ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
متمانەی میللەت و خزمەتگوزاریی بە كردار
لە رێوڕەسمی خولی بیستەمی پەیمانگای پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی گرنگی بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان حزب و میللەت كردەوە. لەو رێوڕەسمەدا سەرۆک بارزانی چەندین بابەتی گرنگی گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و پێشهاتەکانی نێوان هەولێر و بەغدای خستەڕوو، ئەوەی لە هەموو لایەنەکان زیاتر شایەنی باسكردنەوەو سەرنجی راكێشام، رێنمایییەکانی بوو بۆ کادیران کاتێک فەرمووی: ( ئەو زانست و زانیارییەی لە پەیمانگاکە فێری بوون، بیکەنە کردار و بیخەنە خزمەت میللەتەکەتانەوە، چونکە گەورەترین سەرمایە میللەتە). ئەوەشی وروژاند ئەگەر میللەت لەگەڵمان بێت لەخوا بەدەر منەتی هیچ كەسمان نییە، ئەگەر بڕوای میللەت لەدەست بدەین فەوتاوین.
ئەم لێدوانە قووڵە بەرەو تێڕوانینێكی مێژوویی و سیاسی دەمانبات، بەتایبەتی لە چەمكی دەسەڵات و حوكمڕانی باش دا. لە هزری مەلا مستەفا بارزانی شانازییە مرۆڤ خزمەتكاریی میللەتی خۆی بێت، هەر بەم هزرە بەردەوام بین لە خزمەتكردنی میللەت و گوێگرتن لە خواست و داواكارییەكانیان، دەبینە جێگای متمانەی تەواویی هاوڵاتیان و ئەو متمانەیە لەدەست نادەین كە لە شۆڕش و خەباتدا مەلا مستەفا بارزانی پەیڕەوی كردووە، لێرەدا رەنگە مێژووەكەو واقیعەكە جیاوازی هەبێت بەوەی ئاڵنگاریی و ئاستەنگەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووەو بەرژەوەندییەكانی بەغدا و هێزە ناوچەییەكان جیاوازتر دەردەكەوێت، بەڵام هەرگیز متمانەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی نابێت كەلێنی تێبكەوێت، ئەمە ئەركێكی هەمەلایەنەیە و نابێت زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان و گەمارۆو شەڕی ئابووری بەغدا و گرفت و ئاستەنگەكان لەسەر حسابی بارگرانی هاوڵاتیان و ناڕەزایەتی ئەوان بێت، هەر خۆی لەخۆیدا لەفەلسەفەی دیموكراسیدا پارتە سیاسییەكان بۆ ئەوە هەڵبژاردن دەكەن تاوەكو متمانەی خەڵكی بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی لە ئەركی جێبەجێكردنیاندا خزمەتی هاوڵاتیان بكەن و لە خولێكی دیكەی هەڵبژاردندا ژمارەی دەنگەكان و كورسییەكانی ناو پەرلەمانیان زیاتر بێت، کاتێک پارتێكی سیاسی دەسەڵات دەگرێتە دەست، دەبێت خزمەتگوزارییەکان بگەیەنێتە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە و بەدادوەریش بێ جیاكاریی خزمەتی هەمووان بكات، تەنانەت ئەوانەش کە دەنگیان پێ نەداوە، چونکە لەو چرکەساتەوە پارتی زۆرینە دەبێتە نوێنەری گشتیی نیشتمان نەک تەنیا نوێنەری لایەنگرانی خۆی.
