەڵاتی و رۆژهەڵاتناسیی نۆستاڵژیکی بەجێماوی هەیە و سەرمایەدارییشە، دەرخەری ئەوەیە هاوکێشەی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە هێشتا نەدۆزراوەتەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ داننانە بەوەی کە پرۆسەکە هێشتا تەواو نییە؛ واتە واشنتن وەکو سەرکەوتوو خۆی دەنوێنێت، بەڵام ئەنجامی راستەقینەی گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە عێراق و ناوچەکە هێشتا لە تاقیکردنەوەدایەکی هەستیار دایە و وەکو بۆمبێکی چندراو خوێندنەوەی بۆ دەکەم، کە دەکرێت لە کەمترین بەریەککەوتن بتەقێتەوە و ئەمریکا و رۆژئاوا بە ناوچەکە بگەیەنێتەوە. هەریەکە لە ترەمپ و بەڕاک بە روونی دەیانەوێت ناوجەکە ببەنەوە بەر لە دۆخی 2001، ئەوەش لە رێگەی خۆبەدوورگرتن لە هەرچییەک کە روودەدات. رەنگە کاریگەری ئیسرائیلیش نەبووایە، لە پرسی ئیرانیش دەمێک بوو گەیشتبوونە چارەسەرێک.

دەتوانیت بگوترێت کە دواجار بارودۆخ و کاتی ئەو ئاڵۆزیی و ململانێیانە لە کاتێکدایە جیهان بە دەست گۆڕانکاریی جیا دەناڵێت، کێشەی کۆچی نایاسایی، گۆڕانی کەشوهەوا، قەیرانی وزە، بەرزی رێژەی تاوان و زەقتربوونی دابەشبوونی جەمسەرگیری کۆمەڵگە لە ئەمریکاو جیهانیش لە تەشەنەکردنن. ئەمریکا ئەوەندەش کێشەی ناوەخۆی هەیە بەرگە ناگرێت خۆی چیدیکە لەو پرسانە بە ىێ چارەسەرکردنی کشیە ناوەخۆییەکان هەڵبقورتێنێت. 

ئەگەر سیاسەتی ئێستای ئەمریکا بەرامبەر جیهان و بە تایبەتی رۆژهەڵەتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە، کەمکردنەوەی تێوەگلان و گەڕانەوە بۆ ناوخۆ دامەزرابێت، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئەمریکا چۆن دەچێتە دەرەوە؛ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکا دەچێتە دەرەوە پاشەکشێ دەکات، کێ شوێنی دەگرێتەوە و چی لە شوێنی خۆی جێدەهێڵێت؟ ئەوەی من پێشبینی دەکەم ئەوەیە کە ئەم سیاسەتە بۆ ماوەیەکی درێژ ناتوانێت بە هەمان شێوە بەردەوام بێت. ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ناوچەکە دوور بکەوێتەوە، هەندێک لەو هێزانەی کە لە بۆشایی سیاسی و ئەمنییەکاندا دەبینرێن، دەست دەکەن بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و لە وەڵامێکیشم بۆ تویتەکەی تۆم بەڕاک ئاماژەم بەوە داوە کە: “ئەگەر هەیە هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول بدۆڕێنن، پێدەچێت داعش بگەڕێتەوە، ئێران بەهێزتر دەبێت، تورکیا هەمووان هەراسان دەکات، سووریا جارێکی دیکە دەبێتە دەوڵەتێکی هاوشێوەی داعش، ئەمریکاش لە ماوەی دوو ساڵدا جارێکی دیکە دەستوەردان دەکاتەوە... بۆیە ڕێبازەکەت لەسەر بنەمای گۆشەگیری و ترسنۆکی زۆر ناخایەنێت؛ بێدەنگکردنی زەنگی مۆبایلەکەت بەو مانایە نییە کە زەنگت لێنادات و پەیوەندییت پێوە ناکرێت.” ئەوەم وەکو ئاماژەیەک بووە بەوەی هاوسەنگی رۆژهەڵاتەی ناوەراست سەدەیەک بە تەواویی تێكچووە و بلۆکەکانی عوسمانی و سەفەوی هەر بەریەکک دەکەون و سعوودیە و ئیسرائیلیشیان بۆ زیاد بووە. پاڵنەرێکی ئەو كشانەوە لە بنچینەدا پەیوەندیی بە هەڵبژاردنیشەوە هەبووە. لە ناوخۆی ئەمریکادا، هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول یان کۆنگرێس دەکرێت فاکتەرێکی هەرە گرنگ بن.

