جیهان لەبەردەم جەنگێکی بەرفراوان و تۆڵەسەندنەوە و خۆسەلماندنی ترەمپدا

جیهان لەبەردەم جەنگێکی بەرفراوان و تۆڵەسەندنەوە و خۆسەلماندنی ترەمپدا
جیهان لەبەردەم جەنگێکی بەرفراوان و تۆڵەسەندنەوە و خۆسەلماندنی ترەمپدا

نسکۆی پۆپۆلیزم لە گۆڕەپانی واشنتن؛ دەرئەنجامە ناوخۆیی و جیهانییەکانی شکستی ترەمپ لە هەڵبژاردنی نیوەی خولدا

دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، زیاتر لە گۆڕانکارییەکی ژمارەیی لە کورسییەکانی یاساداناندا، وەک زەمینەلەرزەیەکی پێکهاتەیی لە سیستمی سیاسیی ئەمریکادا دەردەکەوێت. کەوتنی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بەدەست دیموکراتەکان و لەرزینی پایەکانی باڵادەستیی کۆمارییەکان تەنانەت لە قەڵا دێرینەکانی وەک ویلایەتی تەکساس، گورزێکی کوشندەی لە تەواوی ئەو گوتارە دا، کە دۆناڵد ترەمپ لەسەری بنیادی نابوو؛ گوتارێک کە بانگەشەی لێشاوی بێوچانی دەنگدەری ناڕازی و شکستپێهێنانی بنەما نەریتییەکانی دەکرد. وێڕای ئەوەش، ئەو دەرئەنجامە کاریگەری لەسەر نەک تەنیا ئەمریکا، بەڵکو لەسەر تەواوی جیهانیش دەبێت.

 فشەڵیی و ماوەکورتیی دیاردەی پۆپیولیزم و هات و هاواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
لە روانگەی فەلسەفەی سیاسی و زانستی دەسەڵاتەوە، شکستی ترەمپ بەرجەستەکەری شکستی "دەسەڵاتی پۆپۆلیستیی تاکڕەو"ـە بەرامبەر بە میکانیزمە دەستوورییەکانی هاوسەنگیی هێز (Checks and Balances) کە ئەمریکا پی ناسراوە و یەکێکە لە دەگمەنترین و کامڵترینی شێوازی راستکردنەوەی ئاراستەی دەسەڵاتە لە بەرژەوەندی کۆمەڵەگە لە جیهاندا. ترەمپ بەردەوام هەوڵی دەدا پێگەی خۆی وەک بەرجەستەکەری راستەوخۆی ویستی گەل پێناسە بکات، تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا داوای لە خەڵک کرد وا بڕوانن، کە ناوی ئەو لەسەر کاخەزی دەنگدانە؛ بەڵام وەڵامی سندووقەکان سەلماندی کە مۆدێلی پۆپۆلیزمی ئاراستەکراو ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەبری چارەسەری قەیرانە رۆژانەکان، بەردەوام خۆراکی سۆزداری بە جەماوەر ببەخشێت. بە دیوێکی دیکە، بەلێنەکانی هەڵبژاردن لەو جۆرە سیستەمە تەنیا ئەوە بڕ دەکات هەڵبژاردن بگەڕێتەوە.

