مستەفا بارزانی و رێبازی وەرچەرخانی ستراتیژ لە مێژووی هاوچەرخی کورد

مستەفا بارزانی و رێبازی وەرچەرخانی ستراتیژ لە مێژووی هاوچەرخی کورد
مستەفا بارزانی و رێبازی وەرچەرخانی ستراتیژ لە مێژووی هاوچەرخی کورد

مێژوو تەنیا تۆمارکردنی زنجیرەیەك ڕاستی و ڕووداو نییە، بەڵکو لە ڕوانگە فەلسەفییەکەیەوە، گۆڕەپانێکە تێیدا ویست و ئیرادە بۆ داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەکان و ئافراندنی وەرچەرخانە مەزنەکان دەکەونە ململانێ. 

لەم روانگە هزرییەوە، سەرکردە مێژووییە دیارەکان بەپێی رێکەوتە جیوپۆلیتیکییە کاتییەکان دەرناکەون، بەڵکو وەکوو پێویستییەکی مێژوویی و خواست و ئارەزووی قووڵی گەلان دێنە مەیدان بۆ ئەوەی لە پێناو ئازادی، مانەوە و دەستەبەرکردنی شەرعییەتی گەلەکانیان هەنگاو بنێن.

لەژێر رۆشنایی گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییە هاوچەرخەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەسایەتیی مستەفا بارزانی وەکوو باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد، سنووری سەرکردەیەکی سەربازیی ناو دۆڵ و چیاکانی کوردستانی تێپەڕاندووە و رەهەندێکی مێژوویی فراوانتری لەخۆ گرتووە. 

بوونی مستەفا بارزانی وەکوو ئەندازیارێکی ستراتیژ، فەیلەسوفی رێبازی نەتەوەییی کورد و سەرکردەیەکی مێژوویی، بە جۆرێك بەرجەستە بوو، کە توانی بە داناییەکی بەرچاو و کاریزمایەکی دەگمەن، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی لە چوارچێوە نەریتی و تەسکەکەی بگوازێتەوە بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی رێکخراو و فراوان، کە خاوەنی ئاسۆیەکی نیشتمانیی گشتگیر بێت.

لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 (کە بەڵێنەکانی پەیماننامەی سیڤەری ساڵی 1920ـی هەڵوەشاندەوە)، کاتێك ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی کەوتنە بەر دابەشکارییە نادادپەروەرانەکان و نەخشە پلان بۆ داڕێژراوەکان، رابەری کورد، مستەفا بارزانی، دۆکترینێکی تۆکمەی داڕشت کە لەسەر مافی رەسەنی بڕیاردانی چارەنووس بونیاد نرابوو. 

بەمەش، دۆزی کوردی لە کێشە ناوخۆییەکان و یاخیبوونێکی هەرێمیی پەرشوبڵاوەوە گۆڕی بۆ دۆزێکی دادپەروەرانە بە رەهەندێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە لە مێژووی کورد و جیهاندا جێگەی بایەخێکی مەزنە.

کاریزمای نەتەوەییی مستەفا بارزانی لە توانای لە رادەبەدەری لە یەکخستنی ریزەکانی کۆمەڵگەی کوردی و تێپەڕاندنی دابەشکارییە هۆزی و ناوچەیییەکان دەردەکەوت، کە هەمیشە هێزە هەرێمییەکان بۆ لێکترازانی یەکڕیزیی کورد پشتیان پێ دەبەست. ئەوە بارزانی بوو کە توانی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و رۆحیی نەتەوەییی رەسەن لەگەڵ هۆشیاریی سیاسیی هاوچەرخ ئاوێتە بکات، تاوەکو ببێتە هەوێن و هێمایەکی کۆکەرەوە کە سەرجەم توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە دەوری کۆببنەوە.

لەسەر ئاستی دیپلۆماسیشدا، تێڕوانینی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە سەردەمی جەنگی سارد، مۆدێلێکی پێشکەوتووی پراگماتیزمی سیاسیی نمایش کرد و سەلماندی کە تێگەیشتنێکی قووڵی بۆ هاوسەنگییە نێودەوڵەتییە هەستیارەکان هەیە. 

سەرەڕای زەقیی جەمسەربەندیی نێوان هەردوو بەرەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات، مستەفا بارزانی بە واقیعبینیی سیاسی و سەرکردایەتییەکی حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو هاوکێشەیەدا کرد بە ئامانجی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان. 

