مەترسییەکانی پەرتەوازەیی: بۆچی یەکگرتوویی دامەزراوەیی پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەرێمی کوردستان؟

مەترسییەکانی پەرتەوازەیی: بۆچی یەکگرتوویی دامەزراوەیی پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەرێمی کوردستان؟
مەترسییەکانی پەرتەوازەیی: بۆچی یەکگرتوویی دامەزراوەیی پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەرێمی کوردستان؟

کاراکردنەوەی ئەم دواییەی پەرلەمانی کوردستان، لەبری ئەوەی نیشانەی سەرکەوتنی کۆدەنگییەکی دیموکراسی بێت، نابەرپرسیارێتی و پەرتەوازەیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی دەرخست.

کاردانەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی و هۆشداریدان لە گەڕانەوە بۆ سیستەمی "دوو ئیدارەیی"، تاریکترین بەشەکانی مێژووی دوای ساڵی 1991ـی هەرێمەکەمان بیردەخاتەوە. ململانێ ناوخۆییەکانی ساڵانی نەوەدەکان، کە هەرێمەکەی دابەشکرد بۆ قەڵەمڕەوی هەولێر و سلێمانی، گەشەسەندنی ئابووریی وەستاند و زیانی بە دامەزراوەکانی هەرێمەکە گەیاند، تاوەکو رێککەوتنی ستراتیژی و کابینەی یەکگرتووی 2006.

دووبارە دەستبردنەوە بۆ دابەشکردنی ئیدارە، کردەوەیەکی خۆکوژیی سیاسییە؛ چونکە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ناوچەیەکی دابەشبوو لە بنەڕەتدا هێزی دانوستاندنی خۆی لەدەست دەدات، هەولێر و سلێمانییەکی پەرتەوازە لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجە، مافە دەستوورییەکان و کێشە ناوچەییەکان، خۆیان زۆر بە لاوازی دەبیننەوە، جگە لەوەش، ئەمە بانگهێشتی وڵاتانی ناوچەکە دەکات بۆ قۆستنەوەی ئەم کەلێنە ناوخۆییانە و هەرێمەکە دەکاتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی بەوەکالەت.

لە رەهەندی نێودەوڵەتیشەوە، ئەم پەرتەوازەییە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەو پشتگیرییە دروست دەکات کە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ هەرێمێکی یەکگرتوو هەیانە، بۆ نموونە، لە چەند رۆژی رابردوودا تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، بە روونی جەختی لەسەر پەیامی کۆشکی سپی کردەوە و رایگەیاند "یەکگرتوویی بۆ هەرێمێکی کوردستانی بەهێز، پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر." ئەم هەڵوێستە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردایەتیی هەرێم و بەرپرسە ئەمریکییەکاندا دووپات کراوەتەوە، کە تێیدا هاوڕاییەکی تەواو هەبووە لەسەر ئەوەی قەوارەی هەرێم دەبێت بە بەهێزی و یەکگرتوویی بمێنێتەوە، و کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن. پاراستنی ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە بەهێزەی نێوان هەرێم و ئەمریکا، بەتەواوی گرێدراوی پاراستنی نێوماڵی کوردییە.

گواستنەوەی ململانێکان بۆ بەغدا و پێشێلکردنی رۆڵی دەستووریی سەرۆک کۆمار
لەکاتێکدا دۆستەکانی کورد جەخت لە یەکڕیزی دەکەنەوە، ئاراستەیەکی مەترسیداری ناوخۆیی خەریکە ململانێکان دەگوازێتەوە بۆ بەغدا. تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵی لەسەر دانیشتنە یاساییەکەی پەرلەمانی کوردستان، و هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی پێگە و دەسەڵاتی سەرۆککۆماری عێراق (کە پشکی یەکێتییە) بۆ خزمەتکردنی ئەجێندایەکی حزبی و دروستکردنی هەرێمێکی تر یان لامەرکەزییەتێکی پچڕاو، پێشێلکارییەکی گەورەی دەستووری و نەتەوەییە.

بەپێی ماددەکانی (67 و 73)ی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار "پارێزەری دەستوور" و رەمزی یەکێتیی نیشتمانە و دەبێت نوێنەرایەتیی تەواوی گەل بکات. بەکارهێنانی ئەم پۆستە سیادییە وەک کارتێکی فشار بۆ لایەنگریی پارتێکی دیاریکراو و لێدان لە باڵێکی تری سیاسی، نەک تەنها متمانەی ئەم دامەزراوەیە لەکەدار دەکات، بەڵکو بەتەواوی لەگەڵ فەلسەفەی ناوبژیوانیی بێلایەنانەی پۆستەکەدا یەک ناگرێتەوە. سەرۆککۆمار و هەموو ئەوانەی وەک پشکی کورد لە بەغدا کار دەکەن، پێویستە پاسەوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بن، نەک ببنە ئامرازێک بۆ سەپاندنی فشاری حزبی بەسەر دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمدا.

لە رووی دەستووریشەوە، ماددەی (117) بەڕوونی دان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا دەنێت. هەر هەوڵێک بۆ ئاسانکاریکردن یان هاندانی مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگاکان لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی بڕینی پەیوەندییە کارگێڕییەکان لەگەڵ هەولێر، تیخێکی ژەهراوییە بەرەو جەستەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان. دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار دەبێت بەرگریکارێکی سەرسەختی تەواوی قەوارەی هەرێم و مەرکەزیەتی هەولێر بێت، بە پێچەوانەوە، هەر کارئاسانییەک بۆ لەتکردنی ئەم قەوارەیە، ناپاکیەکی نیشتمانی و نەتەوەییە لە دۆزی رەوای گەلی کوردستان.

پێویستیی یەکگرتوویی دامەزراوەیی
هەرێمی کوردستان تەنها قەوارەیەکی دەستووری نییە؛ بەڵکو بەرجەستەبوونی فیزیکیی سەدەیەک لە ئاواتەکانی کوردە. بۆ ملیۆنان کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەوەندی کوردی لە جیهاندا، هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەک و هێمایەکی گرنگی ئومێدە. داڕمانی دامەزراوەیی یان دابەشبوونی جوگرافی، رەوایەتیی سیاسیی بزووتنەوە کوردییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لاواز دەکات.

پاراستنی هەرێمی کوردستان وا دەخوازێت کە هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) دان بەوەدا بنێن کە مانەوەی دامەزراوەییان بەتەواوی وابەستەی یەکترییە. قەوارەیەکی سیاسیی مۆدێرن و خۆڕاگر ناتوانێت پشت بە دابەشکردنی ناوچەکان ببەستێت وەک زمانەی دڵنیایی (صمام أمان) بۆ کێشە سیاسییەکان. بەڵکو بەهێزکردنی پەرلەمان و دامەزراوە شەرعییەکان زەروورەتێکی هەنووکەییە.

بۆیە هەرێمی کوردستان لە قۆناخێکی چارەنووسسازدایە. سەرکردایەتییە سیاسییەکە رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت بووەتەوە: ئایا دەیانەوێت ئەندازیار و پارێزەری نێوماڵی کوردی بن، یان هۆکارێکی لەناوبردنی گەورەترین دەسکەوتی مێژووی نوێی کوردی بن، کە خەونی ملیۆنان کوردە و بە ئومێدەوە دەڕواننە هەولێر و سلێمانی وەک تاکە ئەزموون و پەناگەی کورد.