پێشهاتی ناوەخۆی و ئیفلیجبوونی دامەزراوەیی و حکومەت
لە ئاستی ناوخۆدا، ئەمریکا پێدەنێتە قۆناخی دابەشبوونی تەواوی دەسەڵاتەکان و دابەشبوونی حکوومەت. بە دیوێکی دیکە، دۆناڵد ترەمپ دەبێتە سەرۆکێکی کەرتیی، یان ئەوەی من ناوم ناوە 1/3، بەو پێیەی دەستی لە زۆر بڕیار و پڕۆژەبڕیاری یاسایی و حکوومەت دەبەسترێت. لەگەڵ بوونی زۆرینەی دیموکرات لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دۆناڵد ترەمپ توانای تێپەڕاندنی یاسا سەرەکییەکان و بودجە فیدراڵییەکان لەدەستدەدات، هەرچەندە دەشڵێت کە لەگەڵ دیموکراتەکان هاوئاهەنگ دەبێت، بەڵام لەمەدا ئەستەمە بتوانێت بە تەواویی پابەندی ئەو بەڵێنەش ببێت. وێڕای ئەوەش، لە ئەنجوومەنی پیران لەو پرسانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە ناوتوانێت بە رەهایانە و وەکو خۆی دەیەویست بڕیار بدات. ئەوەشمان لە یاد نەچێت، ترەمپ لەبەردەم هێنان و بردنێکی زۆری لێپرسینەوەدایە، مەگەر لە پێناو ناوبانگی خۆی ملکەچ بێت و لە سنووری چوارچیوەکانی کۆنگرێس بە ماڵی سەرە و خوارەوە لە پیران و نوێنەران پابەندن نەبێت. ئیتر، لەمەودوا کۆشکی سپی لەبری داڕشتنی سیاسەتی نوێ، دەکەوێتە سەنگەری بەرگری لە بەرامبەر زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی لەسەر گەندەڵی، بەکارهێنانی ناڕەوای دەسەڵات و دۆسیە ئاڵۆزەکانی سەرۆکایەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی پەککەوتنی گەورەی داینەمۆی بڕیاردان لە واشنتن، کە کاریگەری لەسەر دۆخی دەرەوەش و پەیوەندییە .

بەڵێنە جێبەجێنەکراوەکان؛ بەردەوامیی جەنگ، تێچووی ژیان و گرانبوونی کەلوپەل و پشتکردنە هاوپەیمانان
وەکو لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کردووە، هەڵبژاردنەکانی ناوەراستی خول لەتەک چوارساڵیە گشتییەکاندا بە چیک و باڵانس، بە جۆرێک پارسەنگ و لێپرسینەوە دادەندرێن، ئەوەش وادەکات خەڵک و دەنگدەری ئەمریکا خۆی بگۆڕێت، ئەمەش لە زۆرینەی رەهای هەڵبژاردنەکان رووی داوە و رووش دەدات. واتا بە شێوازێکی دیکە، هاووڵاتیان خۆیان دەبنەوە بە دادوەر بەسەر پرۆسەی سیاسیی و یاسایی ئەمریکا، واتا دیموکراسی لە نایابترین دۆخی خۆیدا. روونە، هۆکاری بنەڕەتیی هەڵگەڕانەوەی دەنگدەران پەیوەستە بە قەیرانی ئابووریی رۆژانە و بەڵێنە بێئاکامەکانی ئیدارەکەی ترەمپ، خۆشی نایشارێتەوە کە جنگی ئێران کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەو دەرئەنجامە هەبوو. سەرەڕای بەڵێنە باقوبریقەکانی ترەمپ و ئیدارەکەی، بەهۆی درێژەکێشانی جەنگی ئێران، نەوەستانی جەنگی ئۆکرانیا، تا دەگاتە گرانی و هەڵاوسانی نرخەکان و بە گشتی و سووتەمەنی بە تایبەت، وای کرد دابەزاندنی هەڵاوسان و گەڕاندنەوەی بووژانەوە، بارگرانیی دارایی لەسەر شانی خێزانە ئەمریکییەکان دۆخەکە قورستر بکات؛ بەرزبوونەوەی بەرچاوی تێچووی کارەبا، بیمەی تەندروستی، سووتەمەنی و کەلوپەلی خۆراکی، چینی ناوەند و دەنگدەرانی بێلایەنی بەتەواوی نائومێد کرد و دەنگەکانیان کردە سزایەک بۆ سەر ئیدارەی کۆشکی سپی و پاداشتێکیش بۆ نەیارەکانی ئیدارەی ترەمپ لە جیهان، لە پێشیان ئێران و چین. کەواتا بە زەقیی، کشانەوەی بەشێکی بەرچاوی بنکەی سەرەکیی دەنگدەرانی ترەمپ بەهۆی بەردەوامیی جەنگەکان بوو. ترەمپ بە گوتاری جیاکەرەوەی "کۆتاییهێنان بە جەنگە بێکۆتاییەکان" و دوورخستنەوەی ئەمریکا لە سەرکێشییە سەربازییەکان خۆی ناساندبوو، کەچی کردارە ناکۆکەکانی و ئاڵۆزکردنی گرژییە نێودەوڵەتییەکان، دەنگدەرانی نەریتیی تووشی گومان کرد؛ ئەوان لە سندووقەکانی دەنگداندا ئامادە نەبوون قوربانی بە بەرژەوەندییەکانیان بدەن لە پێناو سیاسەتێکدا کە ڕوون نییە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت. لایەنێکی دیکەش پشتکردن و سەرکۆنەکردنی هاوپەیمانان نەریتی ئەمریکای لە سیاسەتی دەرەوەدا بە تەواویی گۆڕی بوو، هیچ متمانەیەکی بۆ هاوپەیمانانی ئەمریکا نەهێشتەوە.