رەنگە خوێنەر ئەو پرسیارەی لا دروست بێت باشە ئەگەر ئەمە فەلسەفەو ئامانجی دیموكراسی و هەڵبژاردن بێت ئەی بۆچی پەرلەمان كارا ناكرێتەوەو ڕاگەیاندنی كابینەی نوێی حكوومەتییش وا بۆ دوو ساڵ دەچێت دوادەخرێت؟ ئەمە خۆ دزینەوەو دەستێوەردانی دەرەكییە لەناو كاروباری حزبە كوردستانییەكانن لەلایەك نایانەوێت لە ئەزموونی حوكمڕانیدا پارتی زۆرینە سەركەوتوو بێت ، لەلایەكی دیكەوە خوازیاری بەردەوامی مەینەتی و گرفتەكانی هاووڵاتیانن تاوەكو ماكینەی ئیعلامی هەر هیچ نەبێت بابەتێكی هەبێت بۆ باس كردن، راستییەكەی ئەوەیە ئەوان نایانەوێت پێناسەی خۆیان لە پارتێكی سیاسییەوە بگۆڕن بۆ نوێنەرایەتی هەموو خەڵك ، هەروەكو چۆن لە رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو ئاستەنگە قورسانەی دارایی و سیاسی و ئابووری و كۆڕۆناو بڕینی بودجە و نەوت و مووچە و وشكەساڵی و گەمارۆی ئابووری و مووشەكباران خۆیان دزییەوەو تەنانەت ئەو لایەنەشیان تۆمەتبار نەكرد كە لەپشت هەموو ئەو تاوانكاریی و جینۆسایدەوە بوو، بەڵێ بڕینی قووتی خەڵك و گەمارۆی ئابووری و سزای گەل جینۆسایدە، خۆ ئەگەر هاوكار و یارمەتیدەریش نەبن كەچی ئاستەنگ و رێگریش دادەنێن لەبەردەم دامەزراوەیەكی شەرعی و یاسایی وەكو پەرلەمان و جێبەجێكاریی وەكو كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لەمەش خراپتر و مەترسیدارتر ئەوانەی بەنوێنەرایەتی میللەتی كورد چوونەتە بەغدا و لەناو پەرلەماندا لەبری ئەوەی بەرگریی لەمافە سەرەتاییەكانی زمان و ئاڵاو پشكی لە 14%ی بودجە بگرن، كەچی بوونەتە دەمڕاستی دژایەتیكردنی مافە دەستووری و شەرعییەكانی خەڵكی كوردستان.
لە پرۆسەی دیموكراتی دا هەرگیز نابێت پارتی سیاسی خۆی لەبەردەم بەرپرسیارێتیدا بشارێتەوە و بەردەوام رێگای چارەسەری گرفت و كێشەكان بگرێتەبەر، رووبەرووبوونەوەو چارەسەر و كەمبوونەوەی شوێنەوارەكانی پەتای كۆڕۆنا و شەڕی داعش و وشكەساڵی و كەمئاوی و كەڵەكەبوونی كەسانی بەساڵاچوو لەبەردەم بانكەكان بۆ وەرگرتنی مووچەكانیان و گەمارۆو شەڕی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ بەغدا هەمووی بەڵگەن بۆ هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە، بەڵام لێرەو لەوێ كێشە هەر ماوەو ئازار و مەینەتییەكانی میللەت لەم قەیرانە نێودەوڵەتی و ناوچەیی و عێراقییەدا لەچەندین سێكتەری جۆراوجۆر دیارو لەبەرچاون و سەرۆكی حكوومەت دانی پێداناوەو بەرپرسیارێتیشی هەڵگرتووە ، لەگەڵ هەموو ئەمانە دواجار هەموو چاوەكانمان هەر لەسەر بارزانییە بۆ چارەسەركردن و دەربازبوون لەم قەیران و گرفتانە، ئەوەتا رێنماییەكانی مەرجەعی كوردستانیان هەر لەسەر ئەو بنەما نەگۆڕەیە كە هەمیشە لەوتارەكانیدا جەختی لەسەر دەكاتەوە.. خەڵك و پێشمەرگە پێكەوە قەوارەی هەرێم دەپارێزن، ئەم پێكەوەییەش بێ میللەت بوونی نییە، میللەتێك كە لەپشت سەرۆكەكەی راوەستابێت، ئەمەش لە بنەماكانی گوتارەكەی بارزانی دەردەكەوێت كاتێك پێی وایە پارتی سیاسی تەنیا ئامڕازێكە بۆ خزمەتكردنی میللەت، ئەو میللەتە مەزڵوومەی كە بەردەوام كەوتووەتە بەر رەحمەتی هێزەكانی عێراق و توركیا و ئێران، بۆیە مەرجەعی كوردستانییان بەڕوونی لەناواخنی گوتارەكەیدا بەكادیرانی پارتی گوت و ئەو راستییە فەلسەفیی و مێژوویەی دەرخست كە مانەوە و سەرکەوتنی هەر قەوارە و هێزێکی سیاسی لە کوردستان، تەنیا لە رێگەی ڕێزگرتن لە مافەکانی هاووڵاتیان و پاراستنی کەرامەت و بژێویی ئەوانەوە زامن دەکرێت، چونکە لە کۆتاییدا هەر میللەت و متمانەكەیەتی سەرمایەی راستەقینەی پارێزەری قەوارەی هەرێم و بەهێزبوونێتی.