ئەگەر سیاسەتی ئێستای ئەمریکا لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەرەوەدا بەربەستی سیاسی دروست بکات، فشار بۆ گۆڕینی ئاراستەی حکوومەت لە زیاد بوون دەبێت. هاوکات، ئەگەر ترەمپ بە کشانەوە و دوورەپەرێزیی سیاسیی دەستکەوتێکی هەبت، دوو دەستکەوتی لەمێژینی ئەمریکا لەدەست دەدات، یەکێکیان بچووکردنەوەی هەژموونی ئەمریکایە بۆ زلهێزێکی هەرێمی نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی و دووەمیش بێهیوایی بوونی رەها دەبێت بە ئەمریکایە کە پشت لە هاوڕێ و دۆستانی دەکات. ئەوەش وا دەکات داعش یاخود رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکە خۆیان رێکبخەنەوە و لاوازی سازانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە عێراق و سووریا بقۆزنەوە. راستە داعش لە شێوەی ئەو دەوڵەتەی ساڵی 2014 ناسرا بوو، لەناوچووە، بەڵام بیرۆکە و تۆڕەکانی بە تەواوی نەسڕاونەتەوە. هەر جارێک پایتەختەکان لەرزۆک و لاواز دەربکەون، هێزە ئەمنییەکان ناتەبا و پەر بن، لە کاتێکدا کە سەرمایە و سەرچاوەکانی هەواڵگری ئەمریکی و هاوپەیمانانیش نەماون، ئەوا چاودێری کەم دەبێتەوە و هەواڵگریی سست و بواری خۆڕێکخستنەوە بۆ میلیشیاکانیش دەئافرێت. لە عێراق و سووریاش، کە ناتەباییەکی سیاسیی بەرچاویان لە قوڵایی پەیوەندییەکانیاندا هەیە، ئەم مەترسییە وەکو رابردوو زۆرە. هەرچەندە، مەترسی داعش هاوشێوەی رابردووش نەبێت، بۆشایی ئەمنی زیاتر دروست دەکات و هاوكێشە جیاوازەکان دیسان دێنەوە گۆڕێ.

لە لایەکی دیکە، ئێران بە شێوازێکی دیکە و هەژموونی و ئیمپڕیالانەتر خۆی دەنوێنێت. روونە لە رابردووشدا ئێران تەنیا بە هێزی سەربازیی خۆی کاریگەری دروست ناکات؛ بەڵکو تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی سیاسی و گرووپی چەکداری و هاوپەیمانی ناوچەیی هەیە.ئەو دۆخەشی هاتۆتە ئاراوە وا دەکات ئێران بتوانێت ئەوە بە دەرفەتێک بزانێت بۆ فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندیی و هەژموونی خۆی. لە رووی ئاساییشیشەوە، روونە هەر بۆشاییەک دەرفەتێکە و ئێران لە ناوچەکەدا ئەزموونی زۆری هەیە لە بەکارهێنانی ئەو دەرفەتانە.

هاوکات، تورکیاش تماشاکەر نابێت و هەرگیز لە دۆخی نوێی ناوچەکەدا تەماشاکەرێکی بێدەنگ نابێت. ئەنقەرە بەرژەوەندییە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی لەبەرچاو گرتووە و زیاتریش پەلوپۆ دەهاوێژێت، بە تایبەتی لە سووریا و عێراق هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی بپارێزێت و فراوانی بکات. کەواتا ئەو روانینە هەڵەیە کە پێی وایە ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە، ئەوە بە مانای ئەوە تورکیاش دەکشێتەوە. دواجار تورکیا هاوسنووری ئەو وڵاتانەیە و لەهەر کات و ساتێک گۆڕانێکی نابەدڵی خۆی رووبدات وەکو دەستوەردانی قوبرس، لە عێراق و سووریاش دەستوەردان دەکات. وێڕای ئەوەش، لەم دۆخەدا کەمبوونەوەی هەژموونی ئەمریکا دەرفەتی زیاتر بۆ تورکیا و جڵەوباڵایی دەئافرێنێت. ئەمەش پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات و لە هەمان کاتدا فشار لەسەر رۆژئاوا زیاد دەکات و لەگەڵ ئێران و سعودیە و ئیسرائیلیش دەکەوێتەوە نا کێبڕکیی نوێیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، ئەگەر سووریا وەکو دەرچەیەک بۆ تورکیا تەماشا بکەین، وڵاتەکە هێشتا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا وەستاوە؛ لە نێوان دەسەڵاتی ناوەندی، هێزە ناوچەییەکان، گرووپە جیاوازەکان و کاریگەریی وڵاتانی دەرەوە ناسنامەیەکی ناوەندیی یان خۆجێی نیە.