 دەربازبوون لە ئیفلیجی؛ یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ و ماوەی 90 رۆژەکە و تۆڵەکردنەوە لە ئێران
لە روانگەی مێژووی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە، کاتێک سەرۆکەکان لە ناوخۆدا دەسەڵاتی یاسادانانیان سنووردار دەکرێت، روو لە سیاسەتی دەرەوە و کارتی سەربازی دەکەن تا دەسەڵاتی دەستووریی خۆیان وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بسەلمێنن و کەسایەتی خۆییان زاڵ بکەن. ترەمپ دەتوانێت کەلێنەکانی "یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگ" (War Powers Resolution) بقۆزێتەوە، کە رێگەی پێدەدات بۆ ماوەی 60 بۆ 90 رۆژ بەبێ رەزامەندیی پێشوەختەی کۆنگرێس فەرمانی هێرش و هەڵمەتی سەربازی لە دەرەوە بەکاربهێنێت و پەیڕەو بکات؛ ئەمەش مەترسیی بەکارهێنانی هێز بۆ دروستکردنی واقوڕمانێکی نەتەوەیی بەمەبەستی یەکخستنەوەی شەقام لە دەوری خۆی زیاد دەکات. لەوەدا ترەمپ تا راددەیەک لەو ماوەیە دەستکراوە دەبێت، بەڵام لە کۆنگرێس و لەسەر شەقامیش بەهەموو شێوەیەک لە دژی دەوەستنەوە و ناڕەزایی بەرفروانتر دەبێت. دۆناڵد ترەمپ بە گشتیش وەکو کەسێکی ناوەندگەرا و تاکڕەو دەناسێندرێت و رەخنەی لیدەگیرێت، بۆیە بە بڕوای من دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە لە رەواڵەتدا دەخاتە ئەستۆی کۆمارییەکان و رەخنەیان لێدەگرێت، بەڵام لە ناوەخۆیدا و لە خەیاڵدانی خۆیدا لە دژی ئێران، بە تایبەت، رقئەستوور دەبێت و دووریش نیە بە لایەنی کەم لۆمەی ئیسرائیل بکات. دەستپێکی لۆمەکردنی ئیسرائیلیشمان لە هەڵویستی بەر لە هەڵبژاردن بینی، کە ئاماژەی وەستاندنی هاوکارییەکانی بۆ ئیسرائیل کرد. لەم چوارچێوانەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەوێتە چەقی مەترسیدارترین سیناریۆکانەوە. لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی سیاسیی خنکێنەر لە واشنتن، ڕەنگە ترەمپ پەنا بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی کتوپڕ و بەرفراوان یان لێدانی بنکە ناووکیی و سەربازییەکانی ئێران بەرێت. ئەگەرچی دەستبردن بۆ ئەم سیناریۆیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە نێو گێژاوێکی وێرانکەرەوە، بەڵام لە حیساباتی تاکتیکیی ترەمپدا وەک کارتێکی بەهێز دەبینرێت بۆ بێدەنگکردنی نەیارە ناوخۆییەکانی و پیشاندانی وەک سەرکردەیەکی بێڕکابەر لە کاتی قەیراندا و ئەوەندەش گرنگی بە دەرەوە نادات.

