خەدیجە ئەسکەندەر
نووسەر
لە پێکدادانی شارستانییەتەکانەوە بۆ جەنگی ئابووری
هاوکێشەی نوێی ئەمریکا بەرامبەر ئێران
لەدوای وتارەکەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە 7ی ئۆکتۆبەری 2026 لە ئەسینا، وێنەی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران رەهەندێکی قووڵتر و فراوانتری وەرگرت. رۆبیۆ ئەم کێشمەکێشەی تەنیا وەک ململانێیەک لەگەڵ دەوڵەتێکی تۆتالیتار باس نەکرد، بەڵکو وەک بەشێک لە "پێکدادانی شارستانییەتەکان" نیشانی دا، واتە بەرەنگاربوونەوەی نێوان شارستانییەتی رۆژئاوا و ئیسلامگەرایی سیاسی. ئەم دیدە ئایدیۆلۆژییە پیشانی دەدات کە واشنتن تەنیا لەسەر ئاستی سیاسی و ئەتۆمی لەگەڵ تاران لە رکابەریدا نییە، بەڵکو پرسەکە دەباتە ئاستی پاراستنی بەهاکان و ئایدۆلۆژیا و میراتی مێژوویی رۆژئاواوە.
سەبارەت بە دۆسیەی سەربازی و سیاسی، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە هەستیارترین قۆناخی مێژوویدایە. هێرشە گەورەکەی 28ی شوباتی 2026 کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا، سەرەتا ئامانجی فراوانی وەک گۆڕینی سیستمی سیاسیی ئێرانی لە پشتەوە بوو، بەڵام دواتر بە راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکان لە 8ی نیسانی 2026، هاوکێشەکان گۆڕدران.
ئێستا ترەمپ لەلایەک باسی گفتوگۆ و رێککەوتن دەکات، لە لایەکی دیکەوە گەمارۆ ئابوورییەکان و جموجووڵە سەربازییەکان بەردەوامن. جیاوازیی قووڵ لە نێوان لەپێشینەکانی هەردوولادا هەیە، ئەمریکا جەخت لەسەر نەهێشتنی چەکی ئەتۆمیی ئێران، کۆنترۆڵی گەرووی هورمز و بڕینی هاوکاریی هێزە پڕۆکسییەکان دەکاتەوە، لە بەرامبەردا ئێران داوای هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوورییەکان و بەتایبەت گەمارۆی کەناراوییەکانی دەکات.
یەکێک لە خاڵە یەکلاکەرەوەکانی ئەم قەیرانە، کارتی ستراتیژیی "گەرووی هورمز" بوو. داخستنی ئەم رێڕەوە ئاوییە لەلایەن ئێرانەوە لە 17ی شوباتی 2026، نرخی وزەی لە جیهاندا بەرز کردەوە و ترەمپی ناچار کرد چەندین هەنگاوی سەربازی بنێت، لەوانە راگەیاندنی "پڕۆژەی ئازادی" لە 3ی ئایار بۆ کردنەوەی گەرووەکە بە زەبری هێزی سەربازی، کە بەهۆی نیگەرانیی وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت سعوودیە، دوای 36 کاتژمێر راگیرا. لە بەرامبەردا، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی مارکۆ رۆبیۆ لە کۆتاییی حوزەیرانی 2026 و دروستکردنی رێڕەوێکی کەشتیوانیی نوێ لە نزیک کەناراوەکانی عومان، کاریگەریی ستراتیژیی ئێرانی لەو ناوچەیەدا زۆر کەم کردەوە. ئەمەش کاردانەوەی توندی تاران و هێرشی سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی لێکەوتەوە، کە لە ئەنجامدا ئەمریکای ناچار کرد هێرشی ئاسمانیی بەرفراوان ئەنجامبدات و توندترین گەمارۆی ئابووری لە 24ی ئابدا بسەپێنێت.
بۆ پەکخستنی توانای دارایی ئێران، ئیدارەی ترەمپ لە 20ی ئابی 2026 دەستپێکردنی گەورەترین هەڵمەتی گوشاری ئابووری بە ناوی (Operation Economic Fury) راگەیاند.
ئەم ستراتیژییە فرەڕەهەندە چەند ئامانجێکی سەرەکیی هەبوو:
یەکەم: سەپاندنی سزای لاوەکی (Secondary Sanctions) بەسەر هەر بانک و قەوارەیەک کە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات، وەک سزادانی بانکی IDB لە عێراق و بانکی "گۆڵدەن گڵۆباڵ" لە تورکیا.
دووەم: وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی وزە و بەرەنگاربوونەوەی کەشتیگەلی سێبەر و بازاڕە دیجیتاڵییەکان.
سێیەم: داخستنی هێڵە ئاسمانییەکان و کەمکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی دراوسێکان لەگەڵ تاران.
ئامانجی کۆتایی ئەم جەنگە ئابوورییە ئەوەیە کە ئێران لە ناوخۆدا تووشی داڕمان و راپەڕین بێت و ناچار بە قبووڵکردنی مەرجەکانی واشنتن بێت.
لە رووی سیناریۆکانی داهاتووەوە، ئێستا ئێران لەبەردەم سێ بژاردەی سەختدایە:
سیناریۆی یەکەم: گەیشتنە بە رێککەوتنێکی گشتگیر، کە بەهۆی رەتکردنەوەی گەڕانەوە بۆ یاداشتنامەی پێشوو لەلایەن ترەمپ و پێداگریی ئێران لەسەر پرسی ئەتۆمی، کارێکی زۆر ئەستەمە.
سیناریۆی دووەم: بەبنبەستگەیشتنی گفتوگۆکان و درێژەدانە بە گەمارۆ ئابوورییەکان، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و بابولمەندەب لەلایەن تارانەوە بۆ دروستکردنی قەیرانێکی جیهانیی وزە.
سیناریۆی سێیەم و مەترسیدارترینیان: هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوانی سەربازییە، بەتایبەت کە لێدوانەکانی 13 و 15ی ئۆکتۆبەری 2026ی ترەمپ و ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل پێش هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەر، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەمریکا لە رێگەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکە ژێرزەوینییەکان، دەیەوێت کار لەسەر لاوازکردنی یەکجارەکیی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بکات، بەبێ ئەوەی هێزی زەمینی بنێرێت، بە ئامانجی ئەوەی رژێمەکە لە ناوخۆوە بڕووخێت.
بەڵام لە پشت هەموو ئەم هاوکێشە سەربازی و سزا و مانۆڕە ئابوورییانەوە، راستییەکی شاراوە هەیە: نە ئەمریکا بەم جەنگە ئابوورییە دەگاتە سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نە ئێرانیش دەتوانێت تا سەر بەرگەی باج و فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بگرێت. لەراستیدا پێموایە کە جەنگی ئابووری، بە پێچەوانەی جەنگی سەربازی، کاتێکی دیاریکراوی کۆتایی نییە، هەر بۆیە ئەگەری زۆرتر ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەجیاتی رووخانی رژێم یان جەنگێکی بەرفراوان، بینەری دروستبوونی "واقیعێکی نوێی ماندووبوون" (Stalemate of Attrition) بێت. ناوچەکە نە دەچێتە ناو ئاشتییەکی گشتگیرەوە و نە بە تەواوی دەتەقێتەوە، بەڵکو دەکەوێتە قۆناخی بێدەنگییەکی مەترسیدار کە تێیدا ئابووری وڵاتەکان و سووتەمەنیی جیهانی دەبنە قوربانی سەرەکی.