بارزانی لە کۆماری مهاباد لە ساڵی 1946دا بەرپرسیارێتیی بەرزترین پلە و دیارترین سەرکردایەتیی سەربازیی لە ئەستۆ گرت، و دواتر بە رێپێوانە مێژووییەکەی بەرەو خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو لەگەڵ سەدان لە پێشمەرگە و هەڤاڵانی، کە بووە ئەزموونێکی کەم هاوتا و مێژوویی، توانی لاپەڕەیەکی پرشنگدار لە مێژووی نەتەوەکەی تۆمار بکات.

ئەمە ئەو قۆناغە بوو کە مستەفا بارزانی لە نێوان ساڵانی 1947 و 1958دا وەبەرهێنانی تێدا کرد بۆ راهێنانی لێهاتووییە سیاسی و سەربازییەکان و پێشخستنی بیرۆکەی رێکخستن و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی بۆ عێراق لە دوای شۆڕشی 14ـی تەمموزی 1958دا، هێزێکی تۆکمە و بەدیسپلین دابمەزرێنێت، کە لە مێژووی گەلی کوردستان بە «هێزی پێشمەرگەی کوردستان» ناسرا. ئەو هێزەی کە ئەمڕۆ هێمای هەمیشەیی دلێری و بەرگرییە لە بوونی کورد و کوردستان.

کاتێ یەکێتیی سۆڤیەت لە پشتگیریی داواکارییەکانی گەلی کورد پاشەکشەی کرد لەبەرامبەر جێگیرکردنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی بەغدا، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بڕیارێکی ئازایانەی دا بە دووبارە ئاراستەکردنەوەی کۆمپاسی دیپلۆماسی بەرەو کرانەوە بەڕووی بەرەی رۆژئاوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەمەش سەلماندی کە خاوەنی توانایەکی باڵایە لە خوێندنەوەی وردی گۆڕانکارییە جیوپۆلیتیکییەکان و نەبەستنەوەی چارەنووسی گەلەکەی بە یەك ئایدۆلۆژیاوە.

سەرەڕای هەبوونی ئاڵنگاریی گەورە و پلانی نێودەوڵەتی، کە لە بەرژەوەندییە بەیەکگەیشتووەکانەوە دادەڕێژرا، بەتایبەتی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975 لە نێوان شای ئێران و حکوومەتی عێراق، کە شۆڕشی کوردی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە، بەڵام ئەو قۆناخە یەکەم بەردی بناخەی بەهێزی بۆ رێڕەوی دیپلۆماسیی کوردی دانا و وەرچەرخانێکی بنەڕەتیی دروست کرد و سەلماندی کە ئیرادەی نەتەوەیی کورد بە شکستهێنان دەستەمۆ نابێت.

لە سەردەمی هاوچەرخدا، دۆکترین و رێبازی مستەفا بارزانی وەکوو مەشخەڵێکی ستراتیژ دەدرەوشێتەوە و رێڕەوی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی ئاراستە دەکات. یەکگرتوویی نیشتمانی، پاراستنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی، هاوسەنگکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، و بەستنەوەی خەباتی نیشتمانی بە بەها دەستووری و مرۆڤایەتییەکانەوە، هەموو ئەمانە درێژکراوەیەکی زیندووی ئەو فەلسەفەیەن کە ڕێگەی خۆش کرد بۆ ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و دامەزراندنی یەکەم قەوارەی دەستووری و سیاسیی دانپێدانراو بۆ هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا، خوێندنەوەی فەلسەفی و شیکاریی گشتگیر بۆ ئەم رێبازە نەمرە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هزری سیاسی و دیپلۆماسیی مستەفا بارزانی تەنیا پەرچەکردارێ نەبووە لە بارودۆخە مێژوویییەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو قوتابخانەیەکی سەربەخۆ بووە، کە چەمکەکانی سەروەری، مافی مێژوویی و شەرعییەتی نێودەوڵەتیی چەسپاندووە، تاوەکو رێبازەکەی وەکوو کۆڵەکەیەکی زانستی و سیاسیی تۆکمە بمێنێتەوە. 

هەر ئەوەش وا دەکات، مستەفا بارزانی وەکوو ڕۆحی نەتەوە و هێمایەکی نەمر لە بیر و ویژدانی نەوەکانی کوردستان، ئەوانەی کە بڕوایان بە ئازادی، سەروەری و ژیانی سەربەرزانە هەیە، بۆ هەمیشە رەگ دابکوتێت.

دکتۆر سامان سۆرانی