لێکەوتەکان لەسەر نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
شکستی کۆمارییەکان تەواوی هاوکێشە هەرێمییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەهەژێنێت. حکوومەتی راستڕەوی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، کە گرەویان لەسەر دەسەڵاتی بێسنووری کۆمارییەکان کردبوو، ئێستا خۆیان لەبەردەم کۆنگرێسێکی دیموکراتدا دەبیننەوە، کە پێداگری لەسەر سنووردارکردنی فرۆشتنی چەک، مەرجدارکردنی هاوکارییەکان و چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ دەکات. وێڕای سنووردارکردنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل و سعوودیە. ئەمەش وا دەکات ئەو وڵاتانە دووجاری دۆخێکی سەخت ببن، واتا ئەو وڵاتانە نازانن لە نێوان بەرداشی ئیرانی هاوسێ و ناڕازیی و ترەمپ-ی بریندار و دۆڕاوی هەڵبژاردن بچنە کامە بەرەوە. هەرچەندیشە دەکرێت ترەمپ بە شێوەیەک لە شێوەکان زیاتر پەنا بۆ لۆمەکردنی ئەوانی دیکە ببات، بەڵام پرسیارە گەوهەرییەکە ئەوەیە ئاخۆ ترەمپ بە هیچ شێوەیەک دەتوانێت توڕەیی و بێهیوایی خۆی بخواتەوە و دەست بۆ جەنگ نەبات وەکو دوا کارت بۆ ئەوەی بتوانێت لەم دوو ساڵەی داهاتوو هیچ جۆرە دەستکەوتێک تۆمار بکات؟

پاشەکشەی زیاتری متمانە لە نێوان واشنتن و ئەوروپا و جەنگی ئۆکرانیا
لەودیوی دەریای ئەتڵەسییەوە، هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکا بە چاوێکی پڕ لە نیگەرانی و گومانەوە دەڕواننە گۆڕانکارییەکان. پاش هەوڵەکانی ترەمپ بۆ سەپاندنی سەرانە بەسەر ناتۆ و دەستوەردان لە دۆسیەکانی وەک گرینلاند و دانیمارک، پایتەختە ئەوروپییەکان ئێستا بەڕوونی دەبینن، کە پێگەی ترەمپ لاواز بووە و بەرجەستەی زۆرینەی ئەمریکا و ئەنجوومەنە هاوسەنگەکانی دەسەڵاتی یاسادانان و سیاسی و دادوەری ناکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ترسیان لە هەڵوێستی هەڕەمەکی و تۆڵەسەندنەوەی سەرۆکی ئەمریکاش دەبێت، کە ڕەنگە سزای گومرگی بەسەر کەلوپەلی ئەوروپیدا بسەپێنێت بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستە ناوخۆییەکانی. لە لایەکی دیکەشەوە مشڵەژانی دەسەڵات لە واشنتن ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەرەی جەنگی ئۆکراینا دەبێت. لە کاتێکدا دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی پاراستنی یارمەتییە سەربازییەکان دەدەن، پێدەچێت ترەمپ کارتی ڤیتۆ یان ڕێگرییە داراییەکان بەکاربهێنێت بۆ گوشارخستنە سەر کێیڤ تا سازش لەگەڵ مۆسکۆ بکات، دۆسیەیەک کە بەرۆکی گرتووە و بەڵێنی ٢٤ کاتژمێری بۆ چارەسەری پرسەکە دابوو، لە کاتێکدا جەنگەکە لەوە نزیک دەبێتەوە چوار ساڵیش رەت بکات. بۆیە ئەم دۆخە پڕ لە ناکۆکییە ئەوروپییەکان ناچار دەکات بە کردەیی هەنگاو بەرەو "سەربەخۆیی ستراتیژی" و پشتبەستن بە توانا بەرگرییە سەربەخۆکانی خۆیان بنێن، هەر لەو چوارچێوەیەشەوە کەنەدا دەکەنە ئەندامی هاوبەش و لەگەڵ بەریتانیاش لەسەر هیڵن بۆ هاتنە ناوەوەی یەکێتیە کۆنفدڕاڵییەکەیان.