کەواتا ئەگەر بپرسین ئایا ئەمریکا دەگەڕێتەوە؟
ئەمە خاڵی سەرەکیی پێشبینییەکەی منە. پێموایە ئەمریکا، ئەگەر لە ناوچەکەدا بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت دوور بکەوێتەوە، لە کۆتاییدا دووبارە ناچار دەبێت بە شێوەیەک لە شیوەکان بگەڕێتەوە عێراق و سووریا. لەوانەیە ئەو گەڕانەوەیە وەک جاران نەبێت. لەوانەیە هێزی پیادەی کەمتر بێت، بەڵام هەواڵگری، درۆن، هێزی ئاسمانی، تەکنەلۆژیا، هێزی دەریایی و هاوپەیمانی ناوچەیی زیاتر بەکاربهێنێت. بەڵام سەرهەڵدانەوەی تیرۆر، کە پیم وایە بە سوود وەرگرتن لە جیاوازییەکانی ناوچەکە، هەرێمەکە بە ئاراستەیەکی شلۆقتر دەڕوات، ئەوەش وادەکات بە هۆکاری ئیران و توکریا یان داحش بێت خێراتر بگەڕێتەوە، چونکە ناشتوانێت هەندێک بەرژەوەندییە ستراتیژیکەکانی بە تەواوی پشتگوێ بخات. بۆیە پێشبینیی من ئەوەیە کە گەڕانەوەی ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا شتێکی سەیر نابێت. لە هەمان کات سیاسەتی دوورەپەرێزیی و دوورکەوتنەوەی ئەمریکا و ترەمپ زۆر ناخایەنێت و خۆی تنەیا دوو ساڵ ماوەی سەرۆکایەتی ماوە. کێشەکەش لەوەدایە کە سیاسەتی دوورکەوتنەوە تەنیا بە بڕیاری واشنتن نابێت، هەر وەک چۆن ەلسەرەوە روونم کردووەتەوە، هەر هێزێکی دیکە بڵێت دەیەوێت ئەو بؤشاییە پڕ بکەنەوە یاساکە و بەڵێنەکان دەگۆڕێن.
لە کۆتاییدا، ئەوە دەکرێت کۆمەڵێک فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی واشنتن ناچار بکات لە هەڵوێستی ئێستای خۆی پێداچوونەوە بکات: ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، تەشەنەکردنەوەی داعش، بەهێزبوونی ئێران، هەنگاوەکانی تورکیا، دۆخی عێراق سووریا و بەرژەوەندییە ستراتیژیکەکانی خۆی، هەموویان تێکڕا کارگەریان لەسەر وەها پێشهاتێک دەبێت. کەواتە ئەمریکا ناتوانێت لەو دوورەپەرێزییە بەردەوام بێت، لە خراپترین دۆخدا تا کۆتایی خولەکەی ترەمپ رەنگە ئەوە وەکو خۆی بڕوات (هەرچەندە جەنگی ئێرانیش یەکلایی نەبوەتەوە). کەواتا دۆناڵد ترەمپ و تۆم بەڕاک، کاتێک مۆبایلەکەت بێدەنگ دەکەیت، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، کە تەلەفۆنەکە زەنگ لێنادات و پەیوەندییتان پێوەناکرێت، تەنیا ئەوەیە کەمێک دواتر لە ئاگادارکردنەوەکاندا پەیوەندییە لەدەستچووەکان دەبینن و ناچاریش دەبن خۆتان وەڵامی بدەنەوە، چونکە دواجار ئەمریکا لە هەسارەیەکی دیکەی کۆمەڵەی خۆردا نییە.