د. سامان سۆرانی
نووسەر
کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکڕیزی بژاردەی هەرێمی کوردستانە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە هەرێمییەکان
لە دۆخێکی جیهانی و هەرێمی، کە بە گۆڕانی سیستمی نێودەوڵەتی، داڕشتنەوەی نەخشەی ستراتیژی و گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز دادەنرێت، سیستمی سیاسیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ژینگەیەکی نائارام و دژواری سیاسی و ئابووری بوونەتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، لە روانگەی تیۆرییەکانی سیستمی نێودەوڵەتی و ستراتیژەوە، ناوەندە ئەکادیمی، سیاسی و بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەکان سەرنجی خۆیان چڕ کردووەتەوە سەر پێگەی هەولێر، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرگری و توانای بەرگەگرتنی دامەزراوەیی ئەم قەوارە دەستوورییە، لەگەڵ پێوانەکردنی توانا و فاکتەرەکانی بۆ خۆگونجاندن و بەردەوامی لەم ژینگە ناسەقامگیرەدا.
لە سایەی ئەم هاوکێشە جوگرافی و سیاسییە ئاڵۆزانەدا، هەنگاوی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەك پێویستییەکی دامەزراوەیی هاتە ئاراوە، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بۆشایی یاسایی و گەڕاندنەوەی پێگە، کاریگەری و ئیعتباری سیاسی بۆ سەرەکیترین دامەزراوەی دەستووریی هەرێم.
سەرەڕای ئەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان وەك پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر سەیر دەکرێت بۆ چەسپاندنی باڵادەستیی یاسا و راییكردنی کاروباری هاووڵاتییان، بەڵام هاوکات جەخت لەوە دەکرێتەوە کە کاراکردنەوە نابێت تەنیا ئامانج بێت، بەڵکو پێویستە وەکوو ئامرازێکی ستراتیژ بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی گشتگیری سیاسی رەفتاری لەگەڵ بکرێت.
ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە پێگەی بەهێزی هەرێم هەرگیز لە پەراوێزخستن یان زاڵبوونی لایەنێك بەسەر لایەنێکی تردا نەبووە، بەڵکو لە رێککەوتنی نیشتمانی و هاوبەشیی راستەقینەدا رەنگی داوەتەوە.
کاراکردنەوەی پەرلەمان کاتێك گەورەترین بەهای نیشتمانیی دەبێت ئەگەر ببێتە چەترێکی کۆکەرەوەی ئیرادەی سەرجەم پێکهاتە و هێزە سیاسییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزە نیشتمانییەکان.
نەبوونی رێککەوتنی گشتگیر لە قۆناغێکی کارگێڕی، بە مانای داخستنی دەروازەی دیالۆگ نایەت، بەڵکو پێویستە ببێتە پاڵنەرێك بۆ سەرجەم لایەنە سەرەکییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنە کاریگەرەکان، تاوەکو دەست بە خولێکی نوێ و چڕی گفتوگۆی بەرپرسیارانە و ڕاشکاوانە بکەن.
هاوبەشیی جدی لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی دۆسیە ستراتیژییەکان، تەنیا دابەشکردنی پۆستەکان نییە، بەڵکو دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانە لەبەردەم گەلەکەماندا.
ناوەندە بڕیاربەدەستە هەرێمییەکان بە ڕوونی دەزانن، کە خاڵی هێزی کوردستان لە یەکخستنی گوتاری سیاسی و هاوکاریی دامەزراوەکانیدا خۆی دەبینێتەوە، هەر دابەشبوونێکی ناوخۆیی یان هەستکردن بە پەراوێزخستن، بۆشاییەك دروست دەکات کە لەوانەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێم و مافە دەستوورییەکانی بەکار بهێنرێت.
پاراستنی قەوارەی هەرێم، مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکان و پاراستنی سەقامگیرییەکەی، هەموومان ناچار دەکات کە سەرخستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان بەسەر حیساباتە حزبییەکان هەڵبژێرین، چونکە دۆخی هەستیاری عێراق و ناوچەکە ڕێگەی ئەوەمان پێ نادات باجی ململانێی درێژخایەن بدەین.
بۆ ئەوەی ئەم هەنگاوە پەرلەمانییە بکرێت بە دەستکەوتێکی نیشتمانیی گشتگیر، بەرژەوەندیی باڵای هەرێم پێویستی بەوەیە کە کار لەسەر دیالۆگێکی خێرای هاوسەنگ بکرێت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بکرێتە دەروازەیەك بۆ لێکتێگەیشتنی قووڵتر لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی و هێزە سیاسییەکان، بە ئامانجی پێکهێنانی کابینەیەکی حکوومیی بەهێز و نوێنەرایەتیکەری هەمووان.
هاوکات پێویستە دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ بە گیانێکی نیشتمانی و بێلایەنانە کار بکات و لە پێشینەی کارەکانیشیدا ئەو یاسایانە جێگیر بکات کە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان و گوزەرانی مووچەخۆرانەوە هەیە، لەگەڵ ڕێککەوتن لەسەر دیدگا و تێڕوانینێکی دیپلۆماسی و سیاسیی یەکگرتوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و ژینگەی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتاییدا: مێژوو شایەتە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە لە ئاست بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەیدا بووە، خاوەنی هەنگاوی بوێرانە بووە کاتێك قەیرانەکان مەزن بوون، قەڵغانی پارێزەری دەستکەوتەکانی کوردستان بووە.
لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە هێزی کوردستان هەمیشە لە یەکڕیزی و هاوئاهەنگیی نیشتمانییەوە سەرچاوەی گرتووە، پێویستە کاراکردنەوەی پەرلەمان وەکوو دەروازەیەکی بنەڕەتی بۆ چەسپاندنی هاوبەشیی ڕاستەقینە لێکبدرێتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو ئاراستەی ڕاست، تاوەکو ئیرادەی هەمووان بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر، سەقامگیرتر و گەشەسەندووتر ئاسۆیەکی ڕوونی هەبێت.