داهاتووی دیموکراسی لە ئەمریکا و جیهان لە سایەی سەرۆکێکی پێشبینینەکراوی شکستخواردوودا
ئەزموونی دەسەڵاتی ترەمپ لە دوو ساڵی داهاتوودا نموونەی سەرۆکێکی دەسەڵاتدار بەڵام دەستبەستراو (Lame Duck) دەبێت، کە بە ڕوانینێکی قینلەدڵانە بەرامبەر دامەزراوەکان مامەڵە بکات. هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر میدیا، دادگاکان، هەڵبژاردن و کۆنگرێس نەک هەر دانامرکێن، بەڵکو توندتر دەبن؛ ئەمەش ئاستی جەمسەربەندیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەمریکادا دەگەیەنێتە لووتکەیەکی بێوێنە و متمانەی گشتی بە بنەماکانی دیموکراسیی لیبڕاڵ دادەڕمێنێت. بەمەش دۆخی ئاساییش، ئارامیی و ئابووری ئەمریکا تەواو لەرزۆک و لاواز دەکات. پشێبینی دەکرێت لە کاردانەوەی پەرجەکردارە تۆڵەسێنەکانی ترەمپ ئەمریکا لێشاوی خۆپێشاندان و ناڕەزایی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و دۆخی ئابووری جەمسەرگیر و سەختتر ببێت. کەواتا ئەم دوو ساڵەی تا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2028 دەمێنێتەوە، قۆناخەکە یەکێک دەبێت لە پڕمەترسیدارترین قۆناخەکانی مێژووی هاوچەرخ. ترەمپ وەک کەسایەتییەک کە قبووڵی شکست ناکات، ڕەنگە لەنێوان دروستکردنی قەیرانی سەربازیی دەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێکدانی یەکڕیزیی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا یاری بکات بۆ ئەوەی سەرنجی گشتی لە شکستە ناوخۆییەکانی دووربخاتەوە؛ ئەمەش جیهان دەخاتە بەردەم دوو ساڵی پڕ لە نادڵنیایی لەژێر سێبەری سەرۆکێکی کۆشکی سپی کە هیچ شتێکی نییە لەدەستی بدات. ویڕای ئەوەش دەرگەی دۆزەخ بە رووی پارتی نەریتی و پارێزگاری کۆماری دەکاتەوە، کە رەنگە بە سێ خولیش نەتوانن قەرەبووی ئەو شکستە بکەنەوە، دۆخێک کە دوو ساڵی دووەمی ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش بە بیر دەهێنێتەوە، کاتێک وێڕای پێکانی ئامانجە سەربازییەکانی، زیانە گیانییەکانی سوپا و تێچووەکانی بەرۆکی متمانەی پارتی کۆمارییان گرت و دواتریش قەیرانی سەرکردایەتی زیاتر پارتەکەی لە ناتەباییدا هێشتەوە، کە ترەمپ بە ئێستا و بە دژایەتی ئاشکرای بۆ هەندیك کەسایەتی کۆماریی دیار پەرتتری